چەند سەرنجێکی کورت لەسەر رێککەوتنی کۆبانی و جۆلانی...
3/12/2025 10:05:00 AM
فەرەیدون بێوار
1: هەمیشە ئاشتی و ڕێککەوتن لە جەنگ باشترە.
2: نەریتی دانوستان وایە، واتە دان و ستاندن، ڕەنگە کورد زیاتر ببەخشێت و کەمتر وەربگرێت.
3: لەم دۆخەدا کورد هەوڵی مانەوە و پاراستنی ئەزموونەکەى دەدات و دەیەوێت خۆی لە هێرشەکانى داعش و گروپە چەکدارەکان و تورکیا بپارێزێت.
4: راستە دەستکەوتەکان گەورە نین و هێندەى ئەوەى قەبارەى هەرێمی کوردستان نابن، بەڵام سەرەتایە بۆ داهاتوویەکی گەشتر.
5: ئەوەى جێی سەرنج و نیگەرانییە، ئەوەیە کە وەک نەتەوە ناوى کورد نەهاتووە، بەڵکو دەڵێت: کۆمەڵگەى کوردی.
6: کابرا جارێ بەفەرمى هیچ نییە، کەچی خۆی وەک سەرۆککۆماری هەمیشەیی ناساندووە و سوریاشی کردوە بە عروبە، ئەو عەقڵییەتە خراپە.
7: لە رێککەوتنەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە سیستمی سیاسی داهاتووى سوریا و پێناسەی وڵات و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی نەکراوە.
8: لە ڕێکەوتنەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە هەڵوەشاندنەوەى هەسەدە و مەسەدە و تەنانەت مانەوە و داهاتووشییان نەکراوە. (دەکرێ خاڵێکی ئەرێنی و هەم نەرێنی بێ)
9: ئەم ڕێککەوتنە سەرەتایە و چوارچێوەیەکی گشتییە و کۆنکرێتی نییە، رەنگە لە وردەکاری و پشت پەردەوە هەندێک شت ڕوو بدات، کە لە پێشبینی و تێفکرینی ئێمەدا نەبێت.
10: دەشکرێ ئەم رێککەوتنە دەرێژکراوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا بێت و بەشێک بێت لە پڕۆژەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان.
11: بارودۆخی سوریا، بەتایبەتی داهاتووی دەتەشە و محەمەد جۆلانی و شەڕی گرووپ و پێکهاتەکان، وەڵامدەرەوەى ئەوە دەبن ئایا: هەر بەراست دەیانەوێ بە هاوبەشی و برایەتی لەگەڵ کورد بژین یان لەژێر فشاردا ئەم رێککەوتنە کراوەو هەمان عەقڵییەت و سیستمی سیاسیی بەشار ئەسەد دووبارە دەکەنەوە؟