شەن و کەو !
8/6/2020 9:45:00 AM
خالید ڕەزا ئەمین
ئەڵقەی دوەم
هەرکەسێک باسی خەباتی چەکداری بکات، ئەبێ باسی لولەی تفەنگ بکات. خەباتی چەکداری بەرزترین شێوازی خەباتی نیشتمانیە کاتیک کەهەمو دەرگاوپەنجەرەکانت لێ دائەخرێ و نەتەوەی سەردەست و رژێمەکەی ئەیەوێت لەناو بۆتەی خۆیدا بتتوێنێتەوە بە ناچاری دەست بۆچەکی بەرگری لە بونیی نەتەوەیی خۆت ئەبەیت.
لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی گەلی کوردستاندا، بەهۆی فرەلەشکرییەوە، بەداخەوە براکان دەستیان چوەتە خوێنی یەکتر، بڕوا ناکەم کەسێک هەبێت بە شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوشتنی براکان دڵخۆش بوبێ، جگە لە داگیرکەرانی کوردستان کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستیان لە خۆشکردنیدا هەبوە. بۆیە هەڵدانەوەی ئەو مێژوە و درۆکردن و ناوزڕاندن لەم رۆژەدا کاریکی نەباشە. بەڵام کاتێک هەندێک کینە لە دڵ بەفیتی کەسانی تر دێن و روداوەکان ئاوەژو ئەکەنەوە و ئەیشێوێنن، بۆ ئەوانەی کە ئاگا و زانیاریان هەیە وەڵامدانەوەی ئەم چەواشەکارییانە ئەبێتە ئەرکی سەرشانیان. بێ دەنگ بونمان لەبێ هەڵوێستی زیاتر هیچی مانایەکی تری نییە.
بێگومان هەندێک کەس رەنگە لەبەر هەندێک دەسکەوتی مادی و کاتی بێ دەنگی هەڵبژێرن، ئەمەش لە کورترین پێناسەدا رێز نەگرتنە لەو مێژوەی کە خۆی تیا بەشدار بوە و ئێستە بە بەرچاوی خۆیەوە ئەشێوێنرێ.
شەهاب کەریم کە کتێبەکەی بەناوەوە بڵاوکراوەتەوە بە ئەنقەست هاتوە برینی شەڕی ناوخۆیان کولاندۆتەوە، کە هیچ خزمەتێک بە بارودۆخی ئەمرۆی خەلکی کوردستان ناکات. لە زۆر شوێندا بە بۆنە و بێ بۆنە ناوی کاک نەوشیروان مستەفا یان پێ خستۆتە رستەوە، کە هەندێک لەو روداوانە هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە و تەنانەت بە دەیان کیلۆمەتر لێی دور بوە. هەندێک روداویش کە پەیوەندی راستەوخۆی بە کاک نەوشیروانەوە هەیە، پێیان هەڵگێڕاوەتە و درۆی زەق یان تیا کردوە. شایەتەکانی شەهاب و برادەرەکانی یان کوژراون، یان مردون ! تاک و تەرا کە رەنگە خەڵک نەیانناسێ لە ژیاندان. ئەوانەشی ئەو ناوی هێناون وا وردە وردە دێنە دەنگ و بەدرۆیان ئەخەنەوە.
لەم ئەڵقەیەدا دوان لەوانە باس ئەکەم
یەکەم: لە روداوی دەست بەسەرکردنی کاک نەوشیرواندا، لای پێشمەرگەکانی حسک. چیرۆکێکی ناشیانەیان بە شەهاب کەریم هۆنیوەتەوە. لە لاپەڕە (81)دا بۆیان نوسیوە لەمانگی دوی ساڵی (981)دا دوای چەند شەڕو پێکدادانێک پێشمەرگەی حسک بە فەرماندەیی مام ئاراس، نەوشیروان مستەفا بە دیل ئەگرن و مام ئاراس رێگەنادا پێشمەرگەکان بیکوژن و ئەیبات تەسلیمی سەرکردایەتی حسکی دەکات و ماوەی ئەو (23) رۆژەی لای حسک دەبێ، مام ئارس چەکەکەی دەداتەوە و ئازادی ئەکەن! لەم چیرۆکەدا شایەتەکانی شەهاب کەریم لەژیاندا نەماون! درۆکردن بە دەمی مرودوە هەم تاوان و هەم بێ مۆڕاڵیە.
خوێنەری بەڕێز، بێگومان ئەو چیرۆکە سەر لەبەری درۆ و تازە دروستکراون. شایەتەکانیشی لە ژیاندا نەماون.
بەلام ئەوەی ئێمە بیستو سێ ساڵ لەمەوبەر کراوە بەکتێب و چاپ و بڵاوکراوەتەوە، شایەتەکانیش زیندون، ئەوکەسانەی کە بڕیاریاندابێ بڕوا بە چیرۆکی هەڵبەستراو بکەن، خەتای ئیمە نیە و ئازادن.
هەندێک دۆست و هاوڕێ پێ یان وایە کە وەڵام نەدرێتەوە، بەڵام بەلای منەوە فەزحکردنیان کارێکی دروستە، چونکە ئەم جۆرە درۆ و بوختانانە ئەچنە ناو کتێبخانەی کوردیەوە و رەنگە چەندین ساڵ دواتر وەک سەرچاوە بۆ نوسینەوەی هەندێک بەشی مێژو بکرێ بەسەرچاوە. لەم روانگەیەوە بەدرۆخستنەوەیان بە پێویست ئەزانم.
سەرنج بدە، بە شەهاب یان نوسیوە گوایە کاک نەوشیروان لە مانگی دوی ساڵی (981) لە شەڕدا لە لایەن مام ئاراسەوە دیل ئەکرێ! لەکاتێکدا کاک نەوشیروان شەوی چوار لەسەر پێنجی (1/981) لە قەویلە و لە ماڵی حاجی عەلی یەوە نامەیەک بۆ کاک تایەری عەلی والی دەنوسێ و ئەیدا بە کاک کەمال شاکر و ئەویش نامەکەی بە کەسێکدا بۆ دەنێرێ بۆ گوندی (هۆزخواجا)، بۆ رۆژی دوایی واتە (5/1/981) کاک نەوشیروان لە قەویلەوە لەگەڵ قادر چاوشینی حسک ئەچێت بۆ لای کاک تایەری عەلی والی و لەوێ دەستبەسەر ئەکرێ هەتا شەوی چوارشەممە رێکەوتی (4)ی شوبات لە دوای (32) رۆژ دەستبەسەرکردن لە ئەشکەوتی (هەزارئەستون) لە چیای سورێن، فرسەت ئەهێنن و لەگەل کاک سامان زۆراب حەسەن هەڵدین و ئەگەنەوە ناو پێشمەرگەکانی یەکێتیی... بۆ درێژەی ئەم روداوە بروانە کتیبی پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن لاپەرە (185-194) کتێبەکە بە پی دی ئیف لە سایتی (سبەی) هەیە.
ئەو پێشمەرگانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم روداوەن و لەگەل کاک نەوشیروان دا بون {کۆچکردو کاک حەمەی حاجی سابیر، کاک کەمال شاکر، کاک محەمەد ئامۆزای حەمەی حاجی سابیر، کاک شەهاب، کاک کامەران، کاک نەبەردی حەمەی مینا}. هەروەها لەوانەی حیزبی سۆسیالیستیش کاک کەریمی دادەمەنە. کە خۆشبەختانە هەمویان لە ژیاندا ماون و شایەتن. دڵنیام لەناو پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمەی حسکدا، زۆری تریان ماون، کە درۆی ئەمانە ئەخوێننەوە، نەفرەتیان لێ ئەکەن.
سەرنج بدە، لەو کتێبەدا نوسیویانە مانگی (٢)ی (981) کاک نەوشیروان لە شەڕدا گیراوە! لە کاتیک دا روداوەکە نە شەڕی تیابوە نە دەنگەدەنگ و! لە مانگی یەکدا روی داوە، نەک مانگی دو! ئەوانە وەکو درۆیان ئەکرد، لانیکەم با بەجۆریک بیانکردایە کە بیانتوانیایە پینەی بکەن !.
دوەم: درۆیەکی شاخداری ناو ئەو کتێبە باسی کارەساتی شەهیدکردنی مام ئاراسی حسک دەکات، کە گوایە بە بروسکەی نەوشیروان مستەفا شەهید کراوە. ئەم درۆ و چەواشەکارییە هیچ لە ئازاری خێزانی مام ئاراس کەمناکاتەوە و کولاندنەوەی برینێکە کە خوێنی لێ ئەچۆڕێ و هیچ خزمەتێک بە باروگوزەرانی خەڵکی فەقیر و هەژار ناکات.
پێش وەڵامدانەوەی ئەو درۆشاخدارە کە بە بەڵگەوە ئەیسلەمینم درۆ و بوختانێکی گەورەیە، دانانی ئەم پەرەگرافە لە وتاری لە هاوخەباتی یەوە بۆ تەخوینی کاک نەوشیروان وەک خۆی دائەنێم کە لە رۆژی (5/1/2010) بڵاویکردۆتەوە، تا بزانن چ سەرکردە و کەسێک هەڵوێستی وای هەبوە. هەتا لەژیاندا بو قازەکان بێ قیڕە بون، ئێستە بون بە زیقاوڵە و دەزیقێنن!
"له سهرهتاوه ئهڵێم: من وهکو ههندێ کهس نامهوێ پاکانهی درۆ بکهم! لهساڵی (1975)هوه که، لهگهڵ تاڵهبانی و ئهندامانی تری دهستهی دامهزرێنهری یهکێتیی نیشتمانی، دهستمان کرد بهدانانی رێوشوێنی خهباتی سیاسی - چهکدار و، لهئهنجامی ئهوهش دا ههڵگیرساندنهوهی شۆڕشی کورد، من وهکو یهکێ له بهرپرسه باڵاکانی ئهو جوڵانهوهیه، لهساڵی (1975)هوه تا ساڵی (1991) که به راپهڕین کۆتایی هاتوه، بهئهندازهی مهسئولیهتی خۆم لهجوڵانهوهکهدا، ئۆباڵی ئهدهبی و ئهخلاقی و سیاسی ههمو روداوهکانی شۆڕشهکه و، ههمو ئهوانهی که له ئهنجامی ئهم شۆڕشهدا کوژراون یا زهرهرمهند بون، له ههر لایهک بوبن، له ریزهکانی یهکێتی دا بوبن، یان له ریزهکانی لایهنهکانی تری شۆڕشی کوردا بوبن، یان هاوڵاتی ئاسایی بوبن، یان له ریزهکانی حکومهتی عیراق دا بوبن، ههڵئهگرم و، لهبهردهم کهسوکاری ئهوانهدا و، لهبهردهم دادگای مێژوی نهتهوهکهم دا و، لهبهردهم دادگای خوای گهورهدا ئامادهی وهڵامدانهوهم".
نەوشیروان مستەفا ئێستە لەو دونیا وەک خۆی نوسیوێتی لەبەردەم دادگای خوای گەورەدا ئامادەی وەڵام دانەوەیە.
لەم بەشەدا، سەرەتا لە رۆژی شەهیدکردنی مام ئاراس دا دو هەڵەی بەرواری و (قوربان)ی کراوە. لە لاپەڕە (83)دا نوسیویانە "سەرلەبەیانیی رۆژی (7/10/1981) کە هاوکات دەبێت لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، مام ئاراس لە مەسەکان و گردی شەریف دەبێت "ئاخر مام ئاراس هەر یەک مام ئاراس بوە، گردی شەریف و مەستەکان یش دو گوندی جیا و دراوسێی یەکن! خۆ نە بوە بە دو کەرتەوە تا لەهەردو گوندەکەدا بوبێ! لە لاپەڕە (84)دا نوسیویانە " شاتوان واتە: (مەسەکان، ناوگردان، بییەڕەشکە) "ئاخر ناحەقم ئەگرن کە بە قەشمەر ناویان بهێنم، بۆچی شاتوان واتە سێ گوندی دور لەیەک؟ شاتوان گوندیکی سەربەخۆیە، هەر یەکە لە سێ گوندەکەی تریش ئەوانیش دور لەیەک و جیان هەر چوار گوندەکە ئەکەونە سنوری ئیداری قەزای سەیدسادقەوە. ئاوا مێژومان لە لولەی کتریەوە بۆئەنوسنەوە؟
لە لاپەڕە (87) دا نوسیویانە" بۆیە لە بەرەبەیانیی رۆژی (8/10/1981)دا کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان " ئێستا پێمان بڵێن یەکەم رۆژی جەژنی قوربان رێکەوتی (7/1) بوە یان (8/1)؟
هەرلەم بەشەدا و پەیوەست بە شەهیدکردنی مام ئاراسەوە نوسیویانە "هەر ئەو شەوە دەڕۆن بەرەو گوندی تەپەکەل، لەوێ دادگایەکی مەیدانی دادەنێن بۆیان و لەسەر بروسکەی نەوشیروان مستەفا بڕیاری شەهیدکردنیان بۆ دەدەن".
وەک لەسەرەوە دەقی نوسینێکی کاک نەوشیروانم داناوە و رای خۆیی و بەرپرسیاریتی مێژویی بە ئەندازەی بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرتوە و پێویستی بە پاکانەی کەس نییە.
بەلام لێرەدا من بە فاکت و بەڵگە و شایەتی زیندو بۆ مێژو بۆ خوێنەرانی ئەسەلمێنم کە نەوشیروان مستەفا بروسکەی وای نەناردوە و ئەمەش درۆیەکی شاخداری تری (نوسەران)ی ئەو شتەیە کە ناویان ناوە کتێب!.
ئەم روداوە لە ئۆکتۆبەری (981)دا رویداوە، کە کاک نەوشێروان مستەفا بارەگاکەی لە ناوزەنگ بوە.
دوری نێوان زەلێ لە پشتی چیای مامەندە و سنوری ئێران، هەتا گوندی تەپەکەلی سەربەقەزای سەیدسادق لە شارەزور، لەنێوان (100-150) کیلۆمەتر ئەبێ. بە ئۆتۆمبێل چەند سەعاتێک و بەپێ چەند شەو و رۆژێکە.
تۆڕی پەیوەندی بێتەل!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوینی ساڵی (1981)دا هەوڵی دامەزراندنی تۆڕی بێتەلی دا، ئەویش بە دەست پێشخەری کاک بەختیار مستەفا ئەمین. سەرەتا هەوڵی دامەزراندنی تۆڕیکی (3) لایی دا، بەدەزگای بێتەلی (پی ئاڕ سی) کە ناوزەنگ و وەرتێ و مەرگە پێکەوە بەستران. ئەم جۆرە جیهازە ئەبو لە بەرزایی شاخەکان دابنرێ چونکە شەپۆلەکانی ئێف ئێم ە (FM)و بەربەستی سروشتی رێگە لە شەپۆلەکانی ئەگرێ و لە زۆرترین حاڵەتدا (8 بۆ 10) کیلۆمەتر بڕ ئەکات. ئەم کارە لە زستاندا زەحمەت دەبو، بەهۆی بەفر بارینی زۆرەوە لەسەر شاخەکان. کەواتە یەکەمین تەجروبەی تۆڕی بێتەلی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تەنها (3) جیهازی پی ئار سی(PRC) بوە، لەنێوان ئەو سێ شوینەدا. هەرکەس بیەوێ زانیاری زیاتر لە سەر سەرەتای دامەزراندنی تۆڕی پەیوەندی بێتەلی یەکێتیی بزانێ ئەتوانی سەیری لاپەرە (275) لە کتێبی پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن بکات.
بۆیە ئەوەی کە وتراوە نەوشیروان مستەفا بروسکەی ناردوە بۆ پێشمەرگەکانی تەپەکەل لە دەشتی شارەزو درۆیەکی نەک شاخدار بەڵکە ئابڕوچون و گەوجێتیشە چونکە لەو کاتەدا یەکێتی تۆڕی پەیوەندی سەرتاسەری نەبوە و لە ساڵی (1982)وە وردە وردە ئەم تۆڕە فراوان بو کاتیک جیهازی گەورەی دور مەودای سەدان کیلۆمەتری وەک بێڵی هندی، تۆمسۆنی فەرەنسی، راکاڵ ...(زۆرترین و تازەترین جۆری راکال لە گفتوگۆی (84)دا وەرگیرا) کە هیچ بەربەستێکی سروشتی رێگە لە گەیشتنی شەپۆلەکانی ناگرێت.
شایەتەکانی من دەیان عەدەد جیهازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن کە تیاماندایە لە سەرەتای دروستکردنی تۆڕەکەوە تیایدا بوە، هەتا راپەرینی (1991). خۆشبەختانە وەک لە وێنە جەماعیەکەی کۆبونەوەی عەدەدجیهازەکاندا کە لە ئۆکتۆبەری سالی (1988)دا لە قاسمەڕەش گرتومانە زۆربەمان شایەتی زیندوین و ماوین. هەندێکمان لێ شەهید بوە یادیان بەخێر.
ئێستە رونە کێن ئەوانەی کە درۆی شاخدار و چەواشە کاری بەدەم مێژوەوە ئەکەن و ئەیشێوێنن؟
ماوێتی...