95وتار

بۆچی حەماس ئەو هێرشەی ئەنجامدا؟

11/2/2023 8:59:00 PM
رەنج نەوزاد

وا دەردەکەوێت کە حەماس و ئێران و حيزبوڵا چاوەڕوانی ئەو وەڵامە توند و فراوان و وێرانکەرەی ئيسرائيليان نەدەکرد بۆ سەر غەزە. چەند هۆکارێکی گرنگ هەیە لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکەی حەماس دژ بە ئيسرائيل:
١. چەند ساڵێکە ئيسرائيل لەناوخۆدا کێشەی سياسی گەورەی هەیە. هاوکات لەگەڵ کێشە ئابوورييەکان. حەماس پێی وابوو ئيسرائيل لە ڕووی سياسی و ئابوورييەوە، ئامادەیە تەنيا وەک جارەکانی پێشوو وەڵام بداتەوە، نەک زۆر بەهێزتر و توندتر و فراوانتر.
٢. حەماس کەرتی غەزە بەڕێوە دەبات. کە ژیان تيايدا لە نزمترين و خەراپترين ئاستە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سياسی و خزمەتگوزاری و شەفافيەت و ئازادی و ئيدارييەوە. بۆ بەدەست هێنانی شەرعيەتی سياسی لە غەزە، تەنيا پشت بەو جۆرە هێرشانە دەبەستێت. چونکە گوزەران لە کەناری رۆژئاوای فەلەستين کە بەشێکی لە لایەن فەتح و دەسەڵاتی فەلەستينيەوە حوکم دەکرێت، باشترە لە هی کەرتی غەزە. شەرعيەتی مقاوەمە و جيهاد و بە سەربازیکردنی غەزە، تاکە ئامرازی حەماسە بۆ بەڕێوەبردنی غەزە.
٣. خەريکبوونی ئەمريکا بە جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا و پرسی چين، هەر وەها ئەو بۆچوونەی کە باوە و پێیوایە کە ئەمريکا ساڵانێکە هەوڵدەدات خۆی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەم ناوچەیەوە خەريک نەکات... هۆکارێکە کە وای لە حەماس کرد وابزانێت ئەمريکا هەوڵدەدات فشار لە ئيسرائيل بکات کە جەنگ ڕانەگەيەنێت و وەڵامێکی سنوردار بداتەوە. چونکە زۆرێک لە فەلەستينييەکان پێيانوایە بە بێ گلۆپی سەوز و پشتگيری ئەمريکا ئيسرائيل یەک لایەنە ناچێتە جەنگەوە. بەڵام ئەمريکا نەک پشتگيرييەکی ئاسایی، بەڵکو جوڵەی بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی کرد بەرەو دەريای ناوەڕاست. هەر چەن ئەو جوڵە گەورەیە هۆکاری تريشی هەیە، نەک تەنيا جەنگەکەی ئيسرائيل، چونکە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆش بەشداری جەنگەکە بکات، ئەوا پێويست بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر ناکات بجوڵێنرێنەوە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی ململانێی ئەمريکا و چين، دووبارە بایەخێکی تايبەتی بۆ درووست بووە لای ئەمريکا. ٤
. دەنگۆیەک هەیە کە پێیوایە سەرەتا پلانەکە ئەوە بووە کە لەگەڵ هێرشەکەی حەماس، حيزبوڵاش هێرش بکات. یاخود بەشداری جەنگەکە بکات ئەگەر ئيسرائيل جەنگی ڕاگەياند، بەڵام دەوترێت فشارەکانی لایەنەکانی تری لوبنان وای کرد حيبزبوڵا پەشيمان ببێتەوە و بترسێت لەو پلانە. ميدياکارێکی نزيک لە حيبزوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئەگەر بە تەواوی بەشداری جەنگەکە بکەين و ئەگەر ئيسرائيل هاوشێوەی غەزە بەيروت و شارەکانی لوبنان کاول بکات، ئەوا لوبنان پێويستی بە ٣٠ مليار دۆلار دەبێت دوای جەنگەکە، کە لە دۆخی سياسی و ئابووری ئێستای لوبنان، دابينکردنی ئەو بڕە پارەیە مەحاڵە. لە ڕووی ميديایەوە هەندێک کێشە و ناکۆکی و گلەیی لە نێوان حەماس و حيزبوڵا سەریهەڵدا، واديارە ئێران کپی کرد. بە پێی ئەم خاڵە، حەماس پێيوابوو ئەگەر حيزبوڵاش بەرەیەکی شەڕ بکاتەوە، ئەوا ئيسرائيل لەبری کاردانەوەی توند، هەوڵدەدات شەڕەکە کۆتایی پێبهێنیت.
٥. دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ديلی ئيسرائيل و گواستنەوەیان بۆ غەزە، یەکێک بوو لە کارتەکانی حەماس بۆ ڕێگرتن لە وەڵامێکی توندی ئيسرائيل. بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەو کارتە سووتاوە. هەر بۆیە دوو ڕۆژ پێش ئێستا حەماس ڕايگەياند ديلەکانی ئيسرائيل ئازاد دەکەن بەرامبەر بە ئازادکردنی ديلە فەلەستينييەکانی لای ئيسرائيل. کەواتە حەماس بۆی دەرکەوت پرسی ديلەکان کارتێکی کارا نييە بۆ وەستاندنی هێرشەکەی ئيسرائيل.
٦. ڕۆڵی ئێران گرنگە لەبەرچاوبگيرێت. لەسەر بنەمای خاڵەکانی سەرەوە، ئێرانيش ويستی گورزێک لە ئيسرائيل بدات، لەبەرامبەر ئەو هەموو گورزەی ئيسرائيل لە سووريا لە ئێرانی دەدات. پرسی ئاساییکردنەوەی پەيوەندييەکانی سعوودييە و ئيسرائيل دەکرێت وەک هۆکارێکی لاوەکی بێت، چونکە سعودييە و ئێسرائيل ئێستاش نەبێت، ساڵێک یا دووانی تر پەيوەندييەکانيان بە فەرمی ئاسایی دەکەنەوە. ساڵانێکە لە ڕووی واقعييەوە پەيوەندييەکانيان ئاسایيە، تەنيا ئەوە ماوە بە فەرمی و ئاشکرا و فراوان بکرێت. لەگەڵ چەندين هۆکاری تر پەيوەنديدار بە ئێرانەوە.
٧. حەماس چاوەڕوانی ئەم هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەیی نەدەکرد لە لایەن ئێران و حيزبوڵا و تەنانەت تورکياشەوە. تا ئەمرۆ کە غەزە بەشێکی زۆری کاول کراوە، سەدان هەزار فەلەستينی بێ ماڵ وحاڵ بوونە... حيزبوڵا رۆژانە چەند موشەکێکی سادە و بێ کاريگەر ئاڕاستە ئيسرائيل دەکات، تەنيا بۆ ئەوەی بڵێت ئێمەش هاوخەمی غەزەين، کە سەد ساڵی تريش ئەو جۆرە هێرشەی حيزبوڵا بەردەوام بێت، کاريگەری نابێت لەسەر جەنگەکە. ئێران لەولاوە لە ڕێگەی ميليشياکانياوە چەند هێرشێکی ناسک و بێ زيانيان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمريکا، لە ڕووی فەرميشەوە ئێران وەک ڕێکخراوە مەدەنييە نێودەوڵەتييەکان داوای ڕاگرتنی جەنگەکە دەکات. ئەردۆگان چەند شيعرێکی بەهێزی دژ بە ئيسرائيل خوێندەوە لە ئەستەنبول! قەتەريش بە فەرمی بێ لایەنە و تەنيا کەناڵی ئەلجەزيرەی خستوەتە کار دژ بە ئيسرائيل، کە ئەوەش ئەوەندەی زیانی بۆ فەلەستينييەکان هەیە، زیانی بۆ ئيسرائيل نييە. حەماس و ئەلجەزيرە یەکەم ڕۆژی جەنگەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئيسرائيل هەيبەتی شکا و ئيتر ئەمە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئيسرائيلە... بەڵام دەرکەوت ئەو هێرشەی حەماس کە بووە هۆکاری ئەم وەڵامەی ئيسرائيل، وێنەی ئيسرائيلی زۆر تۆقێنەر و ترسناکتر کرد. ئەو هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەیی ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران بەڵگەن کە چەن ترساون لەوەی غەزە لە وڵاتەکانی ئەوانيش دووبارە ببێتەوە. پرسياری گرنگ ئەوەیە ئایا ئيسرائيل ئەگەر هەموو غەزەشی کۆنتڕۆڵ کرد، دوای ئەوە چی دەکات؟ لە دەرەفەتێکی تر لەسەر ئەو پرسيارە دەنووسم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن