174وتار

تورکیای داگیرکەر و سوتانەکان!

7/3/2024 1:43:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

ماوەیەک پێش ئێستا لە سلێمانی، کەرکوک، هەولێر و دهۆکیش چەندین ئاگر کەوتنەوە و بەهۆیانەوە زیانێکی گەورە بە ئابووری کوردستان و هاوڵاتیان گەیشت. لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکاندا ئەگەر هاتوو بکەری تاوان نادیاربوو پێویستە لێکۆڵەر یان لایەنی بەرپرسیار پێش هەر شتێک بزانێ کێ لەو تاوان و ڕووداوانە سودمەندە، تا بەدوای سەرەداوەکاندا بچێ.

 هەرکە ئاگرەکان کەوتنەوە هەندێ گروپی شۆڤینیستی تورک بە زمانی تورکی بەرپرسیاریەتیەکەیان گرتە ئەستۆ، بەڵام بەبێ ئەوەش نیشانە و ئاماژەکانی ئەو تاوانانە هەر لەسەر تورکیا بوون. 

دەوڵەتی تورک بەهیچ شێوەیەک چاوی بە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز تەنانەت لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیش هەڵنایە و گەورە بەرپرسەکانیشیان دەیان جار گووتویانە کە ئەوان هەڵە بوونە لەسەرتادا چاویان لە دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان پۆشیوە، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا بەنوێژی نیوڕۆ دامەزراوە ژێرخانیەکانی ڕۆژئاوا بوردومان دەکات و ناشیشارێتەوە کە ئەوان نەک هەر ڕێگانادەن هەرێمێکی دی لە سوریا دروستببێ، بەڵکو ژێرخانەکەشی تێکدەدەن و رێگریش لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەی ئەنجومەنەکانی ئەوێ دەکات.

 کەواتە شیکردنەوەی ئەو هاوکێشەیە و گەیشتنە ئەنجامێکی ڕاست و دروست زەحمەتێکی زۆری ناوێ. ئەوە لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا توانیویەتی تۆڕێکی سیخوری زۆر بەربڵاو لە کوردستان دروست بکات و ناششاردرێتەوە کە دەستی گەیشتۆتە ناو هەندێ لە دامودەزگا بەرگری و ئاسایشیەکانیش. 

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە بادینان تازە نین و چەند ساڵێکە درێژەیان هەیە، بەڵام کاتێک نەیتوانی بە ئاسانی ئامانجە سەربازیەکانی بەدیبێنێ، پلانی ئۆپراسیۆنێکی گەورەتر و بەرفراوانتری دانا، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانا سەربازی، دارایی، راگەیاندن، سیخوڕی خۆی خستۆتەگەڕ، بەڵام ئایا ئامانجی تورکیا تەنیا لەناوبردنی پەکەکەیە یان ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی گەلی کوردستانە؟ 

ئاشکرایە پەکەکە و تورکیا لە شەڕێکی خوێناویدان، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە تورکیا بۆ لەناوبردنی کێشەی کورد پەکەکە دەکاتە بیانوو، دەنا ڕێگای زۆر نزیکتر و ئاسانتر هەیە بۆ ئەوەی هەڕەشەی چەکداریی ئەو هێزە کوردیە لەسەر  خۆی نەهێڵێ. 

ئێستا تورکیا لەسەر رێبازی خۆیدایە و کەسیش نییە نەزانێ چی دەوێ، بۆیە ئەو کارانەی کە دەیکا هەرچەندە زۆر دوژمنکارانەن، بەڵام لێی دەوەشێنەوە و تا ڕاددەیەکیش بەئاسایی وەردەگیرێن. ئەوەی جێی داخە ئەو ڕاگەیاندنە سەقەتەی پارتی بوو، کە بەناوی حکومەت ئۆباڵی سوتاندنی بازارەکانی خستە ئەستۆی ئەم و ئەو لە جێی خۆی نەبوو. 

دیارە کەس بووی نییە بەرگری لەو تاوانبارانە بکات، کە دەستیان لەو تاوانانە هەبووە، بەپێجەوانەوە دەبێ هەموو لایەنەکان تەواوی حکومەت بەکەین بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ڕاست، جا ئەگەر تاوانبارەکان ئەندامی هەر حزبێک و سەر بەهەر دامەزراوەیەکی حکومەت بن، بەڵام ڕاگەیاندنێکی لەو جۆرە و نان و پیاز پێخواردنی کارێکە بۆ ئەمڕۆش نەبێ سبەی بەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی دەشکێتەوە. 
لادانی چاوەکان لەسەر ئۆپراسیۆنە زەبەڵاحەکانی تورکیا و کار و کردوە سیخوڕیەکانیان کارێکە خزمەت بە گەلی کوردستان ناکات. ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ ڕۆژێک و دووان نین و لە ئاییندەدا ئەنجامی ماڵوێرانکەریان لێ دێتە دی، بۆیە پێویستە یەکێتی پارتی و هەموو هێزە سیاسیەکانی تر و حکومەتیش بەیەکەوە ئەو بابەتە هەڵسەنگێنین و هەڵوێستێکی یەکگرتووی نیشتمانیی لە بارەوە دروست بکەین، دەنا کار لە کار دەترازێ و پەنجە گەزتنەوەش داد نادات

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن