344وتار

گومانەکانی سەر ئەمەریکاو هۆکاری کشانەوە لە ئەفغانستان و دەرهاویشتەکانی !

8/21/2021 11:28:00 AM
پیشرەو رەئوف

  هەوڵە دبلۆماسیەکانی ئەمریکا هەر لە ساڵی ٢٠١٨ وە لە دەوحە دەستیپێکردووە تاکو ڕێکەوتنی کۆتایی کە لە ٢٠٢٠ وە بە تەواوی یەکلایی کرایەوە کە ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە لە ئەفغانستان بۆ تالیبان ، بۆیە ئەوانەی لەسەر روداوەکانی ١٥/٨/٢٠٢١ ی ئەفغانستان و شکستی سیاسی و ئیداری و سەربازی لەو وڵاتە لەلایەن وەزارەتی خارجی و جۆ بایدن و ووتە بێژی پنتاگۆنەوە باس دەکرێ هیچی وانیە، هیچ یەکێ لەو بیانوانە بایی زەرەیەک لەو راستیانە کەم ناکاتەوە  کە خودی ئەمەریکا خۆی ئەندازیاری گەندەڵی و دانان و دروستکردنی ئەو جۆرە لە حوکمڕانیە یە بۆ ئەو ووڵاتانەی داگیری دەکات  . . ئەوە بەو واتایە نیە کە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان گەندەڵ نەبوون ئەگینا کێ هەیە نەزانێ کە :


کێ حوکمەت و دەزگاو دامەزاوە سەربازی و ئیداری و ئەمنیەکانی لە ئەفغانستان و عیراق بنیاد نایەوە .

 کێ هەبوو دەستی ئەمەریکا بگرێ لە محاسەباکردن و سزادانی ئەوانەی دزی لەو ووڵاتە دەکەن و دژی پرۆژەو پلان و سیاسەتی ئەمەریکا دەجوڵێنەوە و گەندەڵی دەکەن .
کێ نازانی کە ئەمەریکا دەستی بگاتە بنلادن و زەرقاوی و صةدام ، چۆن ناتوانی دەستی گەندەڵکاران ببڕێتەوە .


 کێ هەیە نەزانێ کە ئەمەریکا یەکجار ئەوەنە دەسەپاچە و دەستەوسان نیە کە ناچار بێت ئاڵای سپی هەڵکات و نەتوانێ ڕوو بەڕووی گەندەڵی و هێزی تالیبان بوەستیتەوە . 

 کێ هەیە نەزانێ کە هەر ئەمەریکا نەبوو لەشەڕی کەنداودا دژی پێنجەمین سوپای بەهێزی صدام بەیەک زەربە لە کوەیت ئەو هێزە گەورەیەی تەفرو تونا کرد و دوایش سواری سەری بوو لەناو عیراقدا کە بە چەند هەفتەیەک ڕژیمەکەی لە ڕیشەوە تار و مار کرد..

 کی هەیە نەزانی کە هەر ئەمەریکا نەبوو کە لە بچوکترین مقاومەتی هێزە تایبەتەکانی صدام لە مەطاری بەغداد ئیسک و پروسکی ئەو هێزەی سوتان تاکو ئیستاش کەس نازانێ چی لێکردن و چۆن لەناوی بردن .


 کێ هەیە نەزانێ کە هەر ئەمەریکا نەبوو چەکدارانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان لەناو شاخەکانی خورمال و ئەحمەد ئاوا بەساروخی زیرەک لە دەریای سورەوە بە چەند کاتژمێرێک کرد بە هەڵم و هەڵی تەکاندن و کەس نەیزانی چۆن تواندنیەوە .

بۆیە راستیەکە ئەوە نیە کە باسی دەکەن راستیەکە ئەوەیە کە پلانی كشانەوەی ئەمەریکا راستەوخۆ پەیوەندی بە دوو هۆکاری سەرەکیەوە هەبوو کە گەلی ئەفغانستانی لە پیناودا کرایە قوربانی و ئەمریکا باسی ناکات کە :

یەکەم : کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان یەکیک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پرۆژەی هند بوو کە هەوڵی دەدا لە رێگای بەندەری چاپەهاری ئیرانەوە دەستی بگاتە ئەفغانستان ، ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرا ، بەندەری گوادار پرۆژەی چینی و پاکستانە لە دەریای عەرەبی و زەریای هندی.. هند دەیویست پاکستان داببریت و ڕێگریک بۆ پرۆژەی پشتێنەو رێگای چین دروست بکات ، بۆیە بەهینانە پێشەوەی تالیبانی دۆستی پاکستان ئەم پرۆژەیە وەستا .
دووەم: ئەمریکا بەم ڕیکەوتنە لەگەڵ تالیبان دەیەوێ ئابلوقەی ئێران بدات و تالیبان وەک هێزیکی سونی لەبەرامبەر ئێران زیندوو بکاتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشاری حوسیەکانی یەمەن لەسەر سعودیە و لاواز کردنی حزب اللە لە لوبنان و حەشدی شەعبی و میلشیاکانی سەر بە ئێران لە عیراقدا ، کە دورنیە لە ماوەیەکی نزیکدا هاوکێشەی سیاسی و سەربازی لە عیراق و کوردستانیش گۆڕانی بەسەردا بێت ، کە لە هەموو حاڵەتێکدا هەر چیەک ببێت و هەرچیەک ڕوو بدات دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە بۆ هەردوو لای ئێران و ئەمریکا یەکلاکەرەوە دەبێ و بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی چارەنوسساز دەبێت کە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە خۆیان کۆبکەنەوە و خۆیان ڕێکبخەنەوە . .  نەیەڵن ئەوەی بە ئەشرەف غەنی ووترا بە مانیشی بڵێن ! 

پیشرەو رەئوف 
١٩- ٨- ٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن