348وتار

ململانێی بێکۆتایی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەم جۆرە دەستی پێکرد

10/16/2023 2:51:00 PM
خالید ڕەزا ئەمین

ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین تەنانەت لە خودی دەوڵەتی ئیسرائیل کۆنترە. چۆن ئەوە ڕوویدا؟ کێشەی نیوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان لەسەر چیە؟

دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ جولەکەکان. دەبو ئەو چارەسەرەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەو توندوتیژیژی و دژەجولەکەگەراییەی کە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دا لە  ئەوروپادا بەرامبەر جولەکەکان دەکرا. بەڵام لە سایەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل دا هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا نەهاتەدی. ئەوە چۆن ڕویدا؟

کێشەوململانێیەکی ئاڵۆزە، هێندەی بتوانین هەوڵدەدەین  بە باشی ڕونی بکەینەوە. 

 

ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین چۆن سەریهەڵدا؟

بۆ ئەوەی بە باشی لە ململانێکان تێبگەین، دەتانبەینەوە بۆ دواوە(کات). زیاتر لە ١٢٥ ساڵ لەمەوبەر، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی جوولەکە-نەمسایی تیۆدۆر هێرزل- Theodor Herzl (١٨٦٠-١٩٠٤) بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی جوولەکەکانی هێنایە ئاراوە. لە دەوڵەتی خۆیاندا جولەکەکان چیتر کەمینە نابن و سووکایەتیان پێ ناکرێ. بە وتەی ئەو، پێویستە ئەم دەوڵەتە نوێیە لە فەلەستین دروستبکرێ. لەوێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕەگ و ڕیشەی ئایینی جوولەکە بوو. زۆر لە مێژبوو زۆرینەی جولەکەکان  لەلایەن ڕۆمەکانەوە دەرکرابوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گروپێکی بچووک هەر لەوێ مابونەوە و بەجێیان نەهێشتبوو: هەندێک لە فەلەستینیەکانیش جولەکە بوون.

 

ئەگەر بە هێرزڵ بوایە، دەبو بەخێرایی زۆرترین جولەکە لەوێ بونایە. بیرۆکەکانی هێرزڵ لەلای جولەکەکانی ئەوروپا دەنگی دایەوە. شانشینی یەکگرتوو لە کاتی یەکەم جەنگی جیهانی دا سوودی لەم پرسە وەرگرت. لە هەوڵێکدا بۆ ڕاکێشانی جولەکەکان، ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٩١٧ بەڵێنیان دا کە هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ ئەوەی لە فەلستین  " کیانێکی نیشتمانی بۆنەتەوەی جولەکە" دروستبکەن. لە دوای جەنگ کاتێک ئینگلیزەکان دەسەڵاتیان بەسەر فەلەستیندا بەدەستهێنا، بەڵێنەکەی خۆیان کە بە جولەکەیان دابوو جێبەجێکرد.
جولەکە نشینەکان  زەوی فەلەستینیەکان دەکڕن

 

پاوڵ ئارتس(Paul Aarts)، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمستردام دەڵێت: "لە ژێر سایەی ئینگلیزەکاندا، جوولەکەکانی نیشتەجێێ ئەوێ  لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی وەک سندوقی نیشتمانی جولەکەکانەوە، دەستیان کرد بە کڕینی زەوی و زارلە فەلەستینیەکان". بەم جۆرە جولەکە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و زیاتر لە فەلەستین نیشتەجێ دەبوون. لەم نێوەندەش دا فەلەستینییەکان زیاتر دەستیان کرد بە بەرەنگاربوونەوەی کۆلۆنیالیزم. ئارتس ئەڵێ: "فەلەستینییەکان دەسەڵاتداری  وڵاتی خۆیان نەبوون،  ئینگلیزەکان دەسەڵاتدار بوون. فەلەستینیەکان  بە دڵتەنگیەوە سەیری ئەوەیان دەکرد کە زەوییەکی زیاتر و زیاتر لەلایەن دانیشتوانی جولەکەکانەوە بە شێوەیەکی یاسایی یان بە شێوەی تر دەستی بەسەردا دەگیرێت".'ئەوان لە پێگە و ئایندەی خۆیان لە وڵاتەکەدا دەترسان. ئەمەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی  توندوتیژی و پێکدادان لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا.

ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین تا کەی بەردەوام دەبێت؟

 یەکەم پێکدادانی توندوتیژ زیاد لە سەد ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، لە ساڵانی ١٩٣٠دا زیاتر پەرەی سەند. کاتێک کە ئەدۆلف هیتلەر لە ئەڵمانیا هاتە سەر دەسەڵات، جولەکە زیاتر و زیاتر ڕوویان لە فەلەستین کرد. ئەمەش بووە هۆی سەرەتای  تەقینەوەیەک لە ساڵی ١٩٣٦ دا. ئەوەبوو فەلەستینییەکان لە دەسەڵاتی بەریتانی وجولەکە نشینەکان ڕاپەڕین . لە هێرشەکانیاندا ماڵەجولەکەکان وبەرژوەندەیەکانی ئینگلیزیان بە ئامانج گرت، لەوانە پەلاماری شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکانیان داو  هیرشیان کردە سەر شەمەندەفەر و هێڵەکانی شەمەندەفەر. دوای ٣ سێ ساڵ ئینگلیزەکان توانیان یاخیبونەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ناڕەزایەتیەکان هەر وەکو خۆیان مابونەوە. لەبەر ئەوەی ئینگلیزەکان نەیانتوانی ئاڵۆزی و نا ئارامییەکان خامۆش بکەن، بۆیە دەیانویست دەسەڵاتی خۆیان  بەسەر فەلەستیندا  بگوازنەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی ١٩٤٧دا بیرۆکەی چارەسەرێک هاتەئاراوە: خاکەکە دابەش بکرێت. ئەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی جولەکە نشینن، بۆ  جولەکەکان بێت. وە ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان فەلەستینی نشینن، بۆ فەلەستینیەکان بێت.


نا یەکسانی دابەشبکردن لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینی دا

 لەوکات و سەردەمەی فەلەستین دا ژمارەی فەلەستینی زیاتربوو لە ژمارەی جولەکەکان . بەڵام بە ئامانجی داهاتوی دانیشتوان، خاکێکی فراوانتر لە چاو فەلەستینییەکاندا بۆ جولەکەکان تەرخانکرا. جولەکەکان ئەم پلانی دابەشکردنەیان قبوڵ کرد، بەڵام فەلەستینییەکان قبوڵیان نەکرد. بۆچی نەیانکرد، لەو بارەیەوە بیروڕای  جیاوازهەیە. ئارتس دەڵێت: " فەلەستینییەکان  پێیان وابو ئەوە دابەشکردنێکی نا یەکسان و نادادپەروەرانەی خاکەکەیە". بەگوێرەی ناوەندی زانیاری و بەڵگەنامەی ئیسرائیل (CIDI)، فەلەستینییەکان بیرۆکەی دەوڵەتی جوولەکەیان نەگەرەگ بووە و دەیانویست تەواوی خاکەکە بۆ خۆیان بێت.

 

پەرەسەندنی دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل

 کاتێک ئینگلیزەکان لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٨ بە فەرمی کشانەوە، ئیسرائیل خۆی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕاگەیاند. ئەوە بوو کە بەڕاستی شتەکان لە دەس دەرچوو. ئارتس: " وڵاتە عەرەبەکانی دەوروبەر ئەمەیان پێ قبوڵ نەکرا". ڕۆژی دواتر لەشکری دەوڵەتە عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر ئەو دەوڵەتەی کە تازە خۆی ڕاگەیاندبوو، دەیانویست فەلەستین ئازاد بکەن. شەڕەکە بۆ عەرەب کارەسات بار بوو. ئیسرائیل توانی کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی گەورەترلەوە بکات کە لە پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆی تەرخانکرابوو. زیاتر لە ٧٠٠ حەوتسەدهەزار فەلەستینی لە ناوچەی جەنگ بەرەو وڵاتانی دەوروبەر، بەرەو کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا هەڵهاتن. ئارتس: "ئیسرائیلییەکان ئەم شەڕە بە شەڕی سەربەخۆیی ناودەبەن. فەلەستینییەکان هەمان ئەو شەڕە بە نەکبە ناودەبەن، کە بە واتای 'کارەسات' دێت".

 

شەڕەکە لە ساڵی ١٩٤٩ وەستا. بەڵام هیچ ئاشتییەک نەکرا. نائارامییەکان بەردەوام بوون. وڵاتانی عەرەبی دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نەنا. چەند جارێکی تریش  دەستدرایەوە چەک، بەڵام ئەوانە هیچ یان لە بارودۆخەکە نەگۆڕی. تا ٥ پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ کە ئیسرائیل شەش ڕۆژ لە دژی میسر و ئوردن و سوریا شەڕی کرد. بە قسەی  ئارتس، شەڕی شەش ڕۆژە ش  دیسانەوە بۆ عەرەب کارەسات بار بوو.

 

نیشتەجێبوونی جولەکەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا

 لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٧دا ئیسرائیل خاکی خۆی زیاتر فراوانتر کرد. سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا (الضفة الغربية)ی  داگیرکرد کە بە شێوەیەکی سەرەکی فەلەستینییەکانی تێیدا دەژیا هەروەها بەرزاییەکانی جۆلانیشیان لە سوریا داگیرکرد. دواتریش شەڕەکان سەریان هەڵدایەوە، وەک جەنگی ئۆکتۆبەری  ساڵی ١٩٧٣ . ئارتس دەڵێت: "بەڵام  دۆخی داگیرکاریەکان  گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهات".

 

سەرەڕای توڕەیی و ناڕەزایەتی فەلەستینییەکان، ئیسرائیل لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەستی کرد بە دروستکردنی ئۆردوگای جولەکەنشین لە ناوچە داگیرکراوەکاندا. زۆر گوند و شارۆچکەی ئیسرائیلی دروستکران، بە تایبەت لە کەناری ڕۆژئاوا. زۆر لەو جولەکانەی کە لەوێ نیشتەجێ کراون لەوانەن کە زۆر دینین  و پێێان وایە  ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە لەسەر کەناری ڕۆژئاوا نیشتەجێیان بکات چونکە لە کتێبی پیرۆزئینجیل(بایبڵ)دا ناوی هاتوە. لە بەرامبەر ئەم داگیرکاری و نیشتەجێ کردنانەی جولەکەدا، بەردەوام شەڕو پشێوی سەریان هەڵداوە. فەلەستینییەکان هێرشیان کردۆتە سەرشوێنی ستراتیژی ئیسرائیلییەکان و خەڵکی مەدەنی.

 

دانوسەندنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە  بەردەوام شکستیان هێناوە. ناسیۆنالیزمی فەلەستینی کە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا سەریهەڵدا، دوای شەڕی ساڵی ١٩٤٨ زیاتر بە ئاگا هاتنەوە. فەلەستینییەکان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەویست. هەر بۆیە چەند گرووپێکی سەربازی و سیاسی فەلەستینی لە ساڵی ١٩٦٤ دا لەژێر چەترێکدا بەناوی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین  (PLO) کۆبونەوە.

 

ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ

 ئامانجی سەرەتایی  ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین(PLO)  ڕزگارکردنی هەموو فەلەستین بوو. بەڵام ئیسرائیل وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" سەیری ئەوانی دەکرد، هەر بۆیە نەیدەویست بچێتە ناو گفتوگۆکانەوە، لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی PLO ڕەتیکردەوە دان بە ئیسرائیلدا بنێت. ئەمەش لە ساڵی ١٩٩٣ کەمێک گۆڕا: لە ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ هەردوو لایان بۆ یەکەمجار دانیان بە یەکتردا نا. ئیسرائیل لە (بەشێک ) لە ناوچە فەلەستینییەکان بکشێتەوە. فەلەستینییەکانیش دەستبەرداری توندوتیژی و تیرۆر ببن.

 

دواتر دانوستاندی زیاتر لەسەر پرسە هەستیارەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەوانە سنوورەکان لە کوێدا بن و چی بەسەر ئورشەلیم ی پایتەخت و ئۆردوگا ئیسرائیلییەکاندا بێت. بەڵام دوایی بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت کە هیچ  ڕێککەوتنێکی ئاشتی مێژوویی نەهاتە ئاراوە. خۆبەڕێوەبەرییەکی جددی فەلەستین پێک نەهات و ژمارەی دروستکردنی ئۆردوگا و نیشتەجێکردنی جولەکەکان بەردەوام لە زیادبووندا بوو. هەروەها توندوتیژییش کۆتایی نەهات و بەردەوام بوو.

 

ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین زۆر دورە

 دواتریش پێشنیارگەلێک بۆ ئاشتی هاتە ئاراوە. ئاشتی تەنها کاتێک دروست دەبێت ئەگەر هەردولا بگەنە قەناعەت و لێکتێگەیشتن . بەڵام ئەمە هێشتا زۆردورە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەم فەلەستینییەکان و هەم ئیسرائیلییەکان هەمیشە لە ناوخۆیاندا ڕێک و تەبا نین . ئارتس ئەڵێ: "بۆ نموونە زۆربەی فەلەستینییەکان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕازین. تەنها کەمینەیەکی کەمی فەلەستینیەکان نەبێ کە هێشتا دەیانەوێت تەواوی ناوچەکە بۆ خۆیان بێت”.

 

پێشنیاری چارەسەرێکی دیکە ئەوەیە کە تەواوی ناوچەکە ببێتە یەک دەوڵەت بۆ جولەکەکان و فەلەستینییەکان، بە مافی یەکسانەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی سیمای جولەکانەی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەوەش بۆ زۆرێک لە جولەکەکان جێی قبوڵکردن نیە، چونکە ئەوانیش دەیانەوێت دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

 

بەپێی زیادبوونی  ژمارەی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوە هاتوون و لەکەناری رۆژئاوا نیشتەجێ بوون و شێوە دەوڵەتێکیان بۆخۆیان دروستکردوە، بە بڕوای ئەمانە چارەسەری دروستکردنی دوو دەوڵەتی بۆ ئاشتی کۆتایی هاتوەو بە بنبەست گەیشتووە. ئەوە پێشهاتێکی ئەرێنی بێت یان نەرێنی، بەندە بەوەوە کە پرسیار لە کێ دەکەیت.

 

ڕوداوەکانی  ئەم دواییەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەوەمان پیشان ئەدەن کە ئاشتی لە هەموو کاتێک دوور ترە.

 

پوختەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان 

ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، پرسێکی ئاڵۆزە. بەڵام زۆر بە کورتی مەسەلەکە بەم شێوەیە سەریهەڵدا: چالاکوانێکی جوولەکە - نەمسایی، دەوڵەتێکی تایبەت بە جوولەکەی  وەک چارەسەرێک بۆ پێگەو بارودۆخی  سەختی جولەکەکان لە ئەوروپا بە چارەسەر دەبینی. ئەو دەوڵەتەش دەبوو لە فەلەستین چێ بکرێ. بیرۆکەکە شەوقی دایەوە. دوای یەکەم جەنگی جیهانی  ئینگلیز بوو بە دەسەڵاتداری فەلەستین. لە ژێر باڵی ئینگلیزەکاندا، جولەکەکان زیاتر و زیاتر لە فەلەستین نیشتەجێ بوون. ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی گیانی بەرگری وبەرخۆدان لە ناو فەلەستینییەکاندا و دواجاریش ڕاپەڕین.

 

لە ساڵی ١٩٤٧ نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی بۆ دابەشکردنی فەلەستین داڕشت. جولەکەکان ئەم پلانەیان قبوڵ کرد، فەلەستینییەکان قبوڵیان نەکرد. وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری فەلەستینیان داگیرکرد، بەڵام دوای ئەم شەڕە ئیسرائیل کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی گەورەتری کرد زیاتر لەوەی کە لە پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆیان تەرخانکرابوو. فەلەستینییەکان بەرەنگاری ئەمە بوونەوە و چەندین شەڕی بەدوای خۆیدا هێنا. شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە بە تەواوی هێزەوە هەڵگیرساوەتەوە.

کچە نوسەری هۆڵەندی(Elly Posthumus) ئەم وتارەی لە رۆژی ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە گۆڤاری کویست(Quest) دا بڵاو کردۆتەوە. لەبەر گرنگی زانیاریەکانی ناو وتارەکە لە هۆڵەندیەوە کردومە بەکوردی.


 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن