1226وتار

ئەمشەو کاک نەوشیروان لە کەرکوک بو !

3/21/2019 9:29:00 AM
خالید ڕەزا ئەمین

بەر لە 28 ساڵ و لەم شەودا کاک نەوشیروان کە سەرپەرشتی رزگارکردنی کەرکوکی کرد، لە کەرکوک بو، مژدەی ئازادکردنی لەسەر بۆنیتی ئۆتۆمۆبیلەکەی یەوە نوسی !

کاک نەوشیروان لە زنجیرە وتارە 10 ئەڵقەییەکەیدا کە دەربارەی مفاوەزاتی بەرەی کوردستانی و بەعس، نوسیوێتی. لە بەشی ئازاد کردنی کەرکوک دا نوسیوێتی:

بەشی دوەم
20 ی ئازار:
ئازاد کردنی که‌رکوک

پێش ئه‌وه‌ی له‌ قاسمه‌ ڕه‌ش و زه‌ڵێ دابه‌زین، ئه‌و کاته‌ی خۆمان ئاماده‌ ئه‌کرد بۆ راپه‌ڕین، پێمان وابو ئازادکردنی که‌رکوک له‌ ئازاد کردنی هه‌مو شاره‌کانی تری کوردستان گرنگتر به‌ڵام سه‌ختتر ئه‌بێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پلانی گه‌مارۆدان و هێرشی سێلایی‌مان بۆ دانابو. دامان نابو دوای ئازاد کردنی گه‌رمیان، سلێمانی، هه‌ولێر، گه‌وره‌ترین هێزی له‌ سه‌ر کۆ بکه‌ینه‌وه‌ و، له‌ هه‌ر سێ لاوه‌ به‌ره‌و ناوشار په‌لاماری بده‌ین.
دوای ئازاد کردنی هه‌ولێر، له‌ پێش ئه‌ویش سلێمانی ئازاد کرابو، ئه‌بو پلانی رزگارکردنی که‌رکوک جێبه‌جێ بکرێ.
هێزه‌کانی سلێمانی له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر کۆکرابونه‌وه‌.
هێزه‌کانی هه‌ولێر له‌ ئاڵتون کۆپری - که‌ڵوڕ کۆ کرابونه‌وه‌.
هێزه‌کانی گه‌رمیان له‌ شه‌ڕی «موجاهیدینی خه‌ڵق» ی ئێرانیه‌وه‌ گلا بون.
سه‌رکردایه‌تی (میحوه‌ری) که‌رکوک چه‌ند جارێ هه‌وڵی په‌لاماردانی دا بو. نه‌یان توانی بو هیچ سه‌رکه‌وتنێکی کاریگه‌ر به‌ ده‌س بهێنن. هه‌ندێ له‌ فه‌رمانده‌کانی پێشمه‌رگه‌ دودڵ بون و به‌ خۆیان دا رانه‌ئه‌په‌رمو، به‌ قسه‌ی خۆیان «ئۆباڵی مێژویی» ئه‌م هێرشه‌ هه‌ڵبگرن داوایان لێ کردم که‌ خۆم یان کاک مه‌سعود ئه‌و ئۆباڵه‌ هه‌ڵبگرین.
شه‌وی 19 ی ئازار له‌ گه‌ڵ کاک مه‌سعود له‌ پردێ کۆبوینه‌وه‌ و، ئیشوکارمان دابه‌ش کرد. ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی قۆڵی که‌رکوک به‌ من سپێردرا و، کاک مه‌سعود ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی قۆڵی موسڵی گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی.
له‌ گه‌ڵ کاک کۆسره‌ت، که‌وتمه‌ سازدان و کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی قه‌ره‌هه‌نجیرم کرد له‌ گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانی لای رۆژهه‌ڵاتی که‌رکوک کۆبوینه‌وه. ئه‌وانه‌ هه‌ندێکیان پێشمه‌رگه‌ و هه‌ندێکیان موسته‌شاری فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌کان و هه‌ندێکیان ئامیر به‌فره‌زه‌ بون‌. بۆ یه‌که‌م جار ته‌حسین شاوه‌یسم له‌وێ بینی. ئیشوکارمان به‌ سه‌ردا دابه‌ش کردن.
ئێواره‌ی نه‌ورۆز له‌ رۆژئاوای که‌رکوکه‌وه‌ (پردێ) و له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ (قه‌ره‌هه‌نجیر) په‌لاماری شاری که‌رکوک درا و، شه‌وی پێشو هێزه‌ که‌رکوکیه‌کان دزه‌یان کرد بو چوبونه‌ ناو گه‌ڕه‌که‌ کورده‌کانه‌وه‌.
بۆ شه‌و هێزه‌کان له‌ هه‌مو لاوه‌ هێرشیان کرد و رژانه‌ ناو شاره‌وه‌ تا رۆژی دوایی که‌ نه‌ورۆز بو ناو که‌رکوکیان پاک کرده‌وه‌. ته‌نیا ئه‌و لایه‌ی به‌ هێزه‌کانی گه‌رمیان، کفری و که‌لار و دوز، سپێردرا بو به‌ هۆی شه‌ڕی «موجاهیدینه‌وه‌» نه‌یتوانی هیچ به‌شداریه‌ک له‌ جێبه‌جێ کردنی پلانه‌که‌دا بکا، بۆیه‌ «موعه‌سکه‌ر خالید» وه‌کو خه‌نجه‌رێکی کوشنده‌ له‌ که‌له‌که‌ی که‌رکوک دا مایه‌وه‌.
شه‌وی 20 – 21 ی 3 ی 1991 به‌ ته‌واوی ده‌س گیرا به‌ سه‌ر ناو شاری که‌رکوک دا. له‌ ناوشاری که‌رکوکه‌وه‌ له‌ سه‌ر بۆنیتی ئوتوموبیله‌که‌مان هه‌واڵێکی کورتم وه‌کو مژده‌ نوسی و به‌ بێته‌ل دامان به‌ رادیۆی «ده‌نگی گه‌لی کوردستان» بڵاوی بکاته‌وه‌.

تێبینی : وینەکە لە 25-5-1988 لە قەندیل گیراوە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن