قسەیەک لەسەر نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و کوردستان !
5/27/2022 4:16:00 PM
خالید ڕەزا ئەمین
ماوەیەکە سۆسیال میدیا و فەیسبوکەوانی
کورد، لە خوت و خۆڕایی بە بێ بوونی بەڵگە هێرشێکی ناڕەوا دەکەنە سەر ژنە سیاسی و
دپلۆماتکاری هۆڵەندی خاتو (جەنین پلاسخارت)، تۆمەتباری دەکەن بە گەندەڵی و شەریکە
دزی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان. هەندێک پەسنی
دەکات و هەندێکی تر بەبێ ئەوەی بزانن ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چیە، داوای
ئەوەی لێ دەکەن کە بۆچی گوێێ سەرانی پارتی و یەکێتیی بانادا و هیزی چەکدار و
دەسەڵاتی سیاسیایان لێ ناسێنێتەوە و
تەسلیمی ئۆپۆزسیۆنی ناکات !! هەشە دەڵێ
دەستی لەگەڵ ئۆلیگاریشەکانی نەوت تێكەڵاو کردوە و دەمیان چەور کردوە و دەیەوێت
پارتی لەو قەیرانە ڕزگار بکات کە تێێ کەوتوە !!
بۆیە بە باشی دەزانم ڕۆڵ و کاریگەری نەتەوە
یەکگرتووەکان و پێشینەی خاتوو پلاسخارت بە کورتی ئاماژە پێ بدەم، هیوادارم زانیاریەکان بۆ ئەو خەڵکانە کەڵکی هەبێ و چی تر
لە خۆیانەوە سەری نەتەوە یەکگرتووەکان و
خاتوو پلاسخارت، بێ دەلاک نەتاشن.
# نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیکخراوێکی جیهانییە،
لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە و لە ١٩٣ دەوڵەت پیکهاتووە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیە گرنگی
ئەدات بە پێنج کار و چالاکی سەرەکی کە بریتین لە:
+ ئاشتی و ئاسایش
+ گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی
+ مافی مرۆڤ
+ کاروباری مرۆیی
+ یاسای نێودەڵەتی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەش ئۆرگانی سەرەکی
پیکهاتووە و هەر ئۆرگانەی کاری خۆی دەکات کە بریتین لە:
١- کۆبوونەوەی گشتی
٢ - ئەنجومەنی ئاسایش
٣ - سکرتاریەتی ئەنجومەن
٤- دادگای دادوەری نێودەوڵەتی
٥- ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی
٦- ئەنجومەنی ئەمینداری
جگە لە بارەگای دادگای نیودەوڵەتی کە
بارەگاکەی لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندایە، پێنجەکەی تر بارەگاکانی لە نیویۆرکی وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
بەکورتی ئەوەی سەرەوە ئەرک و پێکهاتەی ئەو
ڕێکخراوە گەورە و گرنگە جیهانییە، ئێستە لەڕێێ نوێنەرەکەیەوە کە خاتوو جەنین
پلاسخارتە، پەیامێکی سیاسی ڕوونیان بۆ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ناردوە. ئەم پەیامە
سیاسیە گرنگە و دەبێ سەرانی کورد بەجدی وەریبگرن، نەک خۆیانی لێ بدزنەوە. پەیامی
پلاسخارت یش زۆر ڕوون و بێ پەردە بوە، ئێستە تۆپەکە لەساحەی سیاسی کوردستاندایە بە
دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.
# جەنین پلاسخارت کێ یە؟
پلاسخارت لە ٧ی ٤ی ١٩٧٣ لە شاری هێرلن ی
هەرێمی لیمبورخ ی هۆڵەندا لەدایک بووە. سیاسی و دپلۆتکارێکی چالاک و ڕاشکاوە.
- بڕوانامەی بەکارلۆریۆس ی
لە بەشی کارگێری زانکۆی ئوتریخت، هەروەها لە هەمان زانکۆ بەشی ئەکادیمیای ئەوروپی
تەواو کردوە.
- دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی ١٩٩٥ لە
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمیسێۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل دادەمەزرێ، لەساڵی ١٩٩٨-٢٠٠٠
وەکو نوێنەری کۆمیسیۆن دەگوارزێتەوە بۆ شاری ڕیگا (Riga)ی پایتەختی لێتلاند (لاتیڤیا).
- لەساڵی ٢٠٠٠ وە ئەندامی حیزبی گەل بۆ
ئازادی و دیمۆکراتی (VVD) یە، حیزبەکەی مارک ڕووتەی
سەروەزیری ئێستە.
- لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٤
ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەری شارەوانی ئەمسترادم بووە.
- لە ٢٠ ی ٧ی ٢٠٠٤ – ٢٠١٠ ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا بووە.
- لەو
ماوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆنی لیبراڵ و دیمۆکراتەکان بوە لە پارلەمانی یەکێتیی
ئەوروپا.
- لە ٥ی ١١ی ٢٠١٢ – ٤ی ١٠ی ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە.
- لەمانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٦ دا
بەهۆی ڕوداوێکەوە کە دوو سەربازی هۆڵەندی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی مەشقی
سەربازی دا لە وڵآتی مالی (Mali) دوو گولە هاوەنیان پێدا تەقییەوە
و مردن، لێکؤڵینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە وەزارەت لە کارەیدا کەمتەرخەم بووە. وەزیریش بەهۆی ئەو ڕوداوەوە کە دوو سەربازی تیا
بوون بە قوربانی بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆگرت و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دەستی لەکار
کێشایەوە.
- لە ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ئەندامی پارلەمانی هۆڵەندا
بووە.
- لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن هەفتەنامەی (دەنگی
ئەوروپا) وە وەک باشترین ئەندامی پارلەمانی ئەوروپا دیاریکرا، بەهۆی
دژایەتیکردنیەوە سەبارەت بەوەی کە نابێ زانیاری حسابی بانکی هاوڵاتیانی ئەوروپا
لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێ.
- لە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ وە هەتا ئێستەش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی
نەتەوە یەکگرتووەکانە و سەرۆکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان یۆنامی یە لە
عێراق.
ئەوە توانا و تەجروبەی ئەوژنە بەهێزە
هۆڵەندی یەیە کە ئێستە نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانە. لە دوو قۆناغ
و لە دوو بۆنەی جیاوازدا ڕاشکاوانە داوای لە دەسەڵاتداران و حیزبەکانی کوردستان
کرد، کە ئەگەر ناوماڵی خۆتان باش نەکەن، کێشەکانتان چارەسەر نەکەن، دوو زۆنی و
خۆخۆری واز لێ نەهێنن، بەتەمای ئەو مەبن ئەم ئەمری واقیعە تاسەر بۆتان بمێنێتەوە.
ئەم پەیامانە لە پەیامی دپلۆماسی واوە ترن، دەبێ حسابی بۆ بکرێ، ڕاستە
نەتەوەیەکگرتوەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەزۆر سەپاندنی نیە، بەڵام بەهەند
وەرنەگرتنی پەیامە ڕوون و ڕاشکاوەکانی جەنین پلاسخارت، ماڵی خۆمان وێران دەبێ. بەم
بۆنەیەوە کۆپلەیەک لە هۆنراوە بەرزەکەی حاجی قادری کۆیی م بیرکەوتەوە و لە زیهنی
خۆمدا ناوی پلاسخارت م خستە شوێنی ناوەکەی حاجی نەمر کە دەفەرموێ:
" حاجی کەسێکە بێ کەس، بۆ ئێوە قوڕ
دەپێوێ؛
گوێی لێ دەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە
خۆتان".