105وتار

گرنگی یاسا و ڕۆڵی دادگا: وانەیەک لە ئيسرائیلەوە

7/31/2024 1:55:00 PM
رەنج نەوزاد

دوێنێ جۆرێک لە فەوزا و ناکۆکيەکی توند لەناوخۆی ئيسرائيل ڕوويدا. بە کورتی ڕووداوەکە بريتی بوو لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و تۆمەتێک کە ٩ سەربازی ئيسرائيلی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسيان ئەنجامداوە دژ بە ديلێکی حەماس لە یەکێک لە زيندانييەکانی ئيسرائيل لەناو سەربازگەی "سدي تيمان". لە ناو ئەم سەربازگەیە بەنديخانەیەکی تايبەت دانراوە بۆ ديلەکانی حەماس و ئەو فەڵەستينييانەی کە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستبەسەر دەکرێن. سەربازگەکە دەکەوێتە باشووری ئيسرائيل لە بيابانی نەقەب نزيک لە کەرتی غەززە. سوپای ئيسرائيل بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم بەنديخانەیەیی داناوە و مۆڵەتی لە پەرلەمانيش وەرگرتووە کە زيندانييەکی تايبەت و دوور بێت لە چاودێری، و ڕاستەوخۆ سوپا بەڕێوەی ببات. زۆربەی چەکدارانی حەماس، بە تايبەت نوخبەکان، لەو شوێنە دەستبەسەرکراون. 

دوێنێ دادگای ئيسرائيل فەرمانی دا کە ئەو ٩-١٠ سەربازە ئيسرائيلييە دەستبەسەر و ڕاپێچی لێکوڵينەوە بکرێن. بەشێکی زۆری حکومەتی ئيسرائيل و لایەنگرانی باڵی ڕاستڕەوی ئيسرائيلی ژمارەیەک لە وەزير و ئەندام پەرلەمان ناڕەزایەتييان دەربڕی دژی ئەو بڕيارە، گوایە لەم کاتی جەنگە نابێت سەربازی ئيسرائيلی دەستبەسەر و ڕاپێچی لێکوڵينەوە بکرێن لەسەر چەکدارێکی حەماس. وەزيری ئاسايشی نيشتيمانیی ئيسرائيل، ئيتمار بن گڤير، ئامادە نەبوو پۆليس و ئاسايش بنێرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕيارەی دادگا. هەر بۆیە سوپا خۆی ئەو فەرمانەی دادگای جێبەجێ کرد و تۆمەتبارەکانی دەستگيرکرد.

 

لەو کاتەدا ئەوانەی نا ڕازی بوون لەو بڕيارە چوونە بەردەم سەربازگەکە و ويستيان بە توندوتيژی سەربازە تۆمەتبارەکان ئازاد بکەن، بەڵام پێيان نەکرا و سوپا بڵاوەی پێکردن. وەزيری بەرگری و سەرۆک ئەرکان و نەتانياهۆش، کە لە ڕاستيدا دژی ئەو بڕيارەن، بەڵام ڕايانگەياند کە لە هەموو کات و بارودۆخێک دەبێت یاسا و بڕياری دادگا جێبەجێ بکرێت. بە کورتی زۆرينەی پەرلەمان و حکومەت و دەزگا ئەمنييەکان نەيانتوانی بڕيارەکەی دادگا هەڵبوەشێننەوە.  

نەيارانی ئيسرائيل (ئيسلامی سياسی و ئيخوان و ئەلجەزيرە...) وەک هەميشە خێرا دەستيان کردە هاژوهوژ و (تەکبير و خۆتڕاندن) ڕایانگەیاند کە ئيسرائيل بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات. بێ ئەوەی کەمێک عەقڵ بەکاربێنن و بير بکەنەوە، کە ئەم ڕووداوە هەر چەند بە ڕووکەش ناکۆکی و ململانێيەکی ناوخۆیە، بەڵام هاوکات لایەنێکی بەهێزی ئيسرائيلە و هۆکارێکی سەرەکييە کە ئيسرائيل لە ٤٨ەوە لە عەرەب و دووژمنەکانی دەباتەوە. دوێنێ ديسانەوە ئيسرائيل سەلماندی، هيچ هێزێکی ئيسرائيل لەسەرووی یاساوە نييە بە خودی حکومەت و زۆرينەشەوە. (بێ گومان یاسای ئيسرائيلی نەک یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگا نێودەوڵەتييەکان). 

بە داخەوە زۆر ڕووداوی گرنگ لە ناوچەکە و جيهاندا ڕوودەدەن کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بە گشتی یان بێ ئاگایە لێی یاخود بە هەڵە لێی تێدەگات. ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە: ميديا گەورە و دەوڵەمەندەکان حيزبیی و گەندەڵ و نەزانن. بەشێکی تری ميديا و سۆشيال ميديا لەژێر کاريگەری ئيسلامی سياسييە، واتە توتکە ئيسلامييەکانی باشوور کۆنتڕۆڵيان کردوە، کە ئەمانيش زیاتر بە پێی فەرمانەکانی ئيتڵاعات و ميت و ئيخوانی جيهانی حەپە حەپ دەکەن. هۆکارێکی تريش بريتييە لە نووسەر و ئەکادميست و ڕۆشنبيری کورد کە بەشێکی یان نە شارەزا و بێ ئاگایە، یان لەبەر موجامەلە و ترس ناوێرێت باسی هەندێک بابەتی گرنگ و هەستيار بکات. بۆ نموونە بەشێک لە نووسەرەکان دەترسن لە تەشهير و  حەپە حەپی توتکە ئيسلامييەکان. 

زانينی سەرچاوە و وردەکارييەکانی ئەو ناکۆکييەیی دوێنێی   ئيسرائيل سوودی بۆ هەرێمی کوردستان زۆرە. چەند ساڵێکە، بە تايبەت لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە یەکێک لە کێشەکانی ناو ئيسرائيل بريتييە لە پرسی دەسەڵاتی دادگا بە تايبەت دادگای باڵا. هەر وەک چۆن لە وڵاتانی عەرەبی و ئيسلامی و وڵاتانی نەياری ئيسرائيل کێشەی ئەوە هەیە کە دادگا و یاسا لاواز و پەراوێز و ڕسواکراون، لەبەرامبەردا زیادڕەوی هەیە لە دەسەڵاتی سەرکردە و حيزب و سەرۆک و پاشا و ميليشاکان... لە ئيسرائيل دۆخەکە پێچەوانەیە، زيادڕەوی هەیە لە سەروەری یاسا و دەسەڵات و بەهێزی دادگاکان! ئەم پرسە گروپە سياسييەکانی ئيسرائيلی کردوەتە دوو بەشەوە. بۆ تێگەيشتن لەم بابەتە پێويستە ئاماژە بە چەند لایەنێکی مێژوویی و فاکتەری تر بکەين. 

ئيسرائيل لە ٤٨ کە دادەمەزرێت، لەبەر چەندين هۆکاری جۆراوجۆر، دەستوور نانووسرێت. تا ئەمڕۆش دەستووری نووسراو و نەنووسراوی نييە. ئەوەی جێگەی دەستووری گرتووەتەوە جۆرێکە لە یاسا کە پێی دەوترێت یاسای بنەڕەتی. کە هەندێک پێی دەڵێن یاسای دەستووری چونکە لە بری دەستوور کاری پێدەکرێت. ئەم جۆرە یاسایە لەگەڵ بەياننامەی سەربەخۆیی ئيسرائيل لە ١٩٤٨ کە دوو لاپەڕەیە، بنەمای یاسایی و دەستووری ئيسرائيل پێکدەهێنن. یاسا بنەرەتييەکانيش نابێت لە بنەماکانی بەياننامەی سەربەخۆیی لابدەن. 

لە بەياننامەی سەربەخۆیی زۆر لایەن و وردەکاری ئاماژەیان پێنادرێت و بە گشتی دوو بنەمای سەرەکی و گرنگ لە خۆدەگرێت: ئيسرائيل دەوڵەتێکە بۆ جووەکان. بنەماکەی تر، بە بێ بەکارهێنانی وشەی ديموکراسی، ئاماژەیە بەوەی کە ئيسرائيل دەبێت دەوڵەتێکی ديموکراسی بێت. یەکێک لە هۆکارەکانی بەکارنەهێنانی وشەی ديموکراسی ئەوەیە کە لە ديموکراسیدا دەکرێت کەمينەیەکی ئاينی تر لە دەرەوەی جووەکان لە ڕێگەی دەنگدانەوە دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەست. ئەمەش لەوانەیە لە ڕێگەی یاسا و سياسەتەوە بەرەو ئەوە بڕوات کە ئيسرائيل ئيتر دەوڵەتی جووەکان نەبێت.

 

ئەمە لەگەڵ بنەماکەی تر یەک ناگرێتەوە.  هەر بۆیە لە بری وشەی ديموکراسی، وشەکانی ئازادی و یەکسانی و ئاشتی و، فەراهەمکردنی یەکسانی تەواو لە مافە سياسی و کۆمەڵایەتيەکان... بۆ تەواوی هاووڵاتيانی ئەو وڵاتە بەکارهاتوون. ئەمەش واتە سەروەری یاسا و ديموکراسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێک کە دەبێت ناسنامەکەی پەيوەست بێت بە جووەکانەوە. هاوکات لە بەياننامەی سەربەخۆیی، جووەکان زیاتر وەک نەتەوە و گەل ناویان هاتووە، نەک تەنيا وەک گروپێکی ئاينی. هەر بۆیە بە پێی بەياننامەکە، تا ڕادەیەکی زۆر دەرک بەوە دەکرێت کە ئەم دەوڵەتە دەبێت عەلمانی بێت. واتە دەوڵەتێکی ديموکراسی و عەلمانی بۆ جووەکان. هەردوو ئەم بنەمایە بە عەلمانيەکەشەوە، لە دامەزراندنەوە تا ئەمرۆ جێبەجێ دەکرێت و لە واقعدا دەبينرێت. هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە لە ئاستی ئيسرائيل نييە بۆ ديموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا (لەناوخۆ نەک لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دەرەوە).

 

لە ئيسرائيل بەردەوام خەڵکانێک هەن داوای نووسينەوەی دەستوور دەکەن، بەڵام چەند ڕێگرييەک بۆ ئەم پڕۆسەیە هەیە: ١. ناکۆکی نێوان باڵی عەلمانی و ئاينی. ئەمە هەر لە سەرەتای سەربەخۆییەوە فاکتەرێکی گرنگ بوو. ئایا ئەگەر دەستوور بنووسرێتەوە پێويستە ئاين بکرێتە سەرچاوەی یاسا یاخود دەوڵەتێکی عەلمانی بێت. عەلمانييەکان جوو زیاتر وەک نەتەوە دەبينن، واتە جوویەکی ديندار و بێ باوەڕ وەک یەکن. ديندارەکان زیاتر ئاين دەکەنە بنەما. بۆ نووسينەوەی دەستوور پێويستە ئەم لایەنە یەکدەنگی لەسەر هەبێت ٢. پرسی سنووری ئيسرائيل. نە لە بەياننامەی سەربەخۆیی نە لە یاسا بنەڕەتييەکان، ئاماژە بە سنووری ئيسرائيل نەکراوە بە شێوەیەکی ڕوون و ديار. بۆ نموونە لە ٤٨ دامەزرێنەران لەوانەیە هەر بيريان لە جۆلان و کێلگەکانی شەعبای لوبنان نەکردبێتەوە، ئێستا هەردووکی ئيسرائيلە. بۆ نووسينەوەی دەستوور وا باشترە کە دەوڵەتەکە سنوورێکی دياريکراو و ڕوونی هەبێت.

لە بەياننامەی سەربەخۆیی ئاماژە بە بڕياری ١٨١ی ١٩٤٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت کە بە بڕياری دابەشکردنی فەڵەستين بە سەر دوو دەوڵەتی جوو و عەرەب ناسراوە. بەڵام ئەو ئاماژەیە بە شێوەیەکی فێڵبازانەیە، وشەی دابەشکردن بەکارناهێنرێت و بەڵکو تەنيا نووسراوە بڕياری نەتەوە یەکگرتووکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان لە خاکی ئيسرائيل. وەک مافێکی یاسایی و دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکرێت، بێ ئەوەی ئاماژە بەو ڕووبەرە بکرێت کە لەو بڕيارەدا دياريکراوە بۆ دەوڵەتی جووەکان کە دەوروبەری ٥٤٪ی خاکی فەڵەستين بوو. لە ئێستادا ئيسرائيل ئامادە نييە گفتوگۆش بکات لەسەر ئەو بڕيارە، چونکە ئەو کات بە فەرمی جووەکان قبوڵيان کرد و عەرەبەکان ڕەتيان کردەوە. پاشان جەنگ ڕوويدا و ئيسرائيل ٧٨٪ی خاکەکەی گرت و پاشان لە ٦٧ هەر هەمووی گرت بە چەندين ناوچەی تری دەرەوەی فەڵەستينيشەوە. لە ٩٤ فەڵەستين و عەرەب و جيهانيش مەمنون بوون کە ئيسرائيل بگەڕێتەوە بۆ ٧٨٪ی پێش جەنگی ٦٧. هەر وەک چۆن ئێستا حەماس دەپاڕێتەوە ئيسرائيل بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر. بۆ نووسينەوەی دەستور پێويستە دەوڵەتەکە سنوورەکانی دياريکراو بێت. هەر بۆیە ئەمە یەکێکە لە ڕێگرييەکان.

٣. ڕێگرييەکی تر لەبەردەم نووسينەوەی دەستوور بريتييە لە پرسی قودس. لە بەياننامەی سەربەخۆیی ئاماژە بە قودس نەکراوە وەک پايتەختی ئيسرائيل. ئەوەش زيرەکييەکی تری زايۆنييەکانە. لەو کاتەدا کە هێزیان کەم بوو، ئەو پرسە هەستيارەیان باس نەکردوە، هاوشێوەی پرسی سنووری ئيسرائيل. وازيان لێ هێناوە تا ئەو کاتەی کە توانایان دەبێت، ئيتر پێويست ناکات باسی بکەن و بيکەنە درووشم و بازرگانی بۆ دەيان ساڵ وەک عەرەب و مسوڵمانەکان، ئەوان بە کردەوە دەيکەنە بەشێک لە ئيسرائيل و تەواو. 

لە پرسی قودسدا ڕۆژهەڵاتی شارەکە کە ئەقسای لێيە، جەوهەری ململانێکەیە. فەڵەستين و عەرەب لە ٩٤ ڕەزامەندبوون بەوەی کە زۆربەی ڕووبەری قودس جگە لە ڕۆژهەڵاتەکەی بدرێت بە ئيسرائيل. بەڵام ئيسرائيل  لە ڕێگەی یاسایەکی بنەڕەتييەوە لە سەرەتای هەشتاکان، قودسی کردە یەک بەش کە قابيلی دابەشکردن نييە و کردييە پايتەختی ئەبەدی ئيسرائيل. هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە زۆر ئەستەمە. هەر سەرۆک وەزيرانێکی ئيسرائيل بيەوێت ئەو کارە بکات لەوانەیە وەک ئيسحاق ڕابين بکووژرێت لە لایەن ڕاستڕەوی ئيسرائيلەوە لە ١٩٩٥. لە ڕێگەی سەربازی و جەنگيشەوە ئەوە کارە ناکرێت. گوایە یەکێک لە ئامانجەکانی تۆفانی ئەقسا ئەوە بوو، بەڵام لە ئەنجامدا ئێستا حەماس داوای رەفەح و خان يونس و شەقامەکانی غەززە... دەکاتەوە و هەر قودسی بيرنەماوە! نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی دەوڵەتانی جيهان تەل ئەڤيڤ بە پايتەختی ئيسرائيل دادەنێن، ئيسرائيل، ئەمريکا لە ٢٠١٧ەوە لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی کەم و بچووک قودس بە پايتەختی ئيسرائيل دادەنێن.

یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی فکری زايۆنی کە هەر لە دامەرزاندنی ئيسرائيل لە ٤٨ەوە بەدی دەکرێت، ئەوەیە کە ئيرادە و داواکاری زلهێزەکان و یاسا نێودەوڵەتييەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جيهان... گرنگ نييە، گرنگ ئەوەیە جووەکان خۆیان چيان دەوێت و چيان پێدەکرێت. بۆ نموونە ئيسرائيل دەڵێت قودس پايتەختی وڵاتەکەیە و تواناشی هەیە ئەو کارە بکات، کەواتە قودس پايتەختی ئيسرائيلە ئيتر جيهان چی دەڵێن و بۆچوونيان چييە، دانی پێدەنێن یان ڕەتی دەکەنەوە... گرنگ نييە. نەک وەک عەرەب و ئێران و حەماس و ئيخوانييەکان دەيان ساڵ بە مليۆنان مرۆڤی خۆیان بکووژن و سەدان تاوان و قێزەونی بکەن بە ناو ئازادکردنی قودسەوە.

بە هۆی نەبوونی دەستوور و پێدانی دەسەڵاتێکی زۆر بە دەسەڵاتی دادوەری هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنەوە، دادگا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ دەبينێت لە ئيسرائيلدا. ئەوانەی ڕەخنە لەو ڕۆڵە دەگرن، پێيانوایە دادگا، بە تايبەت دادگای باڵا، دەستتێوەردان لە کاری حکومەت و پەرلەمانيش دەکات. هەر بۆیە لە سەرەتای ٢٠٢٣ نەتانياهۆ و حيزبە ڕاستڕەوەکانی ئيسرائيل پڕۆژە یاسایەکيان ئامادەکرد کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا کەم بکاتەوە. لەو دەسەڵاتانەی دادگای باڵا هەیەتی و نەتانياهۆ و ڕاستڕەوەکانی بێ زار کردوە بريتييە لە: 

دادگای باڵا دەتوانێت ڕێ لە دەرچوونی یاسا و بڕيارەکانی پەرلەمان بگرێت تەنانەت ئەگەر بە زۆرينەش دەنگی لەسەردرابێت؛ دادگای باڵا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دەرچوونی یاسا بنەڕەتييەکان. ئەندامانی دادگاکە ١٥ ئەندامن، بە هەشت ئەندام دەتوانێت ڕێگری بکات و بڕيارەکانی دەربکات. لە پڕۆژە یاساکە دەيانەوێت دەنگی زۆرينە لە ٨ ئەندامەوە بکەنە سەروو ١٠ ئەندام. بۆ ئەوەی دادگاکە بە ئاسانی نەتوانێت بڕيارەکانی بدات؛ یەکێک لە دەسەڵاتە گرنگەکانی دادگای باڵا بريتييە لە پرنسيپی "پاساوی مەعقوليەت" یان پاساوی لۆژيکی. بەو مانایەیی دادگاکە دەتوانێت زۆر سياسەت و بڕياری پەرلەمان و حکومەت بوەستێنێت بە پاساوی ئەوەی کە ئەو سياسەت و بڕيارانە مەعقول و لۆژيکی نين. (سوودی گشتی نييە یاخود زیانی هەیە بۆ بەرژەوەندی گشتی). ئەم پرنسيپە نەتانياهۆ و لایەنە ڕاستڕەوەکانی زۆر بێ زار کردوە. بۆ نموونە ئەم پرنسيپە دەکرێت بەکاربێت بۆ لابردنی وەزيرێک کە بە دەنگدان و بە ويستی زۆرينە هاتووە. 

ئەم پڕۆژە یاسایە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپێشاندانێکی زۆر گەورە و فراوان لە لایەن بەشێکی زۆری هاووڵاتيان و حيزبە ئۆپۆزسيۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە زۆرينەی کۆمەڵگەی ئيسرائيلی لە خۆدەگرت، هەر بۆیە تا ئەمرۆش نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت و دواخرا. هۆکاری پشتگيریکردن لە دەسەڵاتی دادگای باڵا لە ئيسرائيل بريتييە لە:

 ١. لە ئيسرائيل دوو دامەزراوە هەن کە خاوەن ڕێز و پێگەیەکی زۆر و گرنگن لە لایەن زۆرينەی ئيسرائيلييەکانەوە، ئەوانيش سوپا و دادگای باڵایە. (ڕێک پێچەوانەی وڵاتە نەيارەکانی ئيسرائيل). سوپا لای خەڵکی ئيسرائيل واتە خودی خەڵک. لە کاتی جەنگ، تا ڕادەیەک، هەموو گەنجێکی ئيسرائيلی سەربازە. سوپا واتە بەرگری کردن لە هاووڵاتيان و وڵاتەکە. نەک وەک چەکدارانی حەماس کە تەنيا لە ٢٠٠٧-٢٠٠٨ زیاد لە ١٠٠٠ فەڵەستينيان لەناو غەززە کووشت و زيندان کرد لەبەر جياوازی بيروڕا و حيزبی. نەک وەک هاوپەيمانەکانی حەماس (سوپای سووريا و ئێران، حەشد و حووسی و حيزبوڵا) کە بە مليۆنان هاووڵاتی خۆیانيان کووشتووە و زيندان و ئەتک کردوە. دادگای باڵاش لای زۆرينەی ئيسرائيلييەکان پارێزەری هاووڵاتيان و سيستەمی کۆمەڵایەتی و سياسیيە لە کاتی ئاشتی، پارێزەری هاووڵاتيانە بەرامبەر بە حکومەت و دەسەڵات. نەک وەک دادگاکانی ڕامەڵا و غەززە و سووريا و عيراق و یەمەن و لوبنان کە بوونە بە نەعلی ميليشياکان و سەرکردەکان. 

٢ . لەبەر نەبوونی دەستوور، هاوکات لەبەر ئەوەی یەهوديەت ناسنامەی ئيسرائيلە، هەبوونی دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز و چالاک زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی ئيسرائيل کە جگە لە جوو، گروپی ئاينی و نەتەوەیی تری تیایە. بۆ نموونە بە پێی ڕاپرسييەک لە ٢٠٢٣، لە ٨٧٪ی عەرەبەکانی ناو ئيسرائيل دژی ئەو پڕۆژە یاسایە بوون کە دەيويست دەسەڵاتەکانی دادگا کەم بکاتەوە. واتە زۆرينەی عەرەبەکانی ناو ئيسرائيل متمانەیان بەو دادگایە هەیە. خودی ڕاستڕەوەکانی ئيسرائيل ئەو دادگایە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ڕێگرە لەبەردەم لکاندنی کەناری خۆرئاوای فەڵەستين بە ئيسرائيلەوە. ئەم ڕۆڵە کە پشتگيری ئاشتەوایی دەکات لە کۆمەڵگەدا، لە لایەن بەشێکی زۆری جووە چەپ و ميانڕەو و عەلمانييەکانەوە پشتگيری دەکرێت. 

٣. بەشێکی دياری کۆمەڵگەی ئيسرائيل جووە عەلمانييەکانن. زۆرينەی ئەمانە پشتگيری ڕۆڵی دادگا دەکەن چونکە بە پارێزەری سەرەکی ديموکراسی و عەلمانيەتی دەزانن. 

٤. جووەکانی دەرەوە، بە تايبەت ئەوانەی ئەمريکا (لۆبی جوو)، کە بەشێکی سەرەکين لە هێز و کاريگەری ئيسرائيل، زۆربەیان پشتگيری دەسەڵاتی دادوەری و ڕۆڵە گەورەکەی دەکەن. ئەمانە پێيانوایە یەکێک لە هۆکارەکانی پشتگيری ئەمريکا و ڕۆژئاوا لە ئيسرائيل، بە درێژایی مێژووی ئەم دەوڵەتە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەربەخۆیی و سەروەرييەیی کە یاسا و دادگاکانی هەیانە. 

لەبەرامبەر ئەم بەرەیە، بەرەکەی تر پێيانوایە بەرژەوەندی ئيسرائيل لەوەیە کە دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەمان زیاتر بکرێت و دادگا رێگری لە کارەکانيان نەکات. نەتانياهۆ لە ئێستادا لەم بەرەیەیە، پێشتر لە بەرەی بەرگريکارانی دەسەڵاتی دادگا بوو. لە ئیستادا نەتانياهۆ دەيەوێت ببێتە خاوەن پێگەیەکی مێژوویی لە ئيسرائل هاوشێوەی بن گۆريۆن. پلان و پڕۆژەی زۆرە دەيەوێت دادگا ڕێگری لێ نەکات. هاوکات دەيەوێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دادگا، ئەو تۆمەتە یاساییانەی لەسەریەتی لابدات. جگە لەوەی نەتانياهۆ بە هاوپەيمانی لەگەڵ ڕاستڕەوە توندەکان ئەم حکومەتەی پێکهێناوە، ئەگەر بایەخ بە ويستەکانيان نەدات، دەکرێت هەڵيبوەشێننەوە. ڕاستڕەوەکانيش لەگەڵ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دادگان لەبەر چەندين هۆکار: دادگای باڵا ڕێگریيەکی زۆريان بۆ درووست دەکات لە پڕۆژەکانيان لە کەناری خۆرئاوا. دادگا پارێزەری عەلمانيەتە. دادگا زۆر کات پارێزگاری لە عەرەبەکانی ئيسرائيل دەکات لەبەرامبەر ڕاستڕەوە جووەکان. هاوکات بۆ پرسی زيندانی و ديلە فەڵەستينييەکان، بۆچوونی دادگا و حيزبە ڕاستڕەوەکان ناکۆکە. 

ئەوەی دوێنێ ڕوويدا بەشێک بوو لەم ململانێيە، ڕاستڕەوەکان دووبارە دەسەڵاتی دادوەريان بەوە تۆمەتبار کرد کە لەسەر چەکدارێکی حەماس ٩ سەربازی ئيسرائيلی ڕاپێچی لێکوڵينەوە کرد لەم کاتی جەنگەدا. لایەنگرانی دادگاش پێيانوایە ئەوەی لە زيندانەکان ڕوودەدات لەم ماوەیەدا بۆ ديموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لەناو ئيسرائيل خەراپە و ئەمەش کاريگەری دەبێت لەسەر کۆی کۆمەڵگەی ئيسرائيل، بۆیە چەکدارێکی حەماسيش نابێت بە بێ هيچ سنور و یاسایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. 

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، مەبەست لەوە نييە کە لە زيندانەکانی ئيسرائيل تاوان ناکرێت، تاوان لە هەموو شوێن هەیە. بەرامبەر بە فەڵەستينييەکان تاوانی زۆر دەکرێت لە زيندانەکان، بە قسەی ميديا و ڕێکخراوەکانی ئيسرائيل. مەبەست ئەوەیە تەنانەت چەکدارێکی حەماس لەم کاتەدا لەناو زيندانەکانی ئيسرائيل دەزگایەک هەیە بێتە وەڵام لەسەری. ئەمە جگە لەوەی کە خودی ئەو ڕووداوە لە ڕێگەی ميديا و ڕێکخراوە مەدەنييەکانی ئيسرائيل ئاشکرا کرا و کرایە هەواڵ. پاشان دادگا دەستێوەردانی کرد. ئەمە بۆ کەسێک کە چەکدارێکی حەماسە! ئایا ئەگەر هاوڵاتييەکی جووی ئيسرائيلی بوایە! لێرەوەیە دەکرێت بوترێت تاکە دەوڵەت لە ناوچەکەدا شایەنی ئەوە بێت بکرێتە نموونە و وانە، لە ڕووی یاسا و زانست و هێز و ئەخلاق و بەرپرسيارێتی (بەرامبەر بە هاووڵاتيانی خۆی نەک بەرامبەر بە دووژمن) و ئابووری و کشتوکاڵ و حوکمداری و سەربازی و ئيداری.. تەنيا و تەنيا ئيسرائيلە. ڕاستە سويسرا نييە، بەڵام لە ناوچەکدا، باشترين و جوانترين و باڵاترينە. 

هەر کەسێک لە ئيسلامی سياسی ئەم پۆستەی بە دڵ نييە، با تەماشایەکی حوکم و ئەخلاق و بەڕێوبردنی هاوپەيمانەکانی حەماس بکات( ئێران، سوریای ئەسەد، عيراقی حەشد، لوبنانی حيزبوڵا، یەمەنی حووسی)، مامەڵەی ئەمانە لەگەڵ هاووڵاتيانی خۆیان براورد بکات بە مامەڵەی سوپا و حکومەتی ئيسرائيل لەگەڵ هاووڵاتی خۆی. حوکمی تەل ئەڤيڤ و حوکمی غەززە و ڕامەڵا با بروارد بکات. بێ گومان جگە لە "تەكبير و خۆتڕاندن" هيچی تری بۆ نامێنێتەوە بۆ دژایەتی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن