ئەو کەسەی خێزانە هەشت کەسیەکەی کوشت بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو
04:55 - 06/04/2025
زەمەن _ عێراقی
دادگای تاوانەکانی ڕەسافە، سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی خێزانە هەشت کەسییەکەی بەغداد دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی نیسانی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دادگای تاوانەکانی رەسافە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سێ تاوانبار دەرکرد، لەنێویاندا ژنێک، بەهۆی کوشتنی خێزانێک لە ناوچەی سەدری بەغدا، کە هەشت کەس بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژی ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤، پۆلیسی رەسافە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هەواڵ گەیشت کە رووداوێکی کوشتن لە شاری سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت سێ کەس کە ژنێک و دوو منداڵی کچن کوژراون، دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ کامێراکانی چاودێری، بکوژەکە دۆزرایەوە کە دانیشتووی ناوچەی حەمیدییەی کشتوکاڵییە، هێزەکە چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی، ماڵەکەیان پشکنی و بکوژەکە و هاوسەرەکەی دەستگیرکران.
هاوکات، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا، پێنج تەرمی دیکە دۆزرانەوە، کە هەمان خێزانی قوربانی بوون، بۆیە هەموو ئەندامانی خێزانەکە کە لەناو ماڵەکەدا بوون دەستگیرکران و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، دانیان بەوەداناوە کە قوربانییەکەیان فریوداوە و لەگەڵ چوار منداڵەکەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا کوشتوویانن، پاشان چوونەتە ماڵی قوربانییەکە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان کوشتووە، کە دوو منداڵی کچ و پورێکیان بووە. کارەکەشیان بۆ دزینی پارە کردووە.