334وتار

پـه‌ر‌لـه‌مانتـارانی چـه‌پڵـه ‌( قڵپ بونه‌وه‌ی جادو به‌سه‌ر جادوگه‌ردا)

6/30/2021 12:43:00 PM
جیهانگیر سدیق گوڵپی

ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ بــه‌شـێـكی زۆر له‌په‌رله‌مانتارانی كوردستان ئه‌و شوێنه‌ به‌شانۆی نمایش ده‌زانن و هه‌مو قسه‌و جوڵه‌یه‌كیشیان له‌پێناوی ڕاكێشانی سه‌رنج وسۆزی خه‌ڵك و چه‌پڵه‌دایه‌، ئه‌و هونه‌ره‌یشی له‌وێ و له‌ میدیاكانه‌وه‌ نمایشی ده‌كه‌ن بریتیه له‌ تۆمه‌تباركردن و داشۆرین، له‌گه‌ڵ هه‌ڵچون و هه‌ڕه‌شه‌، ئێ ئه‌وانه‌یش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌و به‌تایبه‌تیش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كاریگه‌ریگه‌رترین چه‌كن بۆ جوڵاندنی سۆزی خه‌ڵك خرۆشاندنی .

ئه‌م جاره‌یان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی شه‌وی ڕابوردوی په‌رله‌مانی كوردستان جادو به‌سه‌ر جاوگه‌ردا  قڵپ كرایه‌وه‌، وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و تیمه‌كه‌ی حكومه‌ت قسه‌یان كردو هه‌ندێ ڕونكردنه‌وه‌یاندا، كه‌چی نه‌ئه‌وه‌ و نه‌بابه‌تی سه‌ره‌كی دانیشتنه‌كه‌  به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست جێگه‌ی بایه‌خ و هه‌ڵوێست نه‌بوون، به‌ڵام كاتێك وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌زمانی به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌وته‌ داشۆرین و جێودان و هه‌ڕه‌شه‌كردن ئیدی چه‌پڵه‌ڕێزان ده‌ستی پێكرد.

ئاخر به‌ڕێزان جنێودان به‌ گه‌نده‌ڵ جگه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆڵ ناگونجێ، له‌ناو ڕێكاری كارگێڕی و یاسایی حكومیدا چ بایه‌خێكی هه‌یه‌ و چ چاره‌سه‌رێك ده‌كات، خۆ خۆتان له‌و باره‌یه‌وه‌ درێغیتان نه‌كردوه‌.

 خۆ ئیوه‌ بڕیار بوو  له‌و دانیشتنه‌دا بگه‌نه‌ ئه‌نجام و بڕیاری دروستیش بده‌ن، كه‌چی كاتێك وه‌زیر ووتی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكات بێ ئه‌خلاق و بێناموس و بێ ئه‌سله‌ ئارامیتان بۆ هات و كه‌وتنه‌ چه‌پڵه‌ لێدان، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌ڵێ شاخ ژانی گرت مشكی بوو.

كاتێك وه‌زیر ده‌ڵێت به‌قورئان ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكات ئه‌یكه‌م به‌100 پارچه‌، چه‌پڵه‌یه‌كی توندتری بۆ لێده‌ده‌ن!!!!

به‌ڕێزان خۆتان ده‌زانن چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سی تۆمه‌تبار به‌گه‌نده‌ڵی نه‌ به‌جنێو‌ ده‌بێت و نه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی پارچه‌ پارچه‌ كردن. به‌ڵام هه‌ر حه‌زده‌كه‌م به‌بیرتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی دارایی گشتی بكرێت:

پێویسته‌ هه‌مو مامه‌ڵه‌كردنێك به‌ دارایی گشتی له‌چوارچێوه‌ی یاسا و به‌ڕێكاری یاسایی و ڕێنماییی بێت، پێویسته‌ دامه‌زراوه‌ی چاودێری دارایی له‌ڕوی توانا و شاره‌زایی و ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌هێزبێت‌، هه‌مو داهات و خه‌رجیه‌كی گشتی ملكه‌چ بێت بۆ چاودێری دارایی، هه‌ر دۆسیه‌یه‌ك پاش ووردبینی ئه‌گه‌ر تێبینیی له‌سه‌ر بوو،  ڕاپۆرتی چاودێری دارایی ده‌ست نیشانی بكات كه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ پێویستیی به‌ لیژنه‌ی به‌دواداچونه‌ یان لیژنه‌ی لێكۆڵێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی لیژنه‌ به‌ پاكی دۆسیه‌كه‌و ئه‌ستۆپاكی كه‌سی تۆمه‌تبار ده‌رچوو و دیوانی چاودێری تێبینیی نه‌بوو له‌سه‌ر ڕێكاری لیژنه‌كه‌ ئه‌وه‌ دۆسیه‌كه‌ داده‌خرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو ئه‌وا  به‌پێی جۆری سه‌رپێچی پێشنیاری ئیجرائات ده‌كرێت كه‌ له‌ كه‌مترین سزای كارگێڕی فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكو  ڕه‌وانه‌كردنی دۆسیه‌كه‌ بۆ دادگای تایبه‌تمه‌ند،  له‌دادگای تایبه‌تمه‌ند پاش ته‌واو بونی هه‌مو ڕێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌وكات دادگا بڕیای له‌باره‌وه‌ ده‌دات، به‌ڵام به‌پێی یاساكانی هه‌رێم و عیراق ئه‌و سزایانه‌ پارچه‌ پارچه‌ كردنیان تێدا نیه‌!!!! واته‌ نه‌ك وه‌زیر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌ به‌ڵكو داداگاكانیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سزایه‌یان نیه‌!! به‌ڵام له‌به‌رزترین دامه‌زراوه‌ی یاسایی و شوێنی یاسادان چه‌پڵه‌ی بۆ لێدرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن