86وتار

هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

2/24/2024 2:01:00 PM
رەنج نەوزاد

درووستبوون و مانەوە و نەمانی هەرێمی کوردستان، یان بەهێزبوون و لاوازبوونی، پرسێکی دەرەکييە و بە تەواوی پەيوەندی بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئيقليمييەکانەوە هەیە. درووستبوونی هەرێم پڕۆژەیەکی ئەمريکی بوو لە چوارچێوەی ململانێی ئەمريکا و عيراق دەتوانين لێی تێبگەين. خودی ڕاپەڕين کە وەک هۆکارێک دادەنرێت بۆ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ململانێی ئەمريکا و عيراق و ململانێی ئێران و عيراق دەتوانين باشتر خوێندنەوەی بۆ بکەين. جارێکی سەرکردەیەکی ديار و کۆنی یەکێتی لەوبارەیەوە ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ دا، وتی ئەگەر بەرەی کوردستانی لە تاران (دژ بە سەدام) درووستنەکرایە، لە ٩١ لەبری ڕاپەڕين، ئەوا شەڕی ناوخۆی شاخمان دەهێنایە ناو شارەکانيش. 

لە ٩١ هێزە کوردييەکان ئامادەی شەڕی ناوخۆ بوون، نەک ڕاپەڕين و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم. بەڵام چەندين فاکتەری وەک داگيرکردنی کوێت، شەڕی ئەمريکا و عيراق، ململانێی ئێران و عيراق هێزەکانی باشووریان ناچارکرد بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕی ناوخۆ دوابخەن و پەرلەمان و حکومەت درووستبکەن. بێ گومان ئێران مەبەستی بوو تەنيا کورد بەکاربهێنێت دژ بە سەدام، نەک هەرێمی کوردستان درووست ببێت، بەڵام لەدەستی دەرچوو بە هۆی ويست و پلانەکانی ئەمريکا. 

بەڵگەش بۆ ئەوەی سەرەوە، هەر دوای چەند ساڵێکی کەم لە لەدايکبوونی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی ئەو هەریمەیان نوقمی خوێن و وێرانکاری شەڕی ناوخۆ کرد. چونکە ويست و ڕەوشت و فکر و سياسەتی ڕاستەقينەی ئەوان، ئەو شەڕی ناوخۆیە بوو، نەک دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت بۆ کورد. دووبارە ئەگەر هەوڵ و فشارەکانی ئەمريکا نەبوایە لە ٩٨ کە شەڕەکەی ڕاگرت، ئەوا لە ٢٠٠٣ سەدام دەڕوخا و پارتی و یەکێتی لەبەر کورد کووشتن هەر ئاگایان لەو ڕووداوە نەدەبوو. پاشان لەدوای ٢٠٠٣ەوە بە سەرپەرشتی و فەرمان و ويستی ئەمريکا هەرێمی کوردستان بە دەستووری کرا. ئينجا هەر ئەمريکا لە هەوڵی بەردەوام بوو کە ئەو حکومەتە دەستوورييە بکاتە حکومەتێکی یەکگرتوو کە هی هەموو هەرێمی کوردستان بێت. پاشان هەوڵێکی زۆری دا سوپایەکی نيشتيمانی یەکگرتوو لەو هەموو ميليشيانە درووستبکات. لەو دوو هەوڵەيدا ئەمريکا سەرکەوتوو نەبوو. چونکە پارتی و یەکێتی بە ئەندازەیەک دژی ئەو فکرەیەن کە کورد خاوەن حکومەت و سوپایەکی نيشتيمانی بێت، تەنانەت شکستييان بە ئەمريکاش هێنا لەو پرسەدا. پارتی و یەکێتی کە لە حەسەن پلايز تۆقيوون، سەرسەرييەکی ئيتڵاعات و ميت فەرمانيان پێدەکات، کەچی بۆ ئەو دوو پڕۆژەیە ئامادە بوون بەوپەڕی ئيرادەوە بەرامبەر ئەمريکا بوەستن و شکستی پێبهێنن!

ئەمريکا ڕێگەی خۆشکرد کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ئابوورييەکی سەربەخۆ، فڕۆشتنی نەوتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی بە بێ ڕەزامەندی عيراق، تەنيا ويستێکی شاراوەی ئەمريکا بوو. بەڵام پارتی و یەکێتی ئەو دەستکەوتە مێژووییەیان گەياندە بێ موچەیی و قەيرانی دارایی!

لێرەوەیە، باسکردن لە نەمان و لاوازبوون یان بەردەوامی و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، پرسێکی تەواو ئەمريکييە. کەی هەرێم بەهێز دەبێتەوە؟ ئەو کاتەی ئەمريکا دەيەوێت و بە گرنگی دەزانێت. کەی هەرێم دەروخێت؟ ئەو کاتەی ئەمريکا پێويستی پێ نامێنێت، یان تەواو بێ هيوا دەبێت لە پارتی و یەکێتی و بەديليشی دەستناکەوێت. لە ئێستادا کە ئەمريکا سەرقاڵە و پرسی چين و جەنگی ئۆکڕانيا و شەڕەکەی غەززە... هەیە، بایەخی کەم بووە بۆ هەرێم، بە تايبەت کە هەرێم هيچی وای نييە کە بەکاربێت بۆ ئەو هاوکێشانە بۆ بەرژەوەندی ئەمريکا. بۆیە چەند سالێکە هەرێم مانگ دوای مانگ لاوازتر دەبێت و دەستکەوت و دەسەڵاتەکانی لەدەستدەدات. لەگەڵ ئەوەشدا لەوە دەچێت ئەمريکا جارێ بە پێويستی بزانێت هەرێم بمێنێتەوە وەک قەوارەیەکی سياسی و یاسایی، ئەمە تاکە هيوایە. جگە لەوە، چاوەڕوانی یان داواکردن لە پارتی و یەکێتی، لەوەی سازشی زیاتر نەکەن بۆ عيراق، یان هەوڵبدەن هەرێم بپارێزن و بەهێزی بکەنەوە... داواکاریيەکی نا واقعی و هەڵە و بێ مانایە. وەک ئەوەیە داوا لە ئيتڵاعات و ميت بکرێت هەرێم بپارێزن. داواکردن لە پارتی و یەکێتی کە کوردستان بپارێزن وەک ئەوەیە داوا لە کۆمەڵێک دز بکرێت کە بانکێک بپارێزن. وەک لوبنانييەکان دەڵێن "حاميها حراميها".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن