پارتی ویەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوە مێژووییە قورسەکەدا
11/25/2024 10:58:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی
یەکێتی لەهەڵمەت هەڵبژاردنی خۆیدا، بەچری باسی لە راستکردنەوەی رێبازی حوکومرانی وبەدامەزراوەیکردنی دەسەڵات دەکرد. ئەوەش لێیان دەخوازێت سەرنجیان لەسەرسیستم وبیناکردنەوەی چربکەنەوە نەك پۆست وکەسەکان.. پارتیش لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن ودوای ئەویش لەسەر زاری سەرۆکەکەیەوە، جەخت لە کوردستانێکی یەکگرتوو بەهێز، پەسندکردنی دەستوور، یەك هێزی پێشمەرگەو یەك حکومەت ودەسەڵاتێکی ناوەندی وکۆتایهاتن بەفرە دەسەڵاتی کردۆتەوە ودەکاتەوە، کە لە زیاد لەلێدوانێکمدا وتوومە ئەمانە مەرجی حیزبی نین و داواکاری نیشتیمانی قۆناغەکەن، واتە بۆ هیچ حیزب وهێزێك نییە و پێش هەمووانیش پارتی، خۆی بەنیشتیمانی پێناسەبکات وئەم ناونیشانانە بەئەرکی قۆناغەکەو داواکاری نیشتیمانی نەزانێت ، مەبەستیشم بوو بڵێم بۆپارتی نییە ئەم داواکاریانە وەك مەرجی حیزبی سەیر بکات وبەوپێیەش پێی وابێت مافی ئەوەی هەیە بەرامبەردەستکەوتی گرووپی سازشیان لەسەربکات وپشتگوێیان بخات، لەرووی تیۆریشەوە ئاسان نییە هیچ هێزیك رەتیان بکاتەوە، بەڵام کاتێك پارتی وەك هێزی گەورەو یەکەمی هەڵبژاردن ئەم درووشمە گەورە بەرزدەکاتەوە، دەبێت هووشیاربێت بە قورسی ئەرکەکەو ئەوقوربانی ولەخۆبوردوویی وهەست وعەقڵییەتە نوێیەی لەم پێناوەدا لێی چاوەڕوان وداوا دەکرێت، لێشی دەخوازێت پێش هەموو شتێك لەگفتووگۆو وتووێژەکانی پێکهێنانی حکومەت وزەمینە سازکردن بۆ بەدیهێنانی ئەوئامانجە مەزن وگرنگانە، قورسایی خۆی بخاتە سەر بەرنامەی حکوومەت و درووستکردنی تەوافوقێکی نیشتیمانی نەك پۆست وکەسەکان.
بەکورتی وبەکوردی ئەگەر درووشم و داواکارییەکان بەپێوەر وەربگرین پارتی ویەکێتی وتەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی پێشووش بەزمانی جیاواز داوای یەکشت دەکەن، ئەویش کۆتایپێهێنان و تێپەراندنی ئەزموونی حوکمڕانی جووت حیزبەکەیە لەفۆرمەکۆنەکە وقۆناغی پێشوودا. کۆکن لەسەر داچۆرانی تواناکانی ومەترسییەکانی بۆسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم، چوونکە بەتەواوی مانا دژبەیەکییەکانی ناوی تەقیونەوە، گەیشتۆتە بنبەستێکی مێژوویی تەواوو هیچی وای پێنەماوە بیبەخسێت وبۆتە بارگرانی بەسەر کۆی ناسیۆنالیزمی کوردستانییەوە، هەربۆیە دووبارە کردنەوەو درێژە پێدانی وپێکهێنانی حکومەتی نوێ لەهەمان چوارچێوەی حیزبی وئیداری و دەروونیدا، جگەلەکارەسات هیچیتری بەدواوە نییە، دەشبێتە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر لەسەر پەککەوتوویی عەقڵی سەرکردایەتیان وخولانەوەی لەبازنەیەکی داخراوی قانگدراو بەبوغزویەکتر رەتکردنەوەوناکارایی وبێئاسۆیدا. هەرێمیش لە قەراغی دارمان ولەدەستدانی پاشماوەی تواناکانی لەچوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا نزیکدەکاتەوە، چوونکە ئاسان نییە لەسایەی ئاڵنگاری واقیعە نوێکەی عێراق وناوچەکەو کەڵەکەبوونی کێشەکان و فەوزای ناکۆکی ودابەشبوون وگەندەڵیدا، تووانای مانەوەو پارێزگاری لەخۆ کردنی وەك پێویست بمێنێت.
لێرەوە هەرێمی کوردستان پێویستیەکی مێژوویی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و قۆناغێکی نوێی سیاسی وحوکمڕانی، دارشتنەوەی دام ودەزگاو پەیوەندییەکان، رێکخستنەوەی ئامانجە لەپێشینەکان، کۆکردنەوەی سەرجەم توانا نیشتیمانییەکان و تانوپۆدارکردنی کۆمەڵگە سیاسییەکەیەتی لەڕێی دەستوورێکی تەوافوق لەسەرکراوەوە هەیە.دەبێت بەرێزیشەوەمامەڵە لەگەڵ ئەو دەرفەتەدا بکرێت زۆرینەی گەلی کوردستانی باشوور داوییەتیەوە بەهێزە سیاسییەکا و بەتایبەتیش پارتی ویەکێتی، تەنانەت وەكو دووا دەرفەتی مێژووییش سەیریبکرێت، ئۆپۆزیسیۆنیش لەپەیوەندی بەوداواکارییە نیشتیمانیانەی سەرەوە، لەرووی درووشم وداواکارییەوە هاوبەشی دووهێزە دەسەڵاتدارە کۆنەکەیە، بۆیە دەبێت قورسایی خۆی بخاتە سەر چەسپاندنیان لەبەرنامەی حکومەت چاودێریکردن بۆبەدیهێنانیان بەکردەوە، گەرچی لای من لەوەش راستر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتی نیشتیمانیە، لەسۆنگەی گەورەیی ئەرکەکان وژێرخان بوونیان ودۆخی مەترسیداری ناوچەکە