331 کەلتور

تەوقی هۆشبەر

02:37 - 15/05/2024

📌تاریق کارێزی

لە كوردەواریدا دەگوترێت "كەوتمە نێو تەوقی عەزازیلەوە"، وەك ئاماژەیەك بەوەی ئەو مرۆڤە كەوتووەتە نێو كێشەیەكی یەكجار سەخت و دژوارەوە. 

ئەمڕۆ تەوقی عەزازیل بە كردەنی ئەوەیە، كاتێك مرۆڤ دەكەوێتە نێو تەڵە و داوی تووش بوون و ئالوودە بوون بە ماددەی هۆشبەرەوە. ئەم بابەتە وەك بیرۆكەیەك، زۆر قووڵ ئازاری هەست و ویژدانی هونەرمەندێكی كوردستان دەدات، هونەرمەندەكەش مامۆستا گوڵاڵە حەمیدە كە لە شاری كفریدا مامۆستای هونەرە. خاتوو گوڵاڵە بۆ دەربڕینی هەستی هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی ئەو تەڵە و داوە، تابلۆ دیزاینێكی كێشاوە، كە هاوپێچی ئەم پۆستە بڵاو كراوەتەوە.

دیزاینەكە شووشەیەكی سەر قەپاتە، نیوەی لای ژێرەوەی سوورە، نیوەی لای سەرەوەی سپییە. ژێرەوەی شووەكە ئاماژەیە بە مەترسی و هەڕەشە، سەرەوەی هیوایەك بۆ ژیان و ڕزگار بوون لە وەیشوومەی هۆشبەر دەخاتە ڕوو، وەك دیزاینەكەش دەری دەخات، كۆبەكۆ كەسی ئالوودەی هۆشبەر لە نێو تەڵەزگەدایە.

ئەو كەسەی بووە بە قوربانیی هۆشبەر مرۆڤێكە لە ڕووی جەستەوە بە ڕواڵەت سپ و ساغە، بەڵام جوانی و شۆخیی جەستەی بە كردەنی بە جۆرێكی دیكە خۆی دەنوێنێت، كەسی ئالوودەی هۆشبەر هێز و بڕست و توانای ئیفلیج بووە، لە دیزاینەكەشدا وا پیشان دراوە، جەستەی یەك پارچە بووە بە دەرزی و دەرمانی دژە هۆشبەری ئاوێتە بە ژەهری كوشندەی هۆشبەر، ئالوودە بوون ئەو مرۆڤەی كڵۆڵ و ئیفلیج كردووە، وەك فیگەرەكە دەری دەخات، ئەو مرۆڤە دەستی لە ژیان بەرداوە، داڕووخاوە. 

هەر لە نێو شووشەی سەر قەپات و ترسناكی هۆشبەردا، تارماییەكی ڕەش لە چەشنی مرۆڤ باوەشی بە قوربانییەكەدا كردووە، دیارە ئەو تارماییە ڕەشە هێزی تاریك و كوشندەی هۆشبەرە، تارماییەكە قوربانییەكەی ئیفلیج و ناتوانا كردووە، لە ژیان دایبڕیوە.

چێوەی دیزاینەكە و هەر چواردەوری ڕەنگی سووری خوێنینە، ئەمەش نیشانە بەوەیە كە هۆشبەر دەرد و مەرگ و مەینەتی و بەڵایەكی سامناكە. مرۆڤی هۆشمەند و وریا، حەوت فرسەنگ لەو شوێنە دوور دەكەوێتەوە، كە بۆنی هۆشبەری لێ دێت.

گوڵاڵە حەمید، نیگاركێش و مامۆستای هونەرە، هەردەم كەسێكە ئاوێتە بە ژان و خەم و نیگەرانی و ئێش و ئازاری مرۆڤەكان دەبێت. بە هونەر گوزارشت لەو شتانە دەكات، هاوسۆزییەكی مرۆڤانە دەنوێنێت، ئەمەش هەڵوێستێكی بەرزە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن