شەن و کەو! (ئەڵقەی شەشەم)
9/9/2020 4:56:00 PM
خالید ڕەزا ئەمین
ئەڵقەی شەشەم
مێژوی شۆڕشێک بە کۆنە جاشێ نانوسرێتەوە!
شەوبو هەر پێشمەرگە و بەفر
بە بناری شاخەوە بون
کەبەفر نوست
ئەوان ورد ورد هاتنە خوارێ (١).
بەگرنگم زانی ئەم روداوانە بۆ مێژو تۆمار بکەم، کە بەشێکی بچوکە لە تاوانی رژیمی بەعس بەرامبەر خەڵکی شار کردویەتی و بوە بە بەشێک لە مێژوی شارەکەمان و ئەگەر تۆمار نەکرێن وەک دەیان روداوی تر لەبیر ئەچنەوە.
لە ئەڵقەکانی پشودا بە بەڵگە و فاکت سەلماندمان کە سیناریۆ گاڵتەجارییەکەی کەریمە شەل لە درۆ و خۆهەڵکێشان زیاتر هیچی تر نەبو.
بۆ زیاتر لێکۆڵینەوەی مەیدانی و دەرخستنی راستیەکان بە هاوکاری هاورێکانم بەردەوام بوم لە سۆراخکردنی هەر روداویک کە لەو گوزەرە رویان دابێ. لە رێگەى کاک فەرەیدون جەلالی هاوڕێمەوە لە ئێوارەی (٣١) ئابی سالی (٢٠٢٠) دا و لە دو کاتی جیاواز و نزیک لەیەک دا پیکەوە قسەمانکرد لەگەڵ کاک عەبدوللای حاجی محەمەد کە جاران دوکانی پێلاوی هەبو ئێستا زەرەنگەری سیوەیلی هەیە بەرامبەر بازاری وەسمان پاشا، پرسیاری ئەوەم لێکرد بەپێی ئاگاداری تۆ لەو گوزەرەدا لە مانگی تەموزی (٨٤) و لەکاتی مفاوەزاتی یەکێتیی و رژیم دا، روداوی کوشتنی ئەفسەرێک و چوار سەرباز روی داوە؟ وتی نەخێر بەهیچ جۆریک لە حەوزەوشکەکە شتی وا ڕوی نەداوە. ئینجا باسی دو روداوییکرد کە لەسالی (٩٨٨) دا رویانداوە، بەڵام بە دروستی بەروارەکەی لەیاد نەبو بۆیە پێێ باش بو لەگەل کاک رزگاری حاجی جەلالی حاجی حەمەد کە خۆی لەو شوێنە بریندار بوە، پەیوەندی بکەین.
هەردوای ئەوە پەیوەندیمان لەگەل مامۆستا ڕزگارکرد، سەرەتا لە مامۆستا رزگارم پرسی ئەمانەوێ بزانین کە ئایە لە مانگی ٧ ی ساڵی ١٩٨٤ لەکاتی مفاوەزاتی یەکێتیی و رژیم دا بە بیرت بێ ئەفسەرێک و چوار سەرباز لە حەوزە وشکەکە کوژراون؟ وتی شتی وام نەبیستوە.ئینجا وتی کاک خالید من باسی دو روداوت بۆ ئەکەم کە هەردو روادوەکە یەکیکیان ڕیک لەبەردەم دوکانی خۆماندا بو، ئەوی تریش هەر تەنیشتی خۆمان بو بەردەم بازاڕی زێرین تەنیشت بازاڕی ڕێناس بازاڕەکەی شەهید ئاراس. کە لە یەکیکیان دا خۆم برینداربوم.
مامۆستا رزگار بەم جۆرە هەردو ڕوداوەکەی بۆ گێڕاینەوە:
وەک ئێستە لە بیرمە سەعات سێ و بیست دەقەی رۆژی ٢٤/٨/١٩٨٨ بو، سێ ئیسخبارات کە یەکی دەمانچەیەکیان بە لاقەدەوە بو گەیشتنە بەر دوکانەکەی ئیمە (زەرەنگەری هەستیار) ئەکەوێتە سەرسوچی بازاڕی زێڕین، لە پڕلەبەردەم دوکانەکەی حاجی عەزیزەوە هەرسیانیان تەقەیان لێکرا.
دوانیان بریندرابون و ئەویتریان ڕایکرد. زۆری نەبرد ئەمن و پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە.
ئێمە چوار مەدەنی بەرکەوتین و برینداربوین، برینداری من لە هەمویان سەختربو بە سەیارەیەکی نەجدە بردیانم بۆ خەستەخانە، لەسەر نەقالەکەبوم ملازم عەلی هاتەسەرم وتی دەستی تۆی تیایە.
تا ئەم کاتەی قسەت لەگەل ئەکەم فیشەکەکە لە پشتم دایە. یەکێکی تر لە بریندارەکان کاک جەلال حەمە رەشید ئێستەش لە مەڵبەندە. یەکیکی تریان خوالیخۆش بو کاک جەلالی حاجی مەحمود بو، ئەوی تریان کاک فەرەیدون عەبدوللا محەمەد بو. چیرۆکی تەحقیق لێکردمان دورو دریژە... لە تەحقییق کردندا ئەیان وت ئێوە لە حالەتی وادا هەموتان رائەکەن بۆ ئەوەی ئەوانەی کارەکە ئەکەن نەناسرێنەوە. نابێ راکەن...
روداوی دوەم نزیکەی مانگ و نیوێک دوای ئەم ڕوداوە بو، لەهەمان شوینی روداوی پێشو لە بەردوکانەکانی بازاڕی زێرین دا بو ئەفسەرێکی دو نەجمە کوژرا بەدروستی بەروارەکەی نازانم. ئەوەبو ئێوارەکەی بەشێک لە قەیسەری نەقیب یان سوتاند،شۆڤل یان هێنا نزیکەی دە دوکانێکیان روخاند.دوکانی مامم بەهادینی حاجی محەمەد و حاجی عەزیزو کاک جەمال فەتاح یان تەختکرد.ئینجا شۆڤڵەکە توانی بچێتە ناو بازاڕی زێرینەوە. ئەو دوکانانەی پشتیان بە مزگەوتی هەلاجەکانەوە بو ئەوانەی بەرامبەریشیان ڕوخاند، ئەو دوکانانەی چەند قاتیک بون بەدەمە شۆڤڵ دەرگا ودەڕابەکانیان تێک شکاندن نەیان توانی بیڕوخێنن، ئەوانەی ئەرزی بون تەختیانکردن. شەوەکەی لە قەیسەری نەقیب هەندێک لە دوکانی عەتر و عتوریان فەرهودکردبو ، ئینجا ئاگریان تێ بەردابو بەشێک لە بازارەکەیان سوتاند. لەم ڕوداوەدا ولە نزیکەی هەفتەیەکدا خەلکیان زۆرگرت یەکیک لەوانە باوکم بو کە لەدوای نزیکەی دە رۆژ بەردرا، هەندێکی تر لە گیراوەکان ئەوانەی لەبیرم مابن کاک مستەفا ئەحمەد مەحمودی زەرەنگەرو کاک محەمەد قادری زەرەنگەر و کاک عومەرئەمین ی زەرەنگەر بو، دوای ماوەیەک بەروداو ئازاد کران، ژمارەیەکیان مانەوە و دوایی نەقلی سجنی سەماوەیانکردن.. دواتر ئەو فەرعەی کە ئەچێتەوە سەرجادەی کاوە بە دیوارێک داخست. هەر بەو دیواروە نەوەستان هەمو ئەو کۆلانانەی کە ئەهاتنەوە بۆ گوزەری بەرحەوزەکە و لای ئیمە هەمویان داخستبو، هاتنەوە بۆ ئەم ناوە زۆر نارەحەت بوبو.ئەو ناوە بۆنی خوێنی لێ ئەهات و دوای نزیکەی دومانگێک وردە وردە دیوارەکان لابران و ژیان و کەسابەت گەرایەوە بۆ ئەم گوزەرە.
# بۆزیاتر دلنیابونم لە روداوی تر لەگوزەری بەرحەوەزەکە و دەوروبەری ، گەرام بەدوای ئەوانەی کە لەمناڵیەوە لەم گوزەرەدا گەورەبون خەریکی کاروکاسبی و دوکاندارین، یەکێک لەوانە کاک عومەر رەئوف محەمەد ە کە بە کاک عومەری زەرەنگەر ناسراوە لە بازاڕی زێرێن. تەنیشت بازاری ڕیناس (بازاڕەکەی شەهید ئاراسی مەحمودی حاجی تۆفیق) ، بەو ئاراستەیەی کە ئەچێتەوە سەر جادەی کاوە، دوکانی زەرنگەری هەیە.
ئەوەبو لە سەعات (21:00) ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی (٢٢-٨-٢٠٢٠) بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ کاک عومەریش کرد. ناوبراو ئێستە لە شاری دەنهاغ ی وڵاتی هۆڵەندا ئەژی. وەک خۆی باسیکرد لە تەمەنی نۆ ساڵیەوە لەم گوزەرەدایە و ئاگای لە هەمو رودایک هەیە کەلەو ناوە رویاندابێ.
لەسەرەتاوە ئەو سیناریۆیەی شەهاب کەریمم بۆ باسکرد و، لێم پرسی بە پێی زانیاری تۆ ئەمە تا چەند ڕاستە؟ ئایە لە نیوان سالانی (٩٨٤ بۆ ٩٨٦) هیچ چالاکیەکی پێشمەرگانەی وا کراوە؟ وتی بە پێی ئاگاداری و زانیاری من نەخێر، ئێستە لە دەمی تۆی ئەبیستم و، دلنیام لەو شوینەی کە باسی ئەکەیت شتی وا ڕوی نەداوە. ئەگەرچالاکی وا گەورە بکرایە و ئەو هەمو کەسەی تیا بکوژرایە خۆ ئەو ناوەیان وێران ئەکرد.
ئینجا ئەم ڕوداوەی بە وردی بۆ گێرامەوە:
# دوا نیوەرۆی رۆژی شەمە رێکەوتی ٨/١٠/١٩٨٨ دەوروبەری سەعات دو بو، لەبەردەم بازاڕی زێڕین دا، ئەفسەرێکی دو نەجمە کوژرا. گوزەرەکە لەترسی گیانی خۆیان، بەپەلە دوکانیان داخست. لەکاردانەوەی ئەم روداوەدا رژیم دەستیکرد بە ئیجرائاتکردن، بەشۆفل ئەو ریزەدوکانەی ئیمە لە هەردوبەر نزیکەی١٠ دوکانیکیان لە بازاڕی زێرین ڕوخاند و نەمان وێرا باسی بکەین و فەرهودیانکرد ونەشمان وێرا هیچ بڵێین. بازاڕی زێرین تەنیشت بازاڕی ڕێناسە کە هی شەهید ئاراسی مەحمودی حاجی تۆفیق ە. ئەورۆژە و رۆژانی دواتر دەستیان بەرەشبگیر کرد و نزیکە ٦٠ کەسی گوزەرەکەیان دەستگیر کرد. لەدوای گرتنی ئێمەوە، بەدیواریک سەری کۆلانەکە کە ئەچێتەوە سەر جادەی کاوە دائەخەن.
ئەوانەی کە لەو ڕەشبگیریەدا بەرکەوتین زۆر بوین ، من یەکیک بوم لە گیراوەکان. ئەمە لە کۆتایی ئەنفالەکاندا بو عەلی حەسەن مەجید حاکمی موتڵەقی کوردستان بو.هەمومانیان بردە ئەمنە کۆنەکەی بەرامبەر فیرقە. لەوێ هەردو تاوانبار ڕائید رحیم و رائید حەسون (حەسون لە ڕاپەڕین دا، لە ئەمنە سورەکە کوژرا) تەحقیقیان لەگەل ئەکردین و ئازارو ئەشکەنەیان ئەداین. بەشایەتی هاورێکانم من یەکێک بوم لەوانەی کە زۆر دڕندانە ئەشکەنجە ئەدرام و دوای ئەشکەنجەدان لەناو بەتانیەکدا فڕیان ئەدامە ناو هاورێکانم. هەمومان حیجزی عەلی حەسەن مەجید بوین. بەسەر یەکەوە ٥٨ رۆژ لە دائیرەی ئەمنی سلێمانی ماینەوە. لەو ماوەیەدا تەسفیەیان کردین و بەرو دوا زۆر لە گیراوەکان ئازاد کران. ماینەوە نۆ (٩) کەس. ئینجا تەسفیریان کردین بۆ سجنی سەرەوە لەوێ شەوێک دوان هیشتینیانەوە و، ئینجا بۆ کەرکوک دوای شەوێک دوان لە وێشەوە گوازراینەوە بۆ سەماوە. لە سەماوە چوار(٤) مانگ و شانزە (١٦) رۆژ ماینەوە. لەبەر ئەوەی ئیمە حیجزکرابوین و هیچ تۆمەتێکمان لەسەر ساغ نەبوەوە، ناردینیانەوە بۆ سجنی سلێمانی و لەوێ پاش ٦ شەش مانگ و نیو زیندانیکردن لە مایسی سالی ١٩٨٩ دا ئازاد کراین. کە بریتی بوین لەم ناوانەی خوارەوە:
١ - عومەر رەئوف محمەد
٢ - محیدین محمەد عەبدوڵا ڕەزا
٣ - کەمالی حاجی ئەمین ی مصری
٤ - صلاح محمەد قادر (سەلاحی قەساب)
٥ - عبدالعزیز محمەد قادر
٦ - ئەبوبکر عارف (برای عومەری تەرزە)
٧ - فوئاد عەلی قادر(قەڵادزەیی)
٨ - عوسمان مستەفا فەتاح (پێڵاوفرۆش
٩ - عومەر ئەمین عەزیز (پێڵاوفرۆش)
# بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر قسەم لەگەل کاک شێخ کەمالی زەرەنگەر کردەوە ئەویش ئەم ڕوداوەی بۆ گێرامەوە. لەساڵی ١٩٨٤ و لەکاتی مفاوەزاتەکەدا، ڕوداوێک لە کۆتایی بازاڕی نەورۆزدا لای سەوەزە فرۆشەکان نزیکی بازاڕی دۆلارەکەی ئێستە ڕوی دا. لەبەر دوکانەکەی خۆم دا وەستابوم لای بازاڕی حەوزەوشکەکە گولەیەکی وێل هات و بەرقاچم کەوت و تائێستەش گولەکە لە قاچم دایە. ئەو کاتە من پێشمەرگە بوم و کاتی مفاوەزاتەکە بو،بە بێ چەک هاتبومەوە بۆ سەردانی کەسوکارم. لەگەڵ کاک ئەحمەدی زەرەنگەریش کە هاورێی رێکخستن و پێشمەرگایەتی و زەرەنگەرێتی کاک شیخ کەمالە، قسەمکرد ئەم ڕوداوەی پشتراستکردەوە. هەردوکیشیان کە دو کەسی ناسراوی ناوبازاڕ و بەرحەوزە وشکەن جەخت لەوە ئەکەنەوە کە ڕوداوی وەها لەم گوزەرە ڕوی نەداوە.
بێگومان لەشاردا گەلێک روداوی گەورە ڕویان داوە کە چیرۆکی ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگەی شار و شاخ مان بۆ ئەگێڕیتەوە و، مەگەر هەر شێرکۆی مەزن توانیبێتی بە هۆنراوەی (لە شەوێکدا) ڕۆحی کردبێت بە بەری گەورەیی پێشمەرگەدا لە کۆپلەیەکی تری دا ئەڵێت:
لە"دارۆغا "
پێشمەرگەکان وەک ڕەوەیەک
-بەور-ی چاوتیژ
شارەزای کۆڵان و گەڕەک
بست بەبستی
دابەش بون و ئەوسا هەر بۆ
پەنگ و عیبرەت
کلکی چەند جاشێكیان بڕی! (٢)
بێگومان لە شاردا چالاکی گەورە و قارەمانانەی زۆر کراوە، ئەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان بنوسرێنەوە. بەلام ئەمانەی من تەنها لە سنوریکی جوگرافی دیاریکراو شارەکە و زەمەنیکی دیاریکراویشدایە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە ئەوانەی دوای ساڵی ٩٨٦ یش کراون، شەهاب و تاقمەکەی ناگرێتەوە چونکە ئەوکاتە شەهاب کەریم جاشی رژێم بوە. پەتی درۆش کورتە.
تێبینی: نێوانی بازاڕی زێرین شوینی دو ڕوداوەکە هەتا بەر حەوزە وشکەکە لە نێوان ٢٠-٣٠ مەترێک ئەبێ.
--------------------------------------------------------------------------------------
پەراوێز:
(١) و (٢) شێرکۆ بێکەس دیوانی کەشکۆلێ پێشمەرگە ١٩٨٥. هۆنراوەی لەشەوێکدا!
ئەو وێنانەی لێرەدا ئەیبینی
یەکەم: وێنە دو کەسیەکە، دو کەس لەو چوار کەسەن کە لە ڕوداوەکەدا وەک خەلکی مەدەنی لە ڕوداوی ٢٤-٨-٩٨٨ دا برینداربون. لە راستەوە کاک فەرەیدون ، مامۆستا ڕزگار.
دوەم: وینەی بازاڕی زێرین، ئەو وێنەیەیان کە عەمودەکەی تیایە، ئەو شوێنە شوینی دروستکردنی دیوارەکەیە.
ئایە مێژو بە کۆنەجاش و کۆنەمەفرەزەی خاسە و کۆنە تەواری ئەنوسرێتەوە؟
ماوێتی...