206 کوردستان

هەواڵێکى خۆش بۆ دوکاندارانى بازاڕى قەیسەرى هەولێر

09:05 - 01/08/2024

زەمەن - کوردستانى

 

پارێزگاى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری و لەنگە، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت گەنگەشەیان لەسەر هۆکارەکانی سووتانی هەردوو بازاڕەکە کرد.

 

لە راگەیەندراوەکەى پارێزگاى هەولێردا هاتووە، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1-8-2024، هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت به‌ ئامادەبوونی مه‌سعوود كاڕه‌ش جێگری پارێزگار و عه‌مید خه‌سره‌و غازی به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ناوخۆی دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، پێشوازیان لە لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سووتانی هەردوو بازاڕی قه‌یسه‌ری و لەنگەی هه‌ولێر کرد، كه‌ پێكهاتبوون له‌ دكتۆر سه‌باح سوبحی سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌ و ئه‌ندامانی لێژنەکە، کە لەسەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق پێکهاتبوون.

 

ئەوەش هاتووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تیشک خرایە هۆكاره‌كانی سووتانی هەردوو بازاڕی قه‌یسه‌ریی و لەنگەی شاری هه‌ولێر. هه‌روه‌ها گفتوگۆ لەبارەی قەبارەی زیانه‌كانی سووتانی هەردوو بازاڕه‌كه‌ و هه‌وڵدان بۆ چۆنییه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له‌ رێگه‌ی داموده‌زگا فیدراڵییه‌كان لەڕێگەی بوودجەی لەناکاو کرا، لەمپێناوەش لێژنه‌كه‌ و تیمی پارێزگای هه‌ولێر هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ.

 

باس لەوەش کراوە، وێڕای خستنەڕووی سەرجەم داتا و بەدواداچوونەکان لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر، ڕایانگەیاند، لێژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دەبنە سکاڵاکار و داکۆکیکار لە کاسبکارانی ئەو دوو بازاڕە لە پێناو دەستخستنی ماف و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن