491وتار

هاوارێک بۆ بەردەم دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم

1/25/2022 8:59:00 AM
خالید ڕەزا ئەمین

بەداخەوە زمانی کوردی و رێنوس و رێزمانەکەی لە ژێر هەڕەشەدایە!
ئەمەش بەهۆی نەبوونی سەنتەرێکی نیشتمانیی زمانی کوردی. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کۆڕی زانیاری کورد هەبوو کە خزمەتێکی گەورەی بە زمانی شیرینی کوردی کرد. ئەفسوس لەسەردەمی حوکمی خۆماڵی دا نەک دەزگایەکی وامان نیە، بەڵکە بوە بە پاشاگەردانی.

ئێستە، ڕۆژانە لەگەڵ زۆر وشە و دەستەواژە و زاراوەی ناقۆڵا کە لە تەلەفزیۆن، رۆژنامە، ماڵپەڕ و بەگشتی لە سۆشەڵ میدیا بڵاو دەبێتەوە، هەم دەستوپەنجە نەرم دەکەین، هەم خەم لە تیکدانی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی دەخۆێن. ڕەنگە بۆهەندێک لەوانە ئازارەکان کەمتر بن، بەڵام کاتێک لۆگۆی دائیرە فەرمییەکانی حکومەتەکەمان ئەبینین هەڵەی نوسینیان تێدایە خەمەکان گەورەتر دەبن. خۆ ئەگەر چاوێک بە کتابە فەرمیەکانی وەزارەتەکاندا بخشێنین ئەوە لەخەمەوە سەردەکێشێ بۆ شیوەن و پرسە دانان بۆ مەرگی زمانی شیرینی کوردی.

لێرەدا تەنها لۆگۆی  هاتوچۆی قەزایەک و  سێ پارێزگای هەرێم دەخەمە ڕوو کە تەنها لە دوو وشەدا تێکڕا هەمان هەڵەی ڕێنووس یان دووبارە کردۆتەوە.

لەوانە: لەسەر لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی قەزای کۆیە و هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، نوسراوە:

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کۆیە، هەولێر، سلێمانی.

کە لەڕاستییدا دەبێ ئاوا بنوسرێ:

بەڕێوەبەرایەتی بکرێ بە : بەڕێوەبەرایەتیی
هاتووچۆ بکرێ بە: هاتوچۆ

نوسینی سەر لۆگاگان دەبن بە : بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی...

 واتە دەبێ (ی) خستنە سەر بۆ بەڕێوەبەرایەتی زیاد بکرێ. (و) یەکی هاتوچۆ لاببرێ

بەڵام لە لۆگۆکەی پارێزگای هەڵەبجەدا دەبێ، دوو (ی) بۆ نوسینەکە  زیاد بکرێ، (و) ێکی هاتووچۆ لاببرێ. چونکە ئەوان نوسیویانە:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵبەجە.

واتە دەبێ بنوسرێ:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە.

(ی) یەک بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی و (ی ) ێكیش بخرێتە سەر گشتی. (و) ێکیش لە هاتووچۆ کەم بکرێتەوە
بەرێوەبەرایەتی بکرێ بە: بەڕێوەبەرایەتیی؛
گشتی بکرێ بە: گشتیی
هاتووچۆ بکرێ بە: هاتوچۆ.

بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕ بکەن و ئەم هەڵەی نوسینە ڕاست بکەنەوە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن