مەترسییە شاراوەكانی سوریای نوێ لە هەناوی جۆلانی دا
2/1/2025 9:44:00 PM
فەرەیدون بێوار
خۆناساندنی وەك سەرۆك كۆماری سوریای نوێ، لەدەرەوەی دەستور و یاسا و هەڵبژاردن و سازانی نیشتمانیی و رای پێكهاتە جیاوازەكان، لە رێورەسمێكی سەربازیی دا، بەئامادەبوونی چەند فەرماندەیەكی دەستەكەی، بەیانی بیر و پلان و بەرنامەی ناخی خوودی محەمەد جۆلانی بوو. ئەمە سەرەتا و دەستپێكە بۆ ئەو مەترسیی و بۆمبە چێنراوانەی كە لە داهاتوودا، لەسەر دەستی جۆلانی و كۆنتڕۆڵەكانی دەوروبەری، دەتەقنەوە.
ئەو پێی وتین: سوریای نوێ لە كۆن و عێراقی نوێ باشتر نابێت و بۆ رۆژئاوای كوردستان بگرە خراپتر و پڕ ئێشەتر دەبێت. هەر وەك چۆن لە ئێستادا عێراقی نوێ بووەتە گۆڕەپانی ڕمبازی و ململانێكانی ئێران و ئەمریكا، ئەوا سوریای نوێش لەداهاتوودا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێكانی توركیا و وڵاتانی رۆژئاوا و قوربانیدەرەكەش كورد و كوردستان دەبێت.
وا دوو مانگ بەسەر حكومەتە كاتییەكەی دەستەی تەحریری شام (دەتەشە) و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی تێپەڕی، هەرچەندە هەر لەسەرەتاوە و لە یەكەم بڕیاری بۆ پێكهاتەی كابینە كاتییەكەی، مەترسییەكان زەقبوونەوە و بە دیاركەوتن، كاتێك پرس و راوێژی بە هیچ پێكهاتە و گروپێك لە دەرەوەی دارودەستەكەی نەكرد و، تا ئێستایشی لەگەڵدابێت هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سوریا و ئامادەكارییەكان بۆ سازانی نیشتمانیی و نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی نەناوە، تەنانەت پوازێكی لە پەیوەندیی دیمەشق و كۆبانێ داوە، لەكاتێكدا كورد دووەم نەتەوەی پێكهاتەی سوریایە و لە ئێستا خاوەنی كیانێكی نیمچە سەربەخۆییە. لەگەڵ ئەمانەشدا ناوخۆی وڵاتەكەی لەبارێكی شڵەژان و سەربازییدایە و لەسەر دەستی ئەو، هەزاران كەس بەبێ دادگا و یاسا، بە پاساوی جۆراوجۆر و ناماقووڵ، زیندانەكانی ئەسەدییان لێ پڕ كراوەتەوە و، بە بەرچاوی هاوڵاتییان و میدیاكانەوە، ڕۆژانە لەسەر جاددەكان هاوڵاتی دەكوژرێن و تەنها لەسەر وشەی ئەوەی (پێی دەوترێت چەكدار نەك موجیهاد) هاوڵاتی مەدەنی دەكوژن. واتە دۆخێكی ترسێنەری خوڵقاندووە و كورد وتەنی: سەگی رەش و سپی لێكجیا ناكرێنەوە. كەچی میدیاكانی جیهان و وڵاتان چاویان لەو كۆمەڵكوژی و پێشێلكاری و بەربەرییە نوقاندووە و وڵاتانی ئەوروپی و زلهێز، پەیتا پەیتا سەردانی دیمەشق دەكەن و پشتیوایی خۆیان بۆ ئیدارەی نوێ ( كە جارێ هیچ نەبووە ) دەردەبڕن و ئامادەیی هەموو هاوكارییەك و سوككردن یان هەڵگرتنی سزاكانن، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، توركیا بەهەموو هێزی خۆیەوە، لەپێناو لاوازكردن و تا ئاستیی توانەوەی ئەزموونی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و (مەسەدە) و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، پشتیوانی لە جۆلانی دەكات و، پلانی مەترسیداری دوورمەوداش، تێكەڵكردنی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیایە بە سوپای نوێی سوریا، وەك توركیا ئاشكرای كردووە، ژمارەیان نزیكەی 85 هەزار چەكدارە، كە ئەم ژمارەیە لەداهاتوودا دەبنە سەر ئێشەی یاسایی بۆ هەسەدە و رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن لە ململانێكانی نێوان دیمەشق و كۆبانێ دا.
بێهەڵوێستی دیمەشق و خودی محەمەد جۆلانی و دارودەستەكەی، بەرامبەر بە هێرش و داگیركارییەكانی توركیا لە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و تەنانەت شەرعییەتپێدانی. هەروەها سەردانی وەزیرانی كابینەكەی و خودی خۆی بۆ وڵاتان بەڵام سەردانی نەكردن و دیالۆگ نەكردن لەگەڵ فەرماندە مەزڵوم كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان و تەنها لە رێگەی میدیاوە ناردنی پەیامی عاتیفی و هەڕەشەئامێز. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن: جۆلانی جگە لە كارەكتەرێكی ئەردۆغانیزمی و جێبەجێكاری پلانەكانی توركیا و بەشێكی رۆژئاوا، هیچی تر نییە و دیكتاتۆرێكی نوێ دەبێت لە بەرگی بابانۆئێل دا.
بۆیە من پێموایە، تا كارلەكار نەترازاوە، كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت بكەوێتەخۆیی و راستوڕەوان و راستەوخۆ لەگەڵ دۆستەكانی و دیمەشق و گروپەكەی جۆلانی، بكەوێتە دیالۆگ و پلان و پڕۆژە و ستراتیژییەتی خۆی بۆ سوریای نوێ و داهاتووی كورد بخاتەڕوو، هەر لە ئێستاوە لە بونیادنانی سوریای نوێ هاوبەش و بەشدار بێت نەك پشكە بەشێكی پێبدرێت، ئەگەر سەری گرت ئەوە باشتر، دەنا هەر لە ئێستاوە ئەو پەیوەندییە تێكبچێت باشترە كە هێشتا جۆلانی پایەی كورسی دەسەڵاتی دانەكوتاوە، دەنا لە داهاتوودا، كە جۆلانی خۆی گرت و حكومەتەكەی بووە دەستەكەلای توركیا و وڵاتانی رۆژئاوا، ئەوكات پێگە و هەڵوێستی كورد لاواز دەبێت و هیچیشی بۆ ناكرێت. بۆیە كورد دەبێت وریا بێت رۆمانی (گێڵگەی ئاژەڵان)ی لەسەر دووبارە نەبێتەوە.