73وتار

وەفدەکانی هەرێم بۆ بەغدا: سووکایەتی کردن بە نەتەوەیەک

8/31/2023 10:39:00 PM
رەنج نەوزاد

یەکێک لە بەرپرسيارێتييە قورس و ئاڵۆزەکانی سياسەتکردن پرسی نوێنەرایەتييە. دەکرێت کەسێک یا چەند کەس و حيزب و گروپێک ببنە نوێنەری نەتەوەیەک، یان چەندين مليۆن مرۆڤ. زۆر کات ئەو نوێنەرە، ئەگەر نوێنەرێکی ڕاستەقينەش نەبێت و بە پرۆسەیەکی ديموکراتی نەبووبێتە نوێنەر، ئەوا لایەنی بەرامبەر هەر وەک نوێنەری نەتەوەیەک یا گروپێکی مرۆیی گەورە تەماشای دەکات.

چوونی وەفدەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و، ئەو سووکایەتی و یارييەیی عيراق بەو وەفدەی دەکات، لە ڕاستيدا سووکایەتی و یاريکردنە بە دانيشتووانی هەرێمی کوردستان. هەموو هەفتەیەک ئەو وەفدە بە نوێنەرایەتی گەلی کورد دەچێت بۆ بەغدا بۆ سواڵکردنی چەند هەزار دينارێک، ڕاستە ئەو وەفدە لای ئێمە بريتيين لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بەڵام لای بەغدا بريتييە لە وەفدی کورد و کوردستان.

پارتی و یەکێتی هيچ بەهایەکی نيشتيمانی، مرۆیی و ڕەوشتیان نەماوە، هيچ شەرعيەتێکيان نەماوە، ئەگەر نا چۆن دەبێت هەموو هەفتەیەک خۆیان و نەتەوەیەکش بکەنە نەعل و بيخەنە پێی خەزعەلی و مالکی و سوودانی! کێشەکەی پارتی و یەکێتی ئەوەیە نە خۆیان دەتوانن یارييەکە بکەن، دۆڕاون و سوک و ڕسوا کراون، نە ڕێ دەدەن گروپ و کەسانی تر بچنە ناو یارييەکە و ببنە نوێنەری هەرێمی کوردستان. زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی مليۆنێر و ملياردێرن بە هۆی دزينی سامان و داهاتی هەرێمی کوردستان، کەچی بۆ چەند هەزار دينارێکی مووچە هەفتانە دەچنە بەغدا بە ناوی نەتەوەی کوردەوە دەکەون بەسەر پێی حەشد ئەو ميکرۆبانەی بەغدا، لە کاتێکدا بەشێک لەو دزيانەی خۆیان کەم بکەنەوە، خۆیان هەر بە دەوڵەمەندی دەمێننەوە، بەهێزتر دەبن و دەتوانن هەر حيساب بۆ بەغداش نەکەن، پشتگيری ناوخۆشيان دەبێت.

ئەگەر عيراق هەر وا بەردەوام بێت و، پارتی و یەکێتی بە زووترين کات نەکشێنەوە لە بەغدا و پڕۆسەی سياسی عيڕاق، ئيتر بە هەموو پێوەرێک دەبنە دوو هێزی دووژمنی کورد و کوردستان. ئەگەر پارتی و یەکێتی نەبن، هەرگيز نەتەوەی کورد نەدەگەيشتە ئەو ئاستەی هەموو هەفتەیەک بکەوێت بەسەر نەعلەکانی خەزعەلی و مالکی بۆ سواڵکردنی چەند هەزار دينارێکی سەخيف.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن