220وتار

دوو بڕياری مەترسيدار

12/24/2022 9:02:00 AM
رەنج نەوزاد

لە ماوەی ئەم ساڵەدا دوو بڕياری سەير و سەمەرە لە لایەن سەرۆکی دوو حيزب درا کە زۆر پێويستە قسەی جديان لەسەر بکرێت. پێش ماوەیەک گوایە دوو ئافرەت لە مەلەوانگەی هوتێلێکی سەری ڕەش مەلەوانيان کردوە، مەسعود بارزانی فەرمانی دا ئەو مەلەوانگەیە بە شۆڤڵ تەخت بکرێت. لە کاتێکدا هوتێل و مەلەوانگەکە هی خودی بارزانيەکانە. نازانم بۆچی ئەگەر دوو ئافرەت مەلەوان بکەن سووکایەتييە بە مەسعود بارزانی! بەڵام بڕياری وا پەلە و توند هەرگيز نابينين دژ بە سوپای تورکيا کە بادينانی داگيرکردوە و دارستان و گوندەکان وێران دەکات و دەدزێت. کاميان سووکایەتی و زیانی زیاترە، نەک تەنيا بۆ خودی بارزانی، بەڵکو بە هەموو کورد و کوردستان؟

بڕيارەکەی دووەم ئەوەی شەوی پێنجشه‌مه‌ی بافل تاڵەبانی بوو بە داخستنی یانە شەوانەکانی سلێمانی. هەردوو بڕيارەکە دەستتێوەردانە لە ژیانی تايبەتی خەڵک. سەپاندنی مەزاجی دوو کەسە بەسەر کۆمەڵگەدا. لە کاتێکدا کەسيان نە ئەو مافەیان هەیە، نە ئيش و ئەرکيان ئەو جۆرە بابەتانەیە.

پاشان سەرۆکی هەردوو حيزبەکە، حکومەت و دەزگا فەرمی و دادگا و یاسایان بەدەستە، دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەری حيزبەکانيانەوە لە حکومەت، بە شێوەیەکی فەرمی و یاسای و شارستانی، مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە دياردانە بکەن. ئەو جۆرە بڕيارانە تەنيا یەک مانای هەیە، کە مەزاجی کەسێک کوردستان بەڕێوە دەبات و ويست و فکری خۆی دەسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا. پێويستە کۆمەڵگە و ميدياکان و ڕۆشنبيران لەسەر ئەو پرسانە قسە و ناڕەزایەتی جديان هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن