291 دیمانە

حەكیم عوبێد، باژێڕەوانی كەركوكی گۆڕان: داوا لەسەرۆكایەتی هەرێم دەكەین كۆبونەوەیەكی باڵا رێكبخات

11:06 - 03/07/2023

زەمەن

دیمانە: فەرەیدون بێوار

لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ " زەمەن"، حەكیم عوبێد، باژێڕەوانی شاری كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان، تیشك دەخاتە سەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە دوای 18 ساڵ ئەنجام دەدرێت و  جەخت لەسەر یەكلیستی لایەنە كوردییەكان لەكەركوك دەكاتەوە و  هۆشداری دەدات، كە ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد سەنگی مەحەكە و  دەشڵێت: ئەگەر ئەمجارە كورد بدۆڕێت، دۆخی كەركوك زۆر خراپتر دەبێت.
داواش لەسەرۆكایەتی هەرێم دەكات كۆبونەوەی لوتكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بەمەبەستی هێناكایەی یەكلیستی، ئەنجام بدات.

زەمەن: بایەخ و گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەچیدا دەبینن بەتایبەت كە لە 2005وە هەڵبژاردنی تێدا نەكراوە؟

حەكیم عوبێد: راستە لەساڵی 2005وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەكەركوك نەكراوە، ئەوەش زوڵمێكی گەورە بووە لە دانیشتوانی كەركوك كراوە، بەتایبەتی پێكهاتەی كورد، هۆكارەكەشی ناتەبایی نێوان پێكهاتەكان و بەتایبەتی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی بووە.
بۆ كورد هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگترە، چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبردن و رێكخستنەوەی شارەكەوە هەیە.
هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ كورد لە كەركوك چارەنووسسازە و سەنگی مەحەكە، بۆیە پێویستە لایەنە كوردییەكان بەتایبەتی یەكێتی و پارتی خۆیان رێكخەنەوەو یەكڕیز و تەبا بن.

زەمەن: مشتومڕی پرسی فرەلیستی و یەكلیستی دروست بووە، وەكو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چ بژاردەیەكدان؟
حەكیم عوبێد: كەركوك پرسێكی نەتەوەیی نیشتمانییە، ئەگەر هەر لایەنێكی سیاسیی بەوچاوە سەیری پرسی كەركوك نەكات، ئەوا كەركوك بەرەو دۆخێكی خراپتر دەبات.
ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكە هاتۆتە پێش بۆ لایەنە كوردییەكان، بۆ ئەوەی ئەوەی لەرابردوو لەدەستیان داوەو دۆڕاندوویانە، لەرێگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەوە بەدەستی بهێننەوە.
ئێستا دەسەڵاتی كوردی لە شاری كەركوك بەتەواوەتی لاواز بووەو زۆربەی پۆستەكانی لەدەستداوە،  بۆیە ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازێكمان كرد ، كە لەئاستی لوتكەدا كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەبچێت، چونكە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی گەیشتبووە دۆخێك كە خەڵكی ترسی شەڕی براكوژی لێ نیشتبوو، بەڵام بەداخەوە گوێیان نەگرت و كۆبوونەوەكە نەكراوە.
ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەكەینەوە كە لەم قۆناغەدا یەكلیستی كوردی، نەتەوەیی نەك حزبی، بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان چارەسەرێكی گرنگە. ئەگەر یەكلیستی دروست نەكرێت و بەفرە لیستییەوە كورد بەشداری بكات، ئەوا بارودۆخی كەركوك لەمەی هەیە خراپتر دەبێت و بەشێوەیەكی یاساییی شكستێكی تر بەسەر بزوتنەوەی كوردیدا دێت.

زەمەن: ئەگەر ئەو یەكلیستیەی پێتان باشەو داوای دەكەن نەیەتەدی، لێكەوتە خراپەكانی چی دەبێت؟
حەكیم عوبێد: ئەگەر كورد بە یەكلیست بەشداری نەكات، رەنگە پێكهاتەی تر بتوانێ زۆرینەی كورسییەكانی كەركوك بەدەست بهێنێت و پۆستەكانی پارێزگار و ئەنجومەن و پۆستە گرنگەكانی تر لەدەست دەدات.
هەتا ئێستا پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتە، چونكە بەركەوتەی  لیستی برایەتییە كە لەساڵی 2005 زۆرینەی كورسییەكانی هێنا.
ئەم قۆناغە ئەوە لە كورد دەخوازێ ئەوەی لەدەستمان داوە لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە بەدەستی بهێنینەوە. ئەمەش بە یەكلیستی و تەبایی دەكرێت نەك فرە لیستی و ناكۆكی.

زەمەن: لایەنی عەرەبی و توركمانی ئامادەكاریەكانیان چۆنە بۆ هەڵبژاردنەكە؟ ئایا ئەوان لە لایەنی كوردی لەناوخۆیان یەكگرتوو ترن؟
حەكیم عوبێد: ئێستا پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان كار لەسەر ئەوە دەكەن كە چۆن ماڵی ناوخۆیی خۆیان رێكبخەنەوە. رەنگە ئەمە بۆ ئەوان ئاسانتر بێت و پێشبینی دەكرێت دەوڵەتیش هاوكارییان بكات.
ئەوان هەوڵدەدەن سوود لەو بۆشاییە وەربگرن كە لەناو ریزەكانی كورددا هەیە و دەیانەوێ دەنگی یەكەم بهێنن. ئەوەش شتێكی ئاسایی و یاسایی و مافی خۆیانە خۆیان رێكبخەنەوە. كەسیش دەستی كوردی نەگرتووە، با ئێمەش ماڵی خۆمان رێكبخەینەوە.
ئەو ناكۆكی و ململانێێەی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەبوو دوای روخانی رژێمی بەعس، هێنایانە ناو كەركوكەوە، كە نەدەبوو كەركوك ئەو ململانێ حزبییەی تێدا بكرێت، بەڵكو دەبوو كوردایەتی تێدا بكرێت.
بەداخەوە لایەنێكی سیاسیی كوردی بەئاشكرا دەڵێت: یەكلیستی لەكەركوك دروست ناكرێت، ئەوە بزمارێكە لە نەخشی یەكلیستی كوردی دەدرێت.
لێرەوە داوا لەسەرۆكایەتی هەرێم دەكەم، كە ئەركێكی مێژوویی و نەتەوەییی لەسەرە، كۆبونەوەیەكی باڵا رێكبخات بە بەشداری لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان بۆ ئەوەی بتوانین یەكلیستی لەكەركوك دروست بكەین.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن