74 کوردستان

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی چی تێدا باس کرا؟

10:25 - 04/07/2024

زەمەن - عێراق

شەو ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا جەختکرایەوە لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە نیشتمانییەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلەکەی بێت.

کۆبوونەوەکە لە ماڵی عەممار حەکیم بەڕێوەچوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەخت لەوە کرایەوە کە هەوڵی جیدی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییەکان لەو پێناوەدا.

هاوکات ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر گۆڕینی شێوازی کارکردنی هاوپەیمانان بۆ شێوازێکی دیکە لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش.

 ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە داوایان کردووە بەدواداچوون بکرێت بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی دەستوور.

لەلایەکی دیکەوە بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق دروستبووە، دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان."

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوایین سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 ئەنجامی بوو، واتە شەش ساڵ لەمەوبەر.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن