964وتار

حەفتانین و ئەنفال ، دوو بۆسە لە دوو مێژوی لێک چودا!

6/22/2020 4:44:00 PM
خالید ڕەزا ئەمین

ئەنفال:

لە پێش دەسپێکردنی هێرشەکەدا، لە سەرچاوە تایبەتییەکانی خۆمانەوە هەواڵمان پێ گەیشت بو، کە عیراق لە ڕیگای ئاگاداری ئیستخباراتی خۆیەوە دڵنیا بوە لەوەی ئیران توانای هێرشی گەورەی نەماوە و، نیازی هیچ هێرشیکی گەورەی نیە، بۆیە ئەتوانن بێ ترس بەشێکی هێزەکانیان لە جەبهەکانی عیراق- ئێران بکێشنەوە و، پەلاماری بارەگاکانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بدەن. هەندێ لەو بروسکانەی پێمان ئەگەیشتن ڕاستەوخۆ لە (دیوان الرئاسە)ەوە ئەنێردران بۆ سەرکردایەتی هێزەکانی جەیش.
 بۆ پەکخستنی هێرشيکانی عیراق زنجیرەیەک چالاکی پێشمەرگەیی لەسەر جادە گشتیەکان ئەنجام درا. لەناو ئەوانەدا یەکێکیان لە هەمویان گرگتر بو. پێش دەس پێکردنی هێرشەکان هەندێ لە ئەندامانی (القیادە العامە للقوات المسلحە) لەگەڵ چەند قائید فەیلەق و قائید فیرقەیەک کە ئەبو نەخشەی هێرشەکە جێبەجێ بکەن بۆ داڕشتنی دوا دێڕەکانی نەخشەی ئەنفال هاتنە ناوچەکە لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەرجادەی دوکان- سلێمانی بۆسەیەکیان بۆ دانرا. لەبەر ئەوەی هەمویان ئەفسەری پلە بەرز و، هەریەکەیان (حمایە )ی خۆی لەگەڵ بو کاروانەکەیان ناڕیک و پێک بو. بەرایی هێزەکەیان کە ئەگاتە نزیک بۆسەکە. جاشێک لە ڕەبیئەیەکی نزیک جادەکە بە ڕاکردن ئەیانگاتێ و ئەڵێ ٥٠ (مخرب) بۆسە یان بۆ داناون بگەڕیینەوە. کابرای ئەفسەر تا ئاگاداری کاروانەکە ئەکا بگەڕینەوە بەرایی هێزەکە ئەگاتە ناو بۆسەکە. چەند سەربازێ ئەکوژرێ و لۆریەکیان لێ ئەگیرێ بەڵام کاروانەکە بەسەلامەتی بەرلەوەی بگاتە ناو بۆسەکە ئەگەڕێنەوە دواوە. وەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ٩١ دا لە بەغدا عقیدرکن ولید، کە جاشەکە ئەمی وریا کردبوەوە و، دواتر وەکو فریق اول رکن نزار خزرجی لە سەفەرێکی لەندەنی دا بۆ یان باسکردم ئەگەر بکەوتنیاتە ناو بۆسەکەوە لەوانە بو نەخشەی ئەنفالی ١ بە کوشتنی ئەمانە بە تەواوی پەکی بکەوتایە (١).

حەفتانین:
شەوی ١٦/١٧ ی حوزەیرانی سالی ٢٠٢٠ لە ناوچەی حەفانین ی سەر بە ناحیەی باتوفە ،سپای داگیرکەری تورک بە باری ٨ هالیکۆپتەر نزیکەی ٣٠٠ سێ سەد کۆماندۆی شەڕکەری دابەزاند، بە مەبەستی ئابلوقەدانی ئەشکەوتێک کە بەپێی زانیاریە هەوالگریەکانی میت و هەوالگری سەربازی بەشیکی زۆر لە سەرکردەو فەرماندەکانی پارتی کرێکارازنی کوردستان (پەکەکە) لە هێڵی بەرگری یەکەم بۆ پاراستنی قەندیل لێیە و سەرەتای هێرشە فراوانەکەیان بۆسەر قەندیل پەکەکە بە خەیاڵی خۆیان بەو گورزە لە گەریلا، دەست پێ بکەن.
 خۆشبەختانە گەریلا پێشتر بە پیلانەکەی فاشستەکانیان زانیوە و، لە پێش گەیشتنی گورگە بۆرەکانی تورک ئەوان بۆسەیەکی پارتیزانانەیان بۆ داناون، کە تیایدا وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسیانکردوە بەچەکی پێشکەوتو، کۆماندۆکانی سپای داگیرکەری تورک یان خستە ناو تەپکەی گەریلاوە و گورزێکی کەمەر شکێنی وایان تێ سرەواندن کە نەخشە گڵاوەکەی فاشیەکانیان پەک خستوە. 
لە دەستپێکی ئەنفالەکاندا وەک کاک نەوشیروان لە کتێبەکەیدا لە زاری فەرماندەکانی بەعسەوە ئەیگێڕێتەوە، ئەگەر جاشە کە نەبوایە لەوانە بو پلانی پرۆسەی ئەنفالەکان پوچەڵ ببوایەتەوە. جاشێکی خۆفرۆش پلانی پێشمەرگەیان بۆ لە بۆسەنانی سپای داگیرکەری بەعس هەڵوەشاندوە، کێ ناڵێ ئێستە ئەو جاشە بە پلەی بەرز، بەرزتر لەو پێشمەرگانەی کە بۆسەیان بۆ لەشکری بەعس نابوەوە، لە لای یەکێ لە دوو حیزبەکە وە بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە، خانەنشین یان نەکردوە؟
هیوادارم بۆسە لوت شکێنەکەی حەفتانین سەرەتای تێکشکاندنی  نەخشەی ئۆپەراسێۆنەکانی سپاسی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەریلا و قەندیل. 
 داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ کانێک دا سڵیان لە تاوان بەرامبەر شۆڕشی کورد نەکردۆتەوە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان و شکست بۆ داگیرکەران. نەفرەت لەوانەی ناپاکی لە نیشتمانی خۆیان ئەکەن.
(١)  سەرچاوە:  نەوشیروان مستەفا خولانەوە لە ناو بازنەدا ل ١٤١-١٤٢

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن