“گەڕانی مرۆڤ بە شوێن مانادا”
01:37 - 05/11/2024
فیکتەر فڕانکلن
ئەم پەڕتووکە لەلایەن
دەربازبووی کۆمەڵکوژی (جینۆساید) هۆڵۆکۆستەوە، فیکتەر ئی فرانکل، نووسراوە. نووسینەکە
باس لە ئەزموونێکی زۆر گرنگ و تایبەتی مرۆڤ (قوربانی) دەکات لە بەرامبەر ئازار و سەختی
ژیاندا.
دەروونناس فرانکڵ
نموونە و بەڵگەی تایبەتی و کەسێتی خوودی باس و نمایش دەکات تایبەت بە تیۆرە ناوازەکەی
کە تایبەتە بە گەڕان و دۆزینەوەی مانای ژیان لای مرۆڤ. بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە ئەزموونی
ناخۆش و پڕ لە ئازاری خۆی دەبەسێت لە کامپینەکانی نازیەکاندا.
پەڕتووکەکە دابەشکراوە
بۆ دوو بەش: بەشی یەکەم گێڕانەوەی ئەزموونی خۆیەتی لە هۆڵۆکۆست.
بەشی دووەمی تایبەتە
بەو ڕێچکە و شێوازی چارەسەری دەروونیەی خۆی کە دایڕشتووە و بە لۆگۆسێرپی (Logotherpay) ناسراوە.
ئەمە ١٠ وانەی
گرنگن لە ناوەڕۆکی پەرتووکەکە:
١- گەڕان بەدوای مانادا بنچینەییە. فڕاکلن
وایدادەنێت پاڵنەری سەرەکی مرۆڤایەتی بەدەستهێنانی خۆشی نیە (هەروەک چۆن فرۆید پێشنیاری
کردوە) وە هێزیش نیە (هەروەک چۆن ئادڵەر ئاماژەی پێکردوە)، بەڵکو گەڕانە بەدوای
مانادا. فڕانکلن گفتوگۆی ئەوە دەکات دۆزینەوەی مەبەست و مانا لە ژیاندا پێویستە بۆ
خۆشگوزەرانی و ئارامی دەروونی و توانای بەرەنگاربوونەوە و تەحەمولکردنی ناخۆشیەکانیش
لە کات و ساتە سەختەکاندا.
٢- ئازارچەشتن دەکرێت مانادار بێت. یەکێک
لە خاڵە جەوهەریەکان و ناوەڕۆکی پەڕتووکەکە تایبەتە بەوەی کە ئازارچەشتن و ناڕەحەتی
لە کاتێکدا زۆر ناخۆشە، بەڵام دەکرێتە ببێتە سەرچاوەیەکی مانا بەخشین. فرانکڵ چەخت
لەسەر ئەوە ئەکاتەوە تاکەکان دەتوانن شێوازی دەرباز بوون هەڵبژێرن لەگەڵ خەم و
ئازارەکاندا، وە لە هەمان کاتیشدا ماناش بدۆزنەوە لە دەرئەنجامی ئەزموونەکانیاندا.
بە گرتنەبەری شێوازێکی ئەرێنی بەرامبەر خەم و پەژارە و گۆڕانی بۆ شێوە و ڕێگایەکی
گەشەکردنی شەخسی.
٣- ئازادی هەڵبژاردن: فرانکڵ تەرکیز ئەکاتەوە
لەسەر ئەو خاڵەی کە سەرەڕای هەموو باردۆخە دەرەکیەکان، تاکەکان هەموو کاتێک توانا
و ئازادی هەڵبژاردنیان هەیە بەرامبەر بە شێواز و شێوەی وەڵامدانەوە و ڕەفتاریان. ئەم
چەمکی ئازادی خودیە زۆر بنچینەییە. تەنانەت لەژێر خراپترین بارودۆخی ستەم و چەوساندنەوەدا،
مرۆڤەکان توانای هێشتنەوەی کەرامەت و هەستکردن و مانای خودی هەیە لە ڕێگای هەڵبژاردنی
شێوازی کاردانەوەیان بەرامبەر ناخۆشی و ئازارەکان.
٤- گرنگی هەستی بەرپرسیارێتی: هاوشانی
ئازادی، بەرپرسیارێتی یەت. فرانکڵ تەکید ئەکاتەوە لەسەر بوونی ئازادی هەڵبژاردن، لە
هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی ئەوەش یەت کە مانادارانە و شیاوانە ڕەفتار و مامەڵە بکرێت.
هانی خوێنەران ئەدات کە بەرپرسیارێتی بڕیار و شێوەی ژیانیان لە ئەستۆبگرن. چوونکە ڕەچاوکردنی
بەرپرسیارێتی لە ژیاندا سەرەکی و پێویستە بۆ دۆزینەوەی مەبەستەکان و دابینکردنی ژیانێکی
شایستە و مانا بەخش.
٥- سێ ڕێگای گەیشتن بە مانا. فرانکڵ دەستنیشانی
سێ سەرچاوە و ڕێگا دەکات کە مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگایانەوە بگەن بە مانا. لە ڕێگای
کارکردنەوە (کردنی شتێک کە گرنگ بێت)، لە ڕێگای خۆشەویستیەوە (ئەزموونکردن و پیشاندانی
خۆشەویستی بەرامبەر خەڵکانی تر)، وە پاشان لە ڕێگای ئازار چەشتنەوە (دۆزینەوەی
مانا لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا). هەر یەکێک لەو ڕێگایانە شێوازێکی جیاواز پێشکەش
ئەکەن بۆ بنیادنانی ژیانێکی مانادار.
٦- دەوری هیوا: دەستگرتن بە هیواوەوە گرنگە
لە کاتی ناڕەحەتیەکاندا. فرانکڵ تێبینی ئەوەی کردبوو ئەو کەسانەی ئومێد و هیوا و ڕوئیایەکیان
هەبوو داهاتوو یان هۆکاری تەحەمولکردن،، زۆرتر و زیاتر توانای مانەوە و ژیانیان هەبوو
بەرامبەر ناڕەحەتی و ئازارەکانی کەمپەکانی هۆڵۆکۆست. ئۆمێد سەرچاوەی پێدانی پاڵنەرەکانی
بەردەوامی و گەڕانە بۆ مانا تەنانەت لە کاتە هەر سەخت و دژوارەکاندا.
٧- تێپەڕاندنی خوود سەنتەری: فرانکڵ چەخت
لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەیشتن بە مانای بڵندی ڕاستەقینە لەو کاتەدا دەستەبەر دەبێت
کە کەسێک توانای تێپەڕاندنی پێداویستیە تاکەکە کەسی و خودیەکانی هەبێت و تەرکیز
بکاتە سەر شتێک کە باڵاتر بێت لە خود. جا ئایا لە ڕێگای هاوکاری ئەوانەی ترەوە بێت،
یان بەشدار بێت لە کارێکی مەزندا، وەیان سەرقاڵی پێگەیاندنی پەیوەندیەکان بێت،
کرداری بەخشین دەبێت هۆکاری گەیشتن و هەستکردن بە مانای قوڵ و مەبەست.
٨- هێزی خۆشەویستی: خۆشەویستی سەرچاوەیەکی
گەورەی مانایە. فرانکڵ باس لەوە ئەکات کە چۆن خۆشەویستی بۆ کەسانی تر دەبێتە هۆکاری
توانا و ئاوات. تەنانەت لە ناخۆشترین کاتدا، فکرکردنی خۆشەویستی کە کەسێک بتوانێت
بیری لێ بکاتەوە دەتوانێت مانا بەخش و پیشاندەری ئەو پەیوەندیە گرنگانە بن کە دەبنە
هۆکاری دۆزینەوەی مانا.
٩- بۆشای ئەبەدیەت: فرانکڵ باس لە چەمکی بۆشایی
ئەبەدیەت ئەکات. باس لەو حاڵەت و بارودۆخ بەتاڵ و ناخۆشانە ئەکات کە سەرهەڵئەدەن لەو
کاتانەی کە مرۆڤەکان هەست بە بوونی هیچ مانایەک ناکەنەوە لە ژیانیاندا. ئەم بۆشایە
دەکرێتە سەرکێشی بکات بۆ هەستکردن بە بێ مانایی و نا ئومێدی. بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی
ئەمەش هانی مرۆڤەکان ئەدات کە بە بەردەوامی بە شوێن گەڕانی ئەو شتانەوە بن کە مانا
دەبەخشنە ژیان.
١٠- لۆگۆسێرپی (Logotherapy): لە کۆتایدا فرانکڵ پێشنیاری شێوازەکەی
خۆی دەکات کە بە لۆگۆسێرپی ناساندویەتی. شێوازێکی چارەسەرە کە تەرکیز ئەکاتە سەر ئەوەی
هاوکاری مرۆڤەکان بکات بۆ دۆزینەوەی مانا لە ژیانیاندا. چارەسەری لۆگۆسێرپی هانی کەسانی
بەکاربەر ئەدات هەوڵی دۆزینەوە و کەشفکردنی بەهاکانیان، باوەڕەکانیان، ئاواتەکانیان
بدەن و هێزیان ئەداتێ بۆ هەڵبژاردنی ئەو ئەو بژاردانەی هاوشێوە و لێکچووی گەڕانەکانیان
بە شوێن مانادا. ئەم چارەسەر پشت بەستوە بەو گریمانەیەی کە دەکرێت مانا لە هەموو
بارودۆخێکدا بدۆزرێتەوە، تەنانەت لە سەخترین بارودۆخەکانیشدا.
بەو هیوایەی هەموومان
بتوانین مانا بە ژیان و بوونمان بدەین لە ڕێگای گەڕان و پشکنین و ڕاڤەکردن و لێکدانەوە
و گفتوگۆکردن و هەوڵدانە بەردەوامەکانمان.
من وەک خۆم (کامەران
کوردی) زۆر دەمێکە و لە مێژە گەویشتوون بەو قەناعەت و تێگەیشتنە ڕەهایەیی کە کورد
بوونم مانادارترین و بە بەهاترین و باڵاترین جۆری بوونە.
لای من وەک هەموو
جار وتومە و ئەیڵێمەوە کورد بوون بەشێکە لە بوون کە بەبێ کورد دەکرێت بوون مانادار
نەبێت.
هەموو کوردێکی ڕاستگۆ
و دڵسۆز و خەمخۆرم لە هەموو شتێکی ئەم سەر زەمینە بوونە خۆش و خۆشتر ئەوێت. تا ئەم
ساتە توانیمە بە دروستی و ڕاستگۆی ئەم بوونە هەم لە ئەستۆ بگرم هەم بیپارێزم بە شایەتی
دۆست و یار و نەیار گەر هەبێت.
بەو هیوایەی هەمووان
ئاسودە و خۆشبەخت و سەلامەت بن. ئاسۆی کورد گەش و ڕووناک و پڕشنگدار و بە مانایە.
تۆش دەتوانی لە ڕێگای
سەرنج و تێبیەکانتەوە پێمان بڵێی چ شتێک زۆر مانا بەخش و بە بەهایە لای بەڕێزتان.
ئایا هاوڕای هیچ یەکێک لەو ١٠ خاڵەی فیکتەر فڕانکلنی؟
وەرگێڕان و
ئامادەکردنی:
کامەران کوردی
٢٠٢٤/١٠/٣١
کوردستانی
بچووک/ناشفڵ
هەرێمە یەکگرتووەکانی
ئەمەریکا