لە ئۆجەلانەوە بۆ ئەردۆغان... یارییەکە دەستی پێکرد..
3/1/2025 11:12:00 AM
فەرەیدون بێوار
پەیامەکەی عەبدوڵا
ئۆجەلان لە رووی سیاسی و نیەتپاکییەوە، کارێکی باشە، هەر چەندە رەخنەی ئەوە هەیە کە
پەیامەکە تاکلایەنە بۆ پەکەکەیە، هیچی بۆ دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان تێدا نییە، بەڵام
کۆمەڵێک کۆد و چەمک لەناو وتارەکەیدا هەن، کە پێویستییان بە خوێندنەوەی وردترە. وەک
دەوترێت: سیاسەت ئەوە نییە کە دەوترێت، بەڵکو ئەوەیە کە لەپشت پەردەوە روو دەدات،
واتە لەپشت کامێرەکانەوە، چەندین کۆبونەوەی نهێنی و رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە کراوە
و داواکەى ئۆجەلانیش هەروا لەخۆڕا نییە، دەنا داواکەی ئۆجەلان لە پەکەکە بۆ چەکدانان
چاوەڕانکراو بوو، لەرووی واقیعیشەوە داوایەکی لۆژیکییە، چونکە خەباتی چەکداری لەم
سەردەمەدا بەسەرچووە و بە کڵانشیکۆف بەرامبەر بە درۆن و چەکی ئەتۆم و زیرەکی دەستکرد
و سەردەمی تەکنەلۆژیا، شتێکی ئەتۆ بەرهەم نایەت ، بۆیە پێویستە جۆری خەبات بگۆڕێت
بۆ جەنگی سیاسی و دیپلۆماسی و کاری پەرلەمانی، ئنجا لەناو فەرهەنگی پەکەکەشدا هەڵوەشاندنەوەی
حیزب و دروستکردنەوەی، کارێکی ئاسان و سادەیە.
*
پەکەکە بەفەرمی،
پڕۆژە و پەیامی رێبەرەکەى، هەر لە چەکدانان و بەستنی کۆنگرە پەسەند کرد و تاکلایەنە
ئاگربەستی راگەیاند و ئامادەیی خۆی بۆ پڕۆسەى ئاشتی دەربڕی، بەڵام بەو مەرجەى ڕێبەرەکەیان
ئازاد بکرێت و راستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆسەکە و کۆنگرەی حیزبەیان بکات و مەرج و
داواکارییەکانیشی لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە جێبەجێ بکرێن و پێداویستییەکانى پڕۆسەکە
دەستەبەر بکرێن و داوای گرەنتی دەکات.
*
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا
وەک کۆد، چەمکەکانی (دیموکراسی، ناسنامە، ئازادیی فکر، کۆمەڵگەی سیاسی و..) بەکارهێناوە،
کە پەیامن بۆ دەوڵەتی تورکیا و پێویستە ئەویش هەنگاو هەڵگرێت بۆ چارەسەریی پرسەکە.
دوای وەڵامدانەوەی ئەرێنی پەکەکەش بۆ بانگەوازەکە، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی رەجەب تەیب
ئەردۆغان و دەوڵەتى تورکیایە، کە نیەتپاکی خۆی نیشان بدات و ئامادەیی خۆی بۆ هەمواری
دەستوور، خوێندن بە زمانی کوردی، هەمواری یاسای پارتەکان و هەڵبژاردنەکان، بەشداری
سیاسیی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵات، لێبوردنی گشتیی بەبێ مەرج، دەرببرێت و هەنگاوی کردارەکی
بنێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە هەنگاوەکانى دەست پێبکات.
*
ئەردۆغان و
تورکیا، دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەدور بێت لەپریشکی گۆڕانکارییەکان و ئاڵۆزییەکانی
ناوچەکە، بەناوی پرۆسەی ئاشتی، رای کۆمەڵگەی نێودەڵەتی و ناوخۆییان پێوە مەژغوڵ
کردووە، بۆیە لەمڕوەوە جارێ گومانی باش بە ئەردۆغان و حکومەتەکەی نابڕیت، بەڵکو دیدگای
دەوڵەت و ئەردۆغان، وەکخۆیان دەڵێن: پرسی تیرۆر و تورکیایەکی بێ تیرۆرە، کە مەبەست
لێی پەکەکەیە. بۆیە بەلای ئەردۆغانەوە، شتێک نییە بەناوی چارەسەریی پرسی کورد، بەڵکو
چەکدانان، خۆهەڵوەشاندنەوە، خۆڕادەستکردنی پەکەکە، هەیە..
هەر چەندە لەیەکەم
لێدوانیدا دواى پەیامەکەى ئۆجەلان، ئەردۆغان بە ئومێدەوە باسی پڕۆسەکەى کرد و پەیامەکەى
ئۆجەلانی بۆ چەکدانانى پەکەکە بە دەرفەتێکی مێژویی ناوبرد و باسی کرانەوەى دیموکراسی
کرد، بەڵام لەکاتی راگەیاندنى پەیامەکە چەند جارێک باشوری کوردستانى بۆردومان کرد
و تا ئێستایش، رۆژانە دەیان کەس بەتۆمەتی پەکەکە لەباکوور دەستگیر دەکرێن و قەیوم
بۆ سەرۆک شارەوانییەکانی دەمپارتی دادەنێن و لەسەر کوردبوون لە رۆژئاوای کوردستان
و باشووری کوردستان، کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی دەکات و تەنانەت لەهەوڵی لەناو بردنی
ئەزموونی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا و لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان دایە، بۆیە
هەڵکردن لەگەڵ ئەمجۆرە عەقڵییەتە قورسە و پشوودرێژی دەوێت.
*
پەیامەکەی ئۆجەلان
سەرەتایە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە نەک خودی پڕۆسەکە، ئەمە دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو
قۆناغێکی نوێوە، ئەم پڕۆسەیە درێژخایەن دەبێت و کاتى زۆری دەوێت، قۆناغەکانى
داهاتو پێویستی بەوەبێت ئۆجەلان لەزیندان بێتەدەرێ و راستەوخۆ لەگەڵ قەندیل و دەوڵەتی
تورکیا دیالۆگ بکات و سەرپەرشتی قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە بکات، ئنجا دوای رێککەوتن و
بەرنامەڕێژی و دانانی مێکانیزم و رێککارەکان، ئەوسا قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات، کە
قۆناغی پراکتیکییە و چەند ساڵێک دەخایەنێت و پڕۆژە و پڕۆسەکە پێویستی بەچوارچێوەیەکی
یاسایی و پەسەندیی پەرلەمانە، بۆ بەفەرمی بناسرێت.
*
سەرپێخستنی ئەم
پڕۆسەیە، پێویستی بە خودی ئۆجەلان و گۆڕینی عەقڵییەتی ئەردۆغان و سیاسەتی حکومەتەکەیەتی،
بەپێچەوانەوە شکستهێنانی، بە زیانی کورد و پەکەکە دەشکێتەوە و لەجاران باجدانی
قورستر دەبێت و ئەوسا ئەردۆغان پەیامەکەی ئۆجەلان وەک چەک لەدژی کورد و پەکەکە، لەکۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا بەکار دەهێنێت، یەڵام جارێ زووە باسی شکستهێنانی پڕۆسەکە
بکەین و دەبێت چاوەڕێی ڕۆژانی داهاتوو بکەین، بزانین تورکیا چی دەکات؟؟؟