بەغدا نەوت و بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
06:54 - 28/11/2024
زەمەن - کوردستانی
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و باسیان لە بەشە سووتەمەنی هەرێمی کوردستان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، بەغدا نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و تاوتوێی ناردنی بەنزینیشیان کردووە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەید فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی، موحسین تەها، راوێژکار لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندەکەی هەرێمی کوردستان بوون و لەگەڵ عەلی معارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن کۆبوونەوە.
بەگوێرەی گوتەی شاندی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا دەستبەجێ بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کە بڕەکەی 50 ملیۆن لیترە.
هەروەها، لەبارەی هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان، بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتوویەتی، داوای شاندەکەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن و لە داهاتوودا وەڵامیان دەدەنەوە.