87وتار

پرسی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان

8/23/2023 12:33:00 PM
رەنج نەوزاد

ساڵی ٢٠١٦ لە چوارچێوەی شەڕی داعش و هاوکاريکردنی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری ئەمريکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم یاداشتنامەیەکی لە یەکتێگەيشتنيان مۆرکرد"Memorandum of Understanding (MoU)" ئەو یاداشتنامەیە لە مانگی ٩ی ٢٠٢٢ نوێ کرایەوە بۆ چوار ساڵی تر، واتە ئەم مانگی نۆیە ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر یاداشتنامە تازەکە و حەوت ساڵيش تێدەپەڕێت بەسەر یەکەم یاداشتنامەی ساڵی ٢٠١٦. پاساوی فەرمی ئەم یاداشتنامەیە شەڕی داعشە، بەڵام لە ڕاستيدا مەبەستەکە لە شەڕی داعش فراوانترە. لایەنی سياسی و جيوپۆلەتيکی دوور مەودای هەیە بۆ ئەمريکا. لای زۆرينەمان ئەم یاداشتنامەیە تەنيا یەکخستنەوەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەر چەن ئەوە خاڵێکی سەرەکييە لەو پرۆسەیە، بەڵام چەندين خاڵی تر دەگرێتەوە، لەوانە: ڕاهێنانی سەربازی و گۆڕينی عەقيدەی پێشمەرگە (لە هێزێکی ميليشيایی مێشک بچووک کە ئينتيمای بۆ حيزب و بەرپرسێک هەیە بۆ هێزێک کە ئينتيمایەکی فراوانتری هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان)، پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازی، پێدانی ٢٠ مليۆن دۆلار مانگانە. بە کورتی مەبەستی ئەمريکا ئەوەیە هێزێکی ڕاهێنراوی یەکگرتوو و تا ڕادەیەک بەهێز درووست بکات لە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەيمانێکی متمانەپێکراوی خۆی. ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و تورکيا و حەشد، هەر وەها پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندی ئەمريکا لەو ناوچە ئاڵۆزەدا.

دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر یاداشتنامە کۆنەکە و تێپەڕبوونی نزيکەی ساڵێک بەسەر یاداشتنامە تازەکە، ئەمريکا نيگەرانييەکی زۆری پێوە ديارە. تەنانەت هەندێک هەڕەشەی کردوە بەوەی هاوکارييە مانگانەکەی لە ٢٠ مليۆنەوە بکاتە ١٥ مليۆن دۆلار، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەش کراوە کە ئەو یاداشتنامەیە فەشل بێنێت و کۆتای پێبێت. بەڵام ئەگەر زیاترە کە یاداشتنامەکە تا سێ ساڵی تر، واتە تا وادەی فەرمی خۆی بەردەوام ببێت.

ئەمريکا پێی وایە کە هەردوو حيزب، پارتی و یەکیتی ئيرادە و ويستيان نييە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانيان و متمانەیان بە یەکتر نييە. ئەمريکا تا ڕادەیەک بێ هيوایی پێوە ديارە، دەڵێت هەنگاو نراوە بەڵام هەنگاوەکان باش ناڕۆن و پڕۆسەکە بەو شێوەیە ناڕوات کە لەسەری ڕێککەوتووين. ئەمريکيەکان دەڵین هەنگاوی کەم نراوە و پرۆسەکە خەراپە، من پێموایە هەر هەنگاو نەنراوە و پرۆسەکە نەک هەر خەراپە، بەڵکو شکستی هێناوە لە سەرەتاوە. لە ئێستادا ئەمريکييەکان ئاشکرا بە پارتی و یەکێتی دەڵێن ئەم دەرەفەتە زێرينە بۆ بەهێزبوونی کوردستان لە دەست خۆتان مەدەن و سوودی لێ ببينن. نا ڕاستەوخۆ بە پارتی و یەکێتی دەڵێن جاشایەتی و زەليلی و خۆ خستنە ژێر ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی داگيرکەر بەسە، با هێزێکی یەکگرتوو و نيشتيمانيتان هەبێت و بتوانن بۆ یەک خولەک بەرگری لە خۆتان بکەن بەرامبەر بە حەشد و تورکيا و ئێران، ئەمريکا بۆ ئەو پرۆسەیە هاوکاریيەکی زۆر جدی و باشی ماددی و سەربازی و سياسی ولۆجستی... دەکات.

هۆکار زۆرە بۆ شکستهێنانی پرۆسەی ريفۆرم و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان: ١. تەواوی هێزە چەکدارەکان، لە مێژووی خۆیاندا، ڕۆژێک لە ڕۆژان هێزێکی کوردستانی نەبوونە. هێزی پێشمەرگە، هەواڵگری و ئەوانی تر... ئەگەر حيزب و سەرکردەکانيان فەرمانيان پێ بکەن شان بە شانی پاسداران و جەندرمە پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەن لە سلێمانی و هەولێر، بە دڵنيایيەوە ئەنجامی دەدەن. کەسانێک پلەی ليوایان هەیە لە هێزی پێشمەرگە، وەک پاسەوان لە پشت کوڕی بەرپرسێکی حيزبيەوە دەڕوات، کە نە کوڕەکە و نە باوکی پلەی حکومی و سەربازييان نييە. ليوا هەیە تەحيە بۆ کوڕی بەرپرس دەکات. ئينجا دەبێت پێشمەرگەکانی ژێر دەستی ئەم ليوایە چی بن! ئەم هێزە بەم عەقيدە و مێژوو و پاشخانەوە، زۆر ئەستەمە بکرێت بە هێزێکی نيشتيمانی.

٢. لە پڕۆژەکەی ئەمريکادا وەزارەتی پێشمەرگە کراوە بە سەنتەر. واتە، ئەو هێزەی بچێتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، کەواتە بووە بە هیزێکی نيشتيمانی. ئامرازی سەرەکی بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگەیە. بەڵام پارتی و یەکێتی ئەو دوو بەرەکی و لۆژيکی دێگەڵە و شەڕە سەگەکەی مەلالی و جەلاليان بردە ناو وەزارەتی پێشمەرگە. لە ئێستادا هەموو ئەو ليوا و هێزانەی کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن، هيچ جياوازييەکيان نييە لەگەڵ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠. هەمان دوو بەرەکی و هەمان دابەشبوون لە وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. بە کورتی ئەو ئامرازەی کە لە یاداشتنامەکەی ئەمريکا و هەرێم دانرابوو بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەو ئامرازەش کرا بە ئامرازێک بۆ دوو بەرەکی و پەرەپێدانی لۆژيکی دێگەڵە. ئێستا ئەگەر ئەمريکا بيەوێت هێزەکان یەکبخاتەوە، دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست پێبکاتەوە! مەگەر وەزارەتێکی تر دانێت بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە! ئەمەی سەرەوە، شيکردنەوەی خۆم نييە و تەنيا پشتم بە ڕاپۆرت و سەرچاوەکانی ئەمريکا نەبەستووە، بەڵکو زانياری کەسانێکن کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و شارەزای وردەکاریی پرۆسەکەن.

٣. ڕاستە کەسانێک هەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەناو پارتی و یەکێتيش باوەڕی تەواویان بە یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوانە کەمينەن و دەسەڵاتيان نييە. یان لەبەر بەژرەوەندی خۆیان بێ دەنگن. زۆرينەی هەرە زۆری ئەندامانی هێزە چەکدارەکان، لە چەکدارێکی ئاسایيەوە تا سەرکردە و سەرۆکی حيزبەکان، باوەڕی تەواويان بە لۆژيکی دێگەڵە هەیە. بە کورتی، تا مەسعود بارزانی و بافل تاڵەبانی ڕازی نەبن بە یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەوا نيمچە مەحاڵە یەکسخستنەوە ڕووبدات. مەگەر ئەمريکا هەڕەشەی جدی بکات، ئەوەش قوورسە، چونکە پێشمەرگە نە سوپای ژاپۆنە نە سوپای ئۆکڕانيایە کە ئەمريکا بەکاريان بێنێت بۆ ئيحتيواکردنی زلهێز و هێزە ئەتۆمييەکانی وەک چين و ڕووسيا و کۆریای باکور. پێشمەرگە ئەوپەڕی بتوانێت بۆ ئيحتيواکردنی ئێران و حەشد بەکاربێت، ئەمريکا ئەوەش بە ئيسرائيل و سعوودييەی دەکات. بۆیە ئەو بایەخەی ئەمريکا بۆ هێزی پێشمەرگەی هەیە بایەخێکی کەمە وئەوە ناهێنێت وزەیەکی زۆر و هەڕەشەی جدی بەکاربێنێت. دواجار یەکخستنەوەی هێزەکانی کوردستان، ئەگەر یەک سوودی بۆ ئەمريکا هەبیت، سەدان سوودی بۆ کورد هەیە.

٤. پڕۆژەکەی ئەمريکا زیاتر بایەخ بە پێشمەرگە دەدات، لە کاتێکدا پاراستن و زانياری، دژە تيرۆری هەردوولا، بە ئەندازەی پێشمەرگە گرنگن بۆ یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان.
٥. ئاستی فکری هێزە چەکدارەکانی کوردستان، لە چەکدارێکی ئاساییەوە تا سەرکردە وسەرۆک حيزبەکان، ئاستێکی زۆر نزم و لەوپەڕی بێ ئاگاییە لە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئيقليمييەکان. تێڕوانينيان بۆ سياسەت و ململانێ، زۆر بچوک و سنووردارە. دووژمن و نەيار لای چەکدار و سەرکردەیەکی یەکێتی، تەنيا پارتييە. لای چەکدار و سەرکردەیەکی پارتی، تەنيا یەکێتييە. ئەم مرۆڤە بچووکە کە پان بووەتەوە لە ژێر پۆستاڵی پاسدار و جەندرمە وحەشد، ئەستەمە بەرزی بکەيتەوە و بگاتە ئەو ئاستەی لەو پڕۆژەیەیی ئەمريکا تێبگات.
٦. ڕاستە یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان نەک تەنيا سوودی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەکە. ڕاستە بۆ دوور مەودا سوودی بۆ خودی حيزبەکانيش دەبێت، بەڵام بۆ نزيک مەودا، بە پێی ئەو فکر و کەسایەتييە لاوازەی پارتی و یەکێتی هەیانە، یەکخستنەوەی هێزەکان دژی بەرژەوەندی ئەوانە. چونکە ئيتر پارتی و یەکێتی ناتوانن هێزێکی نيشتيمانی بەکاربێنن بۆ شەڕە شەقی خۆیان و بۆ پاراستنی کاروانی قاچاخ لە سنوورەکان و بۆ سەرکوتکردنی کوردە نەيارەکانيان. ڕاستە ئەگەر هێزێکی نيشتيمانی هەبێت، دەچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک هەرێم، کە پارتييە. بەڵام پارتيش ئەوەی ناوێت چونکە ئەو کات ناتوانێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بێنێت، بۆ نموونە ئيتر ناتوانن مناڵێکی بارزانی بکەنە ليوا و فەريقێک تەحيە بۆ مناڵێکی بارزانی بکات. ئەو کات هێزە چەکدارەکان سەربەخۆييەکی خۆیان دەبێت.
٧. ئەمريکا هەوڵ و پڕۆژەکەی سادەیە و تەنيا ڕەهەندێکی سەربازی و ئابووری و سياسی هەیە. لە کاتێکدا ئەو پڕۆسەیە دەبوو ڕەهەندی پەروەردەیی و کولتوری و مێژووی و کۆمەڵایەتی و دەروونیشی هەبێت. بێ گومان ئەمريکا بە پێويستی نازانێت ئەو هەموو وزەیە تەرخان بکات بۆ کورد.

٨. هەژموونی تورکيا و ئێران لە کوردستاندا، لە هەژموونی ئەمريکا زیاترە. هەردوو حيزب هێز و مانەوەی خۆیان بە تورکيا و ئێرانەوە بەستووەتەوە، نەک ئەمريکا. متمانەیان بە تورکيا و ئێران زیاترە، زیاتر حەز دەکەن لەگەڵ تورکيا و ئێران کار بکەن و مامەڵە بکەن، نەک ئەمريکا. هەردوو حيزب، ناوێرن بە ئاشکرا باسی بکەن، بەڵام بێ زارن لە مامەڵەی ئەمريکا. پێيانوایە ئەمريکا داواکاری زۆرە و تەدەخول دەکات. تورکيا و ئێران وا نين. بۆ نموونە ئەمريکا داوا دەکات هێزە چەکدارەکان یەکبخرێنەوە، ئازادی ڕۆژنامەوانی زیاتر بێت، دەنگدان بکرێت، پڕۆسەی فڕۆشتنی نەوت و گاز بە باشی بەڕێوە بچێت... بەڵام تورکيا و ئێران ئەو داواکاريانەیان نييە و بە پارتی و یەکێتی دەڵێن جگە لە خزمەتی کورد کوردستان، هەر چی دەکەن بيکەن، بە ئارەزوی خۆتان تاوان و دزی و بەد ڕەوشتی بکەن، خەڵک بکووژن و کوردستان کاول بکەن، بنەماڵەی خۆتان بکەنە ملياردێر و پاشان بکەونە سەر پێڵاوەکانی  سوودانی و خەزعەلی سواڵی دوو هەزار دينار بکەن بۆ مووچە... پارتی و یەکێتی حەزيان لەو مامەڵەیی تورکيا و ئێرانە، نەک ئەوەی ئەمريکا. بێ گومان یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، هەڕەشەی جدی و گەورەن بۆ تورکيا و ئێران، پارتی و یەکێتی هەرگيز ئامادە نين ئەو هەڕەشەیە بکەن لە تورکيا و ئێران و کوردستان بەهێز بکەن. چونکە ئەگەر کوردستان سوپایەکی نيشتيمانی هەبێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو دەزگایە لە ژێر هەژموونی ئەمريکا دەبێت، نەک تورکيا و ئێران.

بە کورتی، هەر وەک چۆن هەلە مێژووييەکەی ٩١ کە ئەمريکا پێیداين و دەمانتوانی ئەو هەلە بکەينە هەنگاوی یەکەم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام هەر دوای دوو ساڵ پارتی و یەکێتی کوردستانيان کاول کرد بە شەڕی برا کووژی و ئەو هەلە مێژووییەیان لەدەستدا. وەک چۆن ئەو هەلەی کە ديسانەوە ئەمريکا دایە کورد لە ٢٠٠٣ سەدامی و عيراقی ڕووخاند، هەرێمی کوردستانی کردە فەرمی و یاسایی، دەکرا بکرێت بە بناغەیەک بۆ دەوڵەتی کوردی، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەوەشيان فەوتاند. پاشان بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورد، هەلی دەرهێنان وفڕۆشتنی نەوت لە لایەن کوردەوە، ئەويش هەر ئەمريکا بوو، بەڵام ديسانەوە پارتی و یەکێتی ئەو هەلەی کە دەکرا بکرێتە بناغەی سەربەخۆیی کوردستانێکی دەوڵەمەند و بەهێز، گۆڕيان بۆ بێ مووچەیی و سواڵکردن لە مالکی و عەبادی و ڕادەستکردنەوەی کوردستان و نەوتەکەشی بە خەزعەلی. بە ئەگەری زۆرەوە، ئەم هەلەی کە ئەمريکا ٧ ساڵە پێيداوين و هاوکاريمان دەکات بۆ ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کورد ببێتە خاوەن سوپایەکی نيشتيمانی و فەرمی، ئەم هەلەش هەر پارتی و یەکێتی لەدەستی دەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن