بەهۆى شەڕى پەرلەمانتارانى کورد و سونە دانیشتنى پەرلەمان دواخرا
06:38 - 29/10/2024
زەمەن - عێراقى
ئەمجارەش لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق نەتوانرا دەنگدان لەبارەى سێ پرۆژەیاساى گرنگ بەڕێوەبچێت کە یەکێکیان تایبەتە بە کورد، بەهۆى دروستبوونى گرژى لەنێوان پەرلەمانتارانى کورد و سونە دانیشتنەکە دواخرا.
سەرچاوەیەک لە پەرلەمانى عێراق بە زەمەنى راگەیاند، گرژییەکەى نێوان پەرلەمانتارانى کورد و سونە لەسەر پرۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانەیە بۆ خاوەنەکانیان کە بە بڕیارى ئەنجومەنى قیادەى سەورەى رژێمى پێشووەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و ئێستا موڵکى عەرەبە هاوردەکانن کە هەموویان سونە و کۆنەبەعسین.
دانیشتنى ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدانبوو لەسەر سێ پرۆژەیاساى گرنگ کە یەکێکیان تایبەتبوو بە گەڕاندنەوەى موڵکوماڵکى هاووڵاتیان بە بڕیارێکى ئەنجومەنى قیادەى سەورە، هەروەها دەرکردنى لێبوردنى گشتى بۆ زیندانییان کە لە بەرژەوەندى سونەکان بوو، هەروەها هەموارى پرۆژەیاساى بارى کەسى کە شیعەکان پشتیوانى دەکەن، بەڵام بەهۆى دروستبوونى گرژى لەنێوان پەرلەمانتارانى کورد و سونە دانیشتنەکە هەڵگیرا.