عێراقی دوای سەرژمێری: چی دەگۆڕێت و چی وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
11/27/2024 8:55:00 AM
د.پشتیوان فەرەج
دواجار دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و لەدوای سێ دەیە پرۆسەی سەرژمێری عێڕاق کۆتایی هات و ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکرانەوە. بەرپرسانی حکومەت لەوانەش سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە ئەنجامی ئەو سەرژمێریە هەموو وردەکاریەکانی واقیعی عێڕاقمان بۆ دەخاتە ڕوو. ئەم پرۆسەیە وەک شۆڕشێک دەبێت لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەوڵەت ئەویش بە پشت بەستن بەداتاو ئاماری دروست. لەم ڕاپۆرتەدا جگە لە زانیاری نەبیستراو و نەگوتراو شیکاری سیاسی بۆ ئەنجامە بەراییەکان بۆ دەخەمە ڕوو بەهیوای بەرچاوڕوونی هەموولایەنێک.
گۆڕانکاری لە کورسیەکانی پەرلەمان
زانیاری و داتای وورد لەسەر ژمارە و دابەشبوونی دانیشتووان گرنگە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانى حکومەت و پرۆسەی سیاسی. لە دەستووردا دابەشکردنی یەک کورسی لە ئەنجومەنی یاسادانانی فیدراڵی بۆ هەر ١٠٠ هەزار دانیشتوان عێراقی دیاری کراوە. بەم پێیە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی عێڕاق یان بڵێین ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٢٧٥ ئەندامەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ گۆڕدرا بۆ ٣٢٩ کورسی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١.
بەپێ ی ئەم سەرژمێریە دەبێت ١٠٦ کورسی پەرلەمان زیاد بکات
شەیتان لە وردەکاریەکانی سەرژمێریدایە: ئایا کۆتایی بە سیستەمی موحاسەسە دێت؟
زیادبوونی ئەو 54 کورسی ئاماژەیە بۆ گەشەی کۆی ژمارەی دانیشتووان کە
لە 16 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 5.4 ملیۆن کەس بوو. بەپێ ی ئەم سەرژمێریە دەبێت کورسەکان لە ٣٢٩ کۆرسیەوە بگۆڕدرێت بۆ ٤٣٥ کورسی واتە ١٠٦ کورسی پەرلەمان زیاد بکات چونکە دانیشتوان بووە بە ١٤ ملیۆن و نیو کەس. ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنەی ساڵی ئایندەی عێڕاق ئەم گۆرانکاریە گەورەیە بهێنێتە ئاراوە و ئەمەش زۆر لە هاوکێشەکان دەگۆڕێت. دوور نیە گەورەترین گۆڕانکاری سیاسی کە لە ڕێگەی ئەم سەرژمێریەوە بێتە دی زیادکردنی کورسیەکانی پەرلەمان بێت و کوردستان لە جیاتی ٦٠ کورسی ٦٨ بۆ ٧٠ کورسی بەربکەوێت ئەویش بە ڕەچاوکردنی سیستەمی کۆتا و کەمایەتیەکان.
گرنگترین پرسیار بۆچی تەرک کراوە؟
ئەم سەرژمێریە دووپرسیاری هەرە گرنگی تەرک کردوە کە پەیوەستن بە پرسی نەتەوە و مەزهەب. بەڵام لە واقیعدا پرسی نەتەوە و مەزهەب کۆڵەکەی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیە لە دوای ٢٠٠٣ەوە. سیستەمی حکومڕانی عێڕاق سیستەمێکی سیاسی موحاسەسەیی نافەرمی ئیتنۆ-تایفەگەریە کە دەسەڵاتی سیاسی دابەشکردوە لە نێوان شیعە و سونە و کورد و هەندێک دەسڵاتی لاوەکی بۆ کەمایەتیەکان. هەر لەبەر ئەوەیە کە زۆر لە عێڕاقیەکان هیوایەکی زۆریان بە ئەنجامی سەرژمێری نیە کە گۆڕانکاری دروست بکات. بەڵام ئایا وایە ئایا پرۆسەی سیاسی لە دوای سەرژمێری وەک خۆی دەمێنتەوە یان گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟ چونکە بەپێ ی ئەنجامەکان بێ دەبێت سەراپای سیستەمەکە بگۆڕدرێت چۆن و بە چ میکانیزمێک لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاریەکان دەخەمە ڕوو.
ناوچە جێناکۆکەکان یان ناوچە هاوبەشەکان؟
ئەوەی بەووردی سەرنجی میدیای کوردی و عێڕاقی و جیهانی بدات لە گرنگی ئەم زاراوانە تێدەگات کە من لێرەدا بەکارم هێناوە. لە ڕاگەیاندنی وەزیری پلاندانان بۆ ئەنجامی بەرایی سەرژمێری نەیگوت ناوچە کێشەلەسەرەکان یان جێناکۆکەکان بەڵکو زاراوەی ناوچەی هاوبەشی بەکار هێنا. ئەمەش مانا و مەغزای خۆی هەیە بۆ لەمەودوا.
وەک بینیمان بە دەیان هەزار کورد گەڕانەوە بۆ کەرکوک و جێ زێدی باوو باپیرانیان. کورد بەشێوەیەکی گشتی نیگەرانە لەوەی ئەو ناوچانە تەعریب بکرێن و کورد پەراوێزبخرێت. بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی ئەم نیگەرانیانە و سەرخستنی پرۆسەکە نوخبەی حکومەت و وەزارەتی پلاندانانی عێڕاقی پێیان باش بوو پرسیاری پەیوەست بە نەتەوە و مەزهەب لەم سەرژمێریە لابەن. هەڵبەتە بەناڕاستەوخۆیی لابردنی ئەو دوو پرسیارە خۆی لەخۆیدا نیەتی حکومەت بۆ لاوازکردنی ئینتیمای نەتەوەیی و مەزهەبیە و بەهێزکردنی ئینتیمای هاوڵاتیانە بۆ نیشتمان ئەگەر ئەمە هەر لەسەرەتاوە لە مێشکی داڕێژەرانی سەرژمێریەکەدا بوو بێت.
هێشتا نەتەوە و مەزهەب بنەمای کاری سیاسیە
ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگری سیستەمی سیاسی ئێستای عێڕاق پشت بەستنە بە سیاسیەتی موحاسەسەی نەتەوەیی و تایفی لە نێوان عەرەبی سونە و شیعە و کورد. دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی پشکپشکێنە لەنێوان ئەو سێ پێکهاتەیەدا بووە بە نەریتی نوێنەرایەتی کردنی سیاسی و دابەشکردنی سەرچاوەکان. بەڵام بیرۆکراتەکانی ناو حکومەت لەوانەش سودانی ناچارن وەها ڕەفتار و لێدوان بدەن و مامەڵە بکەن کە وانیە. هەرچەند پێشبینی ناکرێت ئەنجامەکانی سەرژمێری گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لەم سیستەمەدا بکات بەڵام دەرفەتێک هەیە کە داتا نوێیەکانی سەرژمێری بتوانێت گۆڕانکاریەکی باش لە ژیانی هاوڵاتیانی عێڕاق بکات بەڵام چۆن؟ لەخوارەوە داتا و زانیاری نەبیستراوتان بۆ دەخەمە ڕوو.
ئایا سیستەمێکی نوێ جێ ی سیستەمی موحاسەسە دەگرێتەوە؟
زۆر لە هاوڵاتیان ترسیان لەوە هەیە کە نوخبەی سیاسی بەشێوەیەکی هەمیشەیی خوویان گرتوە و پەیوەست بوون بە سیستەم و داڕشتنی سیاسەتی مەزهەب و نەتەوە بەڵام ئەنجامەکانی سەرژمێری ساتێکی دەگمەن لە مێژووی عێڕاقدا پێشکەش دەکات بۆ پشت بەستن بە سیستەمێکی نوێ و ڕێگایەکی نوێ بۆ نوێنەرایەتی کردن و حکومڕانی. چیدی عێڕاق پێویست ناکات هەرلەسەر ڕێچکە کۆنەکەی موحاسەسە بڕوات بەڵکو لەمەودوا چانسی ئەوە هەیە کە سیاسەت لەسەر بنەمانی داتا وبیرکردنەوەی نوێ ببرێت بەڕێوە؟ چۆن و بۆچی وا دەڵێم چونکە منی هاوڵاتی لەئێستادا داتای گرنگم لەبەردەستە کە دەکرێت کۆی کایەی سیاسەی لەڕیشەوە بگۆڕێت.
سەرژمێری سیاسی و سەرژمێری بۆ پەرەپێدان؟
دوایین جار بەغدا سەرژمێری لە ساڵی 1997 ئەنجامدا و ژمارەی دانیشتوانی عێراق نزیکەی 22 ملیۆن کەس بوو. بەڵام ئەو ڕاپرسیە کوردستانی نەگرتەوە و کاریگەری بەعسی لەسەر بوو، ڕاپرسییەکە بەبۆچونی چاودێران باتڵ بوو. بەڵام ئەم سەرژمێریە زۆر ئاڵۆزە و هێشتا کۆتایی پێ نەهاتوە و لەژێر داواکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە ئامادەکراوە . خۆشبەختانە خۆم شەرەفی ئەوەم پێبڕاوە کە ئەو ستراتیژیە نیشتمانیە بؤ گەشەپؽدان و ئامانجە دوورمەوداکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پلانی حكومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٣٠ لە ئینگلیزیەوە بکەم بە عەرەبی و لەلایەن یو ئێن و حكومەتی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بڵاوکراوەتەوە.
دیمۆگرافیا چۆن گۆڕا لەم سەرژمێریەدا؟
لەدوای سەدام دانیشتوانی عێڕاق بەڕێژەیکی بەرچاو زیادی کرد. %٦٠ ى دانیشتوانی ئێستای عێڕاق لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ لەدایک بوون و %٤٠ ی دیکەی لەدوای داگیریکردنی عێڕأق لە ٢٠٠٣ ەوە لە دایک بوون. بەبەراورد بە وڵاتانی دراوسێ عێڕاق وڵاتێکی گەنجە و ڕێژەیەکی بەرزی مناڵ بوون هەیە و ئاستی گەشەی دانیشتوان زۆر بەرزە. پێشبینی دەکرێ لە ساڵی ٢٠٣٠ عێڕاق بگات بە ٥٠ ملیۆن کەس.
ئامارە جیهانیەکان ڕاست نەبوون
لەبەر ئەوەی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە سەرژمێری نەکرابوو لە عێڕاق و ئەوەی هەبوو تەنها تەخمینی دەزگا و ناوەندە جیهانیەکان بوو بۆ نمونە بەپێ ی ئاماری ۆڕڵد پۆپیولەشن ڕیفیو عێڕاق نزیکەی ٤٤ ملیۆن و نیو کەس دەبوو بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێڕأق لەساڵی ٢٠٢٢ دا نزیکەی ٤٢ ملیۆن و نیو کەس بوو. ئەم ئامارە سەلمانی هەردوو پێشبینیەکە ڕاست نەبوون و عێڕاق دانیشتوانەکەی ٤٥ ملیۆن و چوار سەد هەزار کەسە.
خێڕاترین پرۆسەی شارنشینی لە کام شاردایە؟
نەبوونی ئاماری جێی متمانە کاری بنەڕەتی حکومەت لە قاڵب دەدات، لەوانەش توانای حکومەت بۆ دامەزراندن و زیاترکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دیاریکردنی ڕێژەی هەژاری بە وردی. یەکێک لە خاڵە گرنگەکان عێراقە تێگەیشتن لە ڕێژەی گەشەی دانیشتووانێک هێندەی تێگەیشتن لەوەی کە گەشەکردنەکە لە کوێ چڕ بووەتەوە گرنگە. ڕێژەی شارنشینی بەرفراوان بووەتە هۆی فشارێکی بەرچاو لەسەر ژێرخان و سەرچاوەکان، ئێستا دەرکەوتوە %٧١ ی دانیشتوانی عێڕاق لە شاردا دەژین و لە % ٢٩ی لە گوند و لادێکان نیشتەجێن. ڕێژەی شارنشینی لە نەینەوا لە پلەی یەکەمە بەڕێژی %٩١.٦ و دواتر ڕێژەی شارنشینی لە سلێمانیە بە رێژەی %٩١ و دواتر بەغداد لەپلەی سێیەمدایە بەڕێژەی %٨٥ و پارێزگای موسەنا لەپلەی چوارەمدایە بەڕێژەی %٧٨، کە ملیۆنان شارنشین لە ململانێدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ زۆر قەیرانی قوڵی کەمی ئاوو و کشتوکاڵ و گۆڕانکاری ژینگەیی زۆر کێشەی دیکەی قوڵ.
بەغداد چیدی توانای ڕاگرتنی ئەو دانیشتوانە زۆرەی نیە
جێگای سەرسوڕمان نییە کە خێراترین گەشەی دانیشتوان لە پایتەختی بەغدا ڕوویداوە، بەمەش دەبێتە چوارەم چڕترین ناوچەی شارە گەورەکانی جیهان لە جیهاندا. بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئەم جۆرە لە ژیانکردن، بەغدادییەکان لەلاوازترین پێگەدان لە ڕووی کاریگەربوون بە ڕووداو و لێکەوتە توندەکانی کەشوهەوا لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانیشتوانی شارەکە لە "توانای هەڵگرتن"ی شارەکە- زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناوچەیەک دەتوانێت پشتگیری بکات بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوە بەردەستەکان. پێدەچێت هەندێک گەڕەکی بەغداد، وەک شاری سەدر، پێشتر ئەم سنوورەیان تێپەڕاندبێت. تێکڕای داهاتی هەر کەسێک لە ڕاستیدا دەتوانێت بگاتە ٦,٨٢٦ دۆلار، یان نزمترین ئاستی ٥,٦٢٠ دۆلار. ئەگەر ئەمە بخەینە چوارچێوەیەکەوە، واتە هەموو هاوڵاتیەک ڕۆژانە پێویستی بە ١٥ بۆ ١٩ دۆلار هەیە بۆ تێچووی ژیانی.
ئایا سیستەمێکی نوێ ی سیاسی دێتە کایەوە؟
ئەم سیستەمەی حکومڕانی ئێستا لەسەر بنەمای موحاسەسەی نەتەوە و مەزهەبە و شیعە و سونە و کورد حکومڕانی دەکەن. لەگەڵ هەندێک مافی سیستەمی کۆتا بۆ کەمایەتی و ژنان داڕێژراوە. بەڵام ئەم مافەی بە ئەم سێ لایەنە دراوە دەستوری نیە و زیاتر نافەرمیە و بۆ ڕاگرتنی باڵانسی حکومڕانی سەردەمی دوای سەدام بوو کە بەسەردەمی ڕاگوزەری ناسێندرا. ئەم سیستەمەی کە هەیە بریتیە لە دابەشکردنی دەسەڵات بەپێ ی قەبارە و نفوزی هەریەک لەو پێکهاتانە. بەڵام ژمارەی هەریەک لەوپێکهاتانە یەکلانەکرابوەو جێ ی مشتومڕ بوو. یەکلاکردنەوەی ژمارە و قەبارەی ئەم پێکهاتانە ئایندەی نوێنەرایەتی کردنی سیاسەتی عێڕاق پێک دەهێنێت.
زیادبوونی دانیشتوان بەشێوەیەکی نابەرامبەر
بەپێ ی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی ساڵی ٢٠٢١ دانیشتوانی شارە کوردیەکان, شارە سونەکان و شارە شیعیەکان بەشێوەیەکی نابەرامبەر زیادیان کردوە, بەڵام ئەوەی ئەم ئامارە سەری لێ دەرناکات ئایا لەو شارانەی کە پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی جیاوازی لێ یە (بەغدا و دیالە و کەرکوک و نەینەوا) بە نمونە چۆن چۆنی ژمارەی دانیشتوان زیادی کردوە و ئەمەش لەبەرژەوەندی چ لایەنێکە؟
چوار پارێزگا دەتوانن %٤٠ کورسی پەرلەمانی عێڕاق بەدەست بێنن
هەریەک لە پارێزگاکانی بەغداد و دیالە و کەرکوک و نەینەوا دەتوانن ١٦٣ کورسی پەرلەمانی بەدەست بێنن کە ئەمەش دەکاتە %٤٠ ی کورسیەکانی پەرلەمانی عێڕاق ئەویش بەپێ ی ڕێژە و ژمارەی دانیشتوانیان. ئەوەی ئەم سەرژمێریە یەکلای نەکردۆتەوە ئایا کام نەتەوە یان مەزهەب دەتوانن سوود لە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانیان وەربگرن. نەبوونی یان دانەنانی پرسیاری نەتەوەی مەزهەبی وا دەکات نەتوانین بزانین ئایا کورد لە کەرکوک زۆرینەیە یان نا. ئەگەر بمان زانیبا کورد لە کەرکوک زۆرینەیە ئەوا بەپێ ی دەستوور کەرکوک دەیتوانی داوای ئەوە بکات بەفەرمی بچنەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئەم نادڵنیاییە گرژی سیاسی لێدەکەوێتەوە و ترسی ئەوە دروست دەکات لە ئایندەدا ناسەقامگیری سیاسی لێبکەوێتەوە و ململانێ لەسەر کێ حوکمڕانی ئەو شارە دەکات دروست دەکات.
کۆچ و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سیاسەتی عێڕاق سیاسەتی زۆرینە لەدژی کەمینە بووە و ئەوەی پەیڕەوکراوە سیاسەتی جیاکاری و دەرکردن و ئاوارەیی و گۆڕانکاری دیمۆگرافی بووە. سەرەتا بەهۆی داگیرکردنی ئەمریکا بە ملیۆنان عێڕاقی ئاوارەی دەرەوە بوون, دواتر بەهۆی شەڕی سونە و شیعە و هاتنی داعش و بەردەوامی قەیرانی ئابووری و سیاسی کۆچی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە بەتایبەت لەنێوان پێکهاتەکانی وەک کریستیان و ئێزیدی و کەمایەتیەکانی دیکە کە بوون بە قوربانی دەستی داعش.
ڕێژەی مردوان چیمان پێ دەڵێت؟
تا ئێستا یەکلانەبۆتەوە ڕێژەی مردن چەند بووە لە دوای ئەوەی ئەمریکیەکان عێڕاقیان لە ٢٠٠٣ داگیر کرد. بەپێ ی سەرژمێریەکی زانکۆی جۆن هۆپکینزی ئەمریکی تەنها لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦ سەروو ٦٠٠ شەش سەد هەزار کەس کوژراون لە عێڕاقدا. بەڵام ئامارەکانی حکومەتی عێڕاق کەمتریان تۆمار کردوە. هەروەها لە ٢٠١٤ وە هاتنی داعش بە نزیکەیی ٣٠٠ هەزار کەسی تر تەنها لە توندوتیژی جەنگدا کوژراون و تا ئێستا ئەمە یەکلانەکراوەتەوە.
کەرتی خانوبەرە و نیشتەجێ بوون
بەپێ ی ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێریەکە ٧,٨٩٨,٥٨٨ حەوت ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد و هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتاو هەشت خانەوادە هەن لە عێڕاقدا. بەڵام لەبەرامبەردا ٨,٠٣٧,٢٢١ هەشت ملیۆن و سی و حەوت هەزار و دو سەد و بیست و یەک یەکەی نیشتەجێ بوون هەیە. واتە ١٣٨,٦٣٣ سەد و سی و هەشت هەزار و شەش سەد و سی و سێ یەکی نیشتەجێ بوونی زیاد هەن ئایا ئەمە بەمانای ئەوە نایەت چیتر وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێ بووندا کارێکی زیانبەخشە نەوەک سوود بەخش؟
ڕێژەی وەچەخستنەوە لەنیوان ژنانی شیعە و سونە و کورد
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە گرنگ نیە چەند و چۆن دیمۆگرافیای عێڕاق گۆڕاوە بەڵکو بۆ چەند ساڵێکی دیکە لانی کەم بۆ چوار ساڵی دیکە و حکومەتی نوێ سیستەمی سیاسی موحاسەسەیی پشکپشکێنەی شیعە و عەرەب و سونە بەردەوامی دەبێت. زیادبوونی دانیشتوان بەڕێژەیەک هێواش بۆتەوە بەجۆرێک دانیشتوانی ناوچە سوننیەکان نزمترین ئاستی وەچە خستنەوەیان هەیە بەهۆی شەڕی داعش و ئاوارەیی بوون. هەر ژنێکی شیعە بەنزیکەیی ٤.١ منداڵی دەبێت لە کاتێکدا ژنی سوونە ڕێژەی ٢.٩١ منداڵی دەبێت و ژنی کوردیش ڕێژەی وەچە خستنەوەی یەکسانە بە ٢.٩٨.
بوجەی هەرێم زیاد یان کەم دەکات؟
زیادبونی بەرچاوەی دانیشتوانی شیعە مەزهەب واتە نوێنەرایەتی کردنی ژمارەیەکی زیاتر لە پەرلەمانی عێڕاق و وەرگرتنی زۆرترین پۆست. ئەم داتا نوێیەی سەرژمێری بەدڵنیاییەوە ڕێژەی داهاتی نێوان هەرێم و بەغداد دەگۆڕێت کە پێشوتر هەرێم لەسەدا ١٧ ى داهاتی عێڕاقی وەرگرتوە و ئەم رێژەیە کەم دەکرێتەوەبۆ %١٤. ئەم داتایە دەبێتە بنەمایەکی نوێ بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی داهات و سەرچاوەکان نەک تەنها لە بودجە و میزانیەی گشتی بەڵکو لەسەرجەم سەرچاوە و ژێرخانەکانی وڵات کوردستان پشکی %١٤ ى بەردەکەوێت کە بەهۆی جیاکاری کابینەکانی پێشووتر جاری وا هەبوو پشکی %١٢ یان بە هەرێم داوە.
ململانێ لەسەر سەرچاوەکان و دەسەڵات بەردەوام دەبێت
ئەوەی ڕوونە لە عێڕاقی دوای سەرژمێریدا دیمۆگرافیا لە گۆڕاندایە, ڕێژەی وەچە خستنەوە لە نێوان پێکهاتەکان لە قازانجی شیعەیە, ئەمەش ململانێ و داینامیکی سیاسەت دەگۆڕێت. ململانێکان لەسەر دوبارە دابەشکردنەوە سەروەت و سامان و سەرچاوەکان و نوێنەرایەتی کردن و پۆستەکان و کورسی پەرلەمانی لەپرسە سەرەکیەکانی حکومەتی ئایندە دەبن.
سەرژمێری عەسای سیحری نیە
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم سەرژمێریە و ئامانجەکانی دەبوایە دەمێک لەمەوپێش ئەنجامبدرایە بەڵام کە ئێستا بە ئەنجام گەشت دەبێ ئەوە بزانین کە عەسای سیحری نیە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگاریە سیاسی و دیمۆگرافیەکانی وڵاتەکە. هێشتا زووە و دەکرێت سوودی گەورە لە ئەنجامەکانی وەربگیرێت و ئەوەی ماوەتەوە چۆنیەتی ناچارکردنی ئەوانەیە کەلە دەسەڵاتن بۆ ئەوەی بەباشی و بۆ سودی هاوڵاتیان سەرژمێریەکە بەکاربهێنن.