38وتار

قەیوم، دیواری راگڕی دۆڕاوێک

7/1/2024 8:53:00 PM
دڵزار عارف

مێژووی پیادەکردنی سیاسەتی دانانی قەیوم لە شوێنی کاندیدی هەڵبژێردراوی گەل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێ ٢٠١٦ . کاتێک ئاکاپەو مەهەپە کەوتنە یەک خەندەق و هاوپەیمانێکی ناسیۆنالیزمی عەیار ٢٤ یان راگەیاند. هەر زوو کەوتنە لێدان لە کوردو لەژێر ناوی دورخستنەوەی (تیرۆر ) دەستیان گرت بەسەر شارەوانیەکانی باکور. جگە لەوەی سەرۆکی شارەوانیان لادەبرد، دواتر توندیان دەکرد لە  زیندان.  چونکە دەوڵەت دەیوسیت لە یەک کاتدا چەند پەیامێک بدات بە هێزە سیاسیەکانی باکور. پەیامە سەرەکیەکەی بریتیبوو لەوەی بەلەمی دیموکراسیش ناتگەینێتە ئەو بەری روبارەکە، ئەگەر بێت و من سەوڵەکەی لێ نەدەم. هەر لە رێگەی قەیومەوە دەڵێ ئێمە وەکو دەەوڵەتی کۆماری تورکیا، باوەڕمان بە ئێوە نیە، نوێنەرایەتیمان بکەن لە شارەوانیەکان. هەروەها دەیەوێ بڵێ قبوڵمان نیە بە پارەی ئێمەو توانای  داریی ئێمە کوردبوون ئاوبدەن. جگە لەوەش  مەبەستیەتی بە روونی و بە ئاشکرایی بڵێ ئەگەر بڕیارە لایەک لە بەر لاکەی تر گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات، ئەوە ئێوەن کە دەڕۆن نەک ئێمەی خاوەنی دەوڵەت. 
هاوپەیمانەکەی ئاکەپەو مەهەپە بە پلەی یەکەم بۆ شکانی ئێرادەو شکۆی کوردە، چونکە تێگەیشتوون کوردبون خەریکە دەبێتە بڕاندێکی سەرنجراکێش و پەل دەهاوێ بۆ زۆرێک لەو ناوچانەی کە دەوڵەت بەهەموو توانای خۆی لەم سەد ساڵە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دابوو، ئەمەش لە رێگەی تۆڕێ لە پلان و ستراتیجی ورد. 
لە دیوی کوردەوە دیمەنەکان جیاوازترن, کورد دەیەوێ بەهەر جۆرێک بێ ئەم جارە خۆی نەچەمێنێتەوەو  خۆڕاگر بێ لەبەرامبەر رەشەبای شۆڤێنیەکان، ئیتر ئەمجارە قەیوم و دارودەستەکەی نەتوانن بەم ئاسانییە شارەوانیەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و چی دەرگاو پەنجەرەی شارەوانی هەیە بەسەر خۆیانی بکەنەوە!!! بۆیە کورد هەموویان لەسەر پێنەو کەوتنە رووبەڕوبونەوەی پۆلیس و پیاوانی دەوڵەت و دەیانەوێ بەدەنگێکی بەرز بڵێن، ئیتر ناتوانن ئێرادەو هێزمان لاتەریک کەن و جارێکی تر قەیوم بە ئاسانی ناتوانێ جێگەی ببێتەوەو خۆی بکات بە کوێخایەکی ئێسک قورس. 
ئاشکرایە دوای هەڵبژرادنی شارەوانیەکان، کێرڤی ئاکاپەو مەهەپە روو لە خوارەوەیەو توشی جۆرێک لە نائومێدی و ترس بوینە، دەیانەوێ بەهەر نرخ و شێوەیەک بێ بەر بەم شکەستە سەختە بگرن، بەڵام نازانن چۆن چۆنی دییواری راگری بەرز دروست بکەن و شەپۆڵی گۆڕانکاری و گۆڕان بوەستێنن. هەردولا تێگەیشتوون بارودۆخەکە وەکو جاران نەماوەو خەریکە یاریەکە سەرلەبەری دەگۆڕێ، بۆیە دەیانەوێ لە رێگەی فشارو چاو سورکردنەوەو  پاڵنان بە کورد شتێ لە رەوشەکە بگۆڕن، چونکە ئەمان دۆڕانەکەیان دەخەنە ملی کورد. 
لە جۆلە مێرگەوە دەستیان بە دانانی یەکەم قەیوم کرد، ئیتر سەیر دەکەن کاردانەوەو بەرەنگاری و کێشەمەکێشەکە تا چ ئاستێک دەچێ! لەوێوە تێدەگەن دەتوانن جۆلەمێرگ وەکو دەستپێکی دانانی زنجیرەیەک قەیوم بەردەوام بێ، یان ئەوەتا لە شوێنێ خۆی گیردەخواو ناچار دەبن گێرەکە بگۆڕن بۆ دواوەو بە شێنەیی بەردێکی گەورە بخەنە سەر بابەتەکە. 
تورکیا کار بە سیستەمی شارەوانی دەکاو هەموو خزمەتگوزاری و پرۆژەکانی ناو شار لەدەست شارەدارە، بۆیە لەدەست هەر پارت و گروپێک بێ، دەتوانێ زۆر بەباشی کەڵکی لێوەربگرێ و دەنگی باشی لێ هەڵچنێ، ئەمەش ترسێکی ئێجگار گەورە بۆ دەوڵەت دروست دەکا، کاتێ دەبینێ زۆربەی شارە گەورەکانی باکور دەکەونە دەست کورد. 
کورد دەیەوێ پردی شارەوانیەکان بکاتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی وزەی کوردبوون بەدەستهێنانەوەی پرستیژ و مەلەکردن لە گۆمی قوڵی سیاسەت، هەموو ئەمانە خەوی لە دەوڵەت بڕیوەو دەیەوێ بەرهەر جۆرێ بێ قەیوم وەک دیواری راگر دابنێ و ئاڕاستەی تەوژمەکە بگۆڕێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن