148وتار

پشكی هه‌رێم له‌ناوه‌وه‌ی ڕه‌شنوسی بودجه‌ی عێراق 2023

4/16/2023 7:49:00 PM
جیهانگیر سدیق گوڵپی

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 16/4 له‌ په‌رله‌مانی عێراق قۆناغی خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م و گفتوگۆكردن بۆ په‌سه‌ندكردن ڕه‌شنوسی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی عێراق بۆ ساڵی 2023 ده‌ست پێبكات.
هیوادارم نوێنه‌رانمان و گفتوگۆكارانمان سه‌رنجی ئه‌م ژماره‌و ڕێژانه‌ی خواره‌وه‌ بده‌ن كه‌ له‌ ناواخنی ڕه‌شنوسی  بودجه‌ خه‌مڵێنراوه‌كه‌وه‌‌ شیكراونه‌ته‌وه:
یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی گشتیی بودجه‌كه‌:

1_به‌شداری هه‌رێم له‌ پێكهێنانی كۆی داهاته‌ گشتیه‌كانی بودجه‌كه (%11)‌.

2_ به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌ كۆی خه‌رجیه‌كانی بودجه‌كه‌ (%7.7)، كۆی بودجه‌كه‌ ‌زیاتر له‌ (199) ترلیۆن دیناره‌، به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم  (15) ترلیۆن و (409) ملیار دیناره‌، ئه‌وه‌ ئه‌و بڕه‌یه‌ كه‌ ده‌ردێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌توانێت خه‌رجی بكات بۆ موچه‌ و ته‌شغیلی و پرۆژه‌كان، بڕی ته‌رخانكراو بۆ پێشمه‌رگه‌یشی له‌گه‌ڵ هه‌ژمار كراوه‌.

دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستی په‌یكه‌ربه‌ندی و دابه‌شكاریی ته‌رخانكراوه‌كان:

1_ڕێژه‌ی به‌شی هه‌رێم له‌ بڕی قه‌رزی ته‌رخانكراو بۆ ته‌مویلی پرۆژه‌كان(0.63%)  .

2_ڕێژه‌ی به‌شی هه‌رێم له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌كه‌ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق (0%)ه، كه‌ بڕه‌كه‌یان( 18) ترلیۆن و (962) ملیار دیناره‌ و‌ له‌ بودجه‌ی 2023 ده‌درێنه‌وه . 
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌رێم به‌ڕێژه‌ی( 12.67%) به‌شدار ده‌بێت له‌دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌، و به‌ (11%) یش به‌شدارده‌بێت له‌ پێكهێنانی داهاته‌ گشتیه‌كان بودجه‌ی 2023 ی عێراق.
3_ ڕیژه‌ی به‌شی پێشمه‌رگه‌ له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئاسایش و به‌رگری(1.5%) ، له‌به‌رامبه‌ردا (62.7%) بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری، (24.6%) بۆ حه‌شدی شه‌عبی، (11.1%)  بۆ داموده‌زگاكانی (المجلس الامن الوطني,جهازمكافحة الارهاب, جهاز المخابرات الوطني, هيئة تصنيع الحربي..)

4_ڕێژه‌ی به‌شی هه‌رێم له‌ ته‌رخانكراو بۆ په‌ره‌پێدانی هه‌رێم و پارێزگاكان(%11).

5_ته‌نها (3) ترلیۆن و (916) ملیار دینار بڕی ته‌رحانكراو بۆ كۆی تێچوه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و گواستنه‌وه‌.

6_ڕیژه‌ی لێبڕین له‌قه‌باره‌ی شایسته‌ی هه‌رێم بۆ خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌و چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تر (39%).

7_خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌وه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تر كه‌ بڕه‌كه‌یان زیاتره‌ له‌(81) ترلیۆن دینار و (40%) ی كۆی بودجی عێراق پێك ده‌هێنن، هه‌مویان به‌ده‌رده‌كرێن له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، پاشتریش هه‌رێم به‌كه‌مترین ڕێژه‌ لێیان سودمه‌ند ده‌بێت، وه‌ك له‌ خاله‌كانی سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌چه‌ند به‌شێكیان كرا.

پوخته‌ی سه‌رنج:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی ڕه‌شنوسی بودجه‌كه‌ كۆی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان و نیوه‌ی داهاته‌ نانه‌وتیه‌ ئیتیحادیه‌كانی هه‌رێم وه‌ك داهاتی بودجه‌ عێراق هه‌ژمار كراون، به‌ڵام  كه‌می بڕی ته‌رخانركراو بۆ خه‌رجیه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم ، ته‌رخاننه‌كردنی هیچ بڕێك بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێم، كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شی هه‌رێم له‌ ته‌رخانكراوی قه‌رزی پرۆژه‌كان و خه‌رجیه‌كانی به‌رگری و ئاسایش، بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم زۆر كه‌متر له‌شایسته‌ی خۆی  بۆ ته‌رخان بكرێت‌، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و بودجه‌كه‌ وه‌كو خۆی په‌سه‌ند بكرێت و بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم توشی كورتهێنان ده‌بێت، سه‌ره‌نجامیش یان ئه‌بێت ده‌ست ببات بۆ ته‌رخانكراوه‌كانی موچه‌و ته‌شغیلی و خزمه‌تگوزاریه‌كان و پرۆژه‌كان، یانیش ده‌بێ قه‌رز بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن