لە ئەمڕۆوە پارەی ئەم توێژەش دابەش دەکرێت
12:29 - 04/07/2024
زەمەن - هەرێمی کوردستان
لە سایلۆى پیرەمەگرون،
پرۆسەى دابەشکردنى چەکى گەنمى جوتیاران دەستیپێکردوە، بەڕێوەبەرى سایلۆى پیرەمەگرون
دەڵێت: جوتیار هەیە زیاد لە هەزار تۆن بەرهەمى هەبوە و جوتیاریش هەیە پێنج تۆن،
جوتیارانیش رازین لە بەڕێوەچونى پرۆسەکە و دەڵێن: لاریمان نییە.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى
سایلۆى پیرەمەگرون بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ نیوەڕۆى دوێنێ چوارشەممە لەلایەن
بانکى بابان-ەوە ئاگادار کراونەتەوە کە 20 ملیار لە شایستەى جوتیاران چوەتەسەر
حسابەکەیان و هەر شەش سایلۆکە دەتوانن پارەکانیان وەربگرن.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە
ئەوان وەک سایلۆى پیرەمەگرون چەکەکانیان بەسەر سایلۆکاندا دابەش کردوە و جوتیارانیش
لەمڕۆوە دەتوانن بچن و پارەکانیان وەربگرن.
ئەوەشى ئاشکرا کرد کە
شایستەى جوتیاران بەپێی بڕى گەنمەکەیان دەگۆڕێت، جوتیار هەبوە زیاتر لە هەزار تۆن
بەرهەمى هەبوە و جوتیاریش هەبوە تەنها پێنج تۆن گەنم بەرهەمەکەى بوە، بۆیە چەک هەیە 200 ملیۆنە و چەکیش هەیە چەند ملیۆنێکە.
وتیشى: ئەو جوتیارانەى
پارەى گەنمەکەیان 100 یاخود 200 ملیۆن دینارە بە چەند چەکێک پارەکانیان وەردەگرن.
لەبارەى بەڕێوەچونى پرۆسەکەوە،
جوتیارێک کە لە نۆرەى ورەگرتنى چەکدا بو بە کەى ئێن ئێن،ى وت: پرۆسەى دابەشکردنى چەک
زۆر باش بەڕێوەدەچێت و هیچ لارییەکمان نییە.