239وتار

دۆست‌و دوژمن لەسیاسەتدا

2/10/2023 1:11:00 PM
رەنج نەوزاد





جۆرێك لەتێڕوانین و تێگەیشتن هەیە لەبارەی هەندێك لەهاوكێشەی سیاسی و ململانێ و پەیوەندی نێوان دەوڵەتان، بووەتە هەقیقەت لای بەشێك لەخەڵك. بۆ نموونە لەناو كوردو عەرەبیش لەلێكدانەوەی هەندێك چاودێری سیاسییان و لەناو سۆشیال میدیادا بەڕوونی دەبینرێت تێگەیشتن و تێڕوانینێك باوە كەپێیوایە ئەمریكاو ئێران لەپشت پەردەوە دۆستی یەكترن و رێككەوتوون، بەڵام لەمیدیاكان و بەرامبەر بەڕای گشتی جیهانی وا خۆیان پیشاندەدەن كەدووژمن و نەیاری یەكترن. یاخود پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل گوایە لەپشت پەردەوە دەستیان لەناو دەستی یەكترەو لەبەردەم رای گشتی دەیانەوێت چەقۆ لەیەكتربدەن. ئەم جۆرە تێگەیشتنە هەڵەیە، لەئەنجامی تێنەگەیشتن لەسروشتی سیاسەتەوە درووستدەبێت.

لەسیاسەتدا مەرج نییە دووژمن تەنیا مەترسی هەبێت و بۆ هەمیشە زیانبەخش بێت. هەندێك كات بۆ مانەوەی چەندین هاوپەیمان و دۆستی گرنگ و بەهێز، بۆ بەدەستهێنانی چەندین بەرژەوەندی، پێویست دەكات دووژمنێك هەبێت. بۆ نموونە بۆ ئەوەی سعودییە و ئیمارات و زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداو، كە كۆمەڵێك دەوڵەتی دەوڵەمەندو گرنگن، بەردەوام بن لەهاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریكا، ئەوا پێویستە ئەمریكا كارتێكی فشاری هەبێت كەئەو دەوڵەتانە ئەگەر بەویستی خۆیانیش بەردەوامی نەدەن بەو هاوپەیمانێتییە، ئەوا بەفشار درووستكردن و هەڕەشە ناچاربكرێن هەروەك هاوپەیمانی ئەمریكا بمێننەوە. ئێران یەكێكە لەو كارتە فشارە بەهێزانەی ئەمریكا، بۆ بەردەوامیدان بەهاوپەیمانێتی نێوان ئەمریكاو دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداو. ئەگەر هەڕەشەی ئێران بەتەواوی لەناوبچێت لەكەنداو، ئەوا كۆی كەنداوو بەشێكی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت لەلایەن سعوودیەو چەند دەوڵەتێكی تری عەرەبی لەكەنداو كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەوكات دەكرێت هەر لەڕێگەی سعودیەوە، لەئەنجامی هاوپەیمانێتی رێككەوتنێكەوە لەگەڵ چین، كۆی ئەو ناوچەیە بكرێتە ناوچەی هەژموونی چین، كەئەمە هەڕەشەی گەورەیە بۆ پێگەی ئەمریكا لەجیهاندا. بۆیە بۆ ئەوەی سعوودیە یاخود ئیمارات هەمیشە بزانن كە بەبێ چەك و هاوكاری و سوپای ئەمریكا، سەقامگیری و سەروەرییان پارێزراو نابێت و هەمیشە هەڕەشەیەك هەیە لەسەریان كەبریتییە لەئێران.

سعوودیە بڕێكی گەورە لەداهاتی خۆی لەچەك كڕین خەرجدەكات، یەكێك لەهۆكارەكانی ئەو خۆپڕچەكردنە بۆ ترسی سعودیە لەئێران دەگەڕێتەوە. بەشێكی گەورەی ئەو چەكانە لەئەمریكا دەكڕێت. جگە لەوەی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەیەكی گرنگی وەك كەنداوی عەرەبی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، یەكێك لەپاساوەكانی پاراستنی وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداوە لەهەڕەشەكانی ئێران. بەنەمانی هەڕەشەكانی ئێران، ئەو دەوڵەتانەی كەنداو دەكرێت بەرەو سەربەخۆیی زیاتر بڕۆن  و ئیتر رێگە بەئەمریكا نەدەن بەو شێوەیە ئەو ناوچەیە بكاتە سەربازگەو بازاڕی چەك و تەكنەلۆژیای خۆی. ئەمە مانای ئەوە نییە كەئێران نەیاری ئەمریكا نییە یاسعودیە نەیاری ئەمریكایە، چونكە ئەمریكا بەكاریدەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆی. لەسیاسەتدا نەیارو دۆست بەو شێوەیە نییە. سعودیە هاوپەیمانی ئەمریكایەو ئێران نەیاری هەردووكیانە. بەڵام ئەو نەیارە هۆكارێكە بۆ بەردەوامیدان و پتەوكردنی هاوپەیمانێتی نێوان ئەمریكاو سعودیە و وڵاتانی تر. هەروەها بۆ مانەوەی ژاپۆن و كۆریای باشوور وەك سەربازگەیەكی ئەمریكی لەناوچەیەكی گرنگی وەك ئۆقیانووسی ئارام، پێویستە هەڕەشەی چین و كۆریای باكوور هەبێت، ئەگەر نا چ سعودیە و چ ژاپۆن و وڵاتانی تریش، حەزدەكەن وەك ئەمریكا خاوەن هەژموون و سەروەری و سەربەخۆیی بن لەسیاسەتكردن. ئەمە مانای وانییە كە لەبەرئەوەی چین سوودی هەیە بۆ ئەمریكا لەو رووەوە، كەواتە چین و ئەمریكا دۆستن و بەڵام بۆ چەواشەكردنی رای گشتی وایدەردەخەن كەنەیاری یەكترن. چین گەورەترین و سەرەكیترین دووژمنی ئەمریكایە لەجیهاندا لەم سەردەمەدا. بەڵام ئەو دووژمنە بووەتە ئامرازیك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی ژاپۆن و كۆریای باكور و تایوان لەگەڵ ئەمریكا.

بۆ پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران بەهەمان شێوە. بۆ نموونە بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگە پەیوەندی دبلۆماسی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و دان بەدەوڵەتی ئیسرائیل بنێن. رێككەوتنامەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن، یەكێك لەپاڵنەرەكانی هەڕەشەی ئێران بوو بۆ سەر ئەو دوو دەوڵەتە. لێرەدا ئێران بووە ئامرازێكی گرنگ بۆ ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێكی گرنگ و مێژوویی. هاوكات ئیسرائیل هۆكارێكی سەرەكییە بۆ گەیشتنی هەژموونی ئێران بۆ ناو غەززەو حەماسی فەلەستین. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەئێران و ئیسرائیل دۆستن لەژێرەوە كەڕێگە خۆشدەكەن بۆ یەكتر بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی یەكتر. نەخێر دووژمنی یەكترن و بەڵام لەسیاسەتدا دووژمنایەتی ئاوایە، هەروەك چۆن دۆستایەتیش پڕە لەبەكارهێنانی یەكترو چەواشەكردنی یەكتر. هەریەك لەئەمریكاو ئیسرائیل، ژیانیان لەئێرانییەكان كردووە بەدۆزەخ، لەسووریا هەفتانە ئێرانی دەكوژن و زانای گەورەی بواری ئەتۆمی دەكوژن لەناو ئێران، مووشەكبارانی دەكەن، سزاو گەمارۆ دەخەنەسەری. ئەوان دەیانەوێت ئێرانێكی تاڕادەیەك لاوازو پڕ قەیران هەبێت، بەڵام تائەمرۆش لەبەرژەوەندی ئەوان نییە كەئەو دووژمنە لەناوبچێت و كۆتایی بێت، چونكە هەندێك بەرژەوەندی و ئامانجی گرنگی ئەمریكاو ئیسرائیل هەیە، بەبێ هەبوونی ئەو دووژمنە، قوورسە بێتەدی.

ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا هاوپەیمانن. دوای بەهێزبوون و سەقامگیری یەكێتی ئەوروپا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، ساڵانێك بوو بیرۆكەیەك لەیەكێتی ئەوروپا گەڵاڵە ببوو كەبریتی بوو لەدرووستكردنی سوپایەكی ئەوروپی و كەمكردنەوەی هەژموونی ئەمریكاو زیاتر سەربەخۆییكردنی یەكێتی ئەوروپا. ئەم بیرۆكەیە ئەگەر سەركەوتووبوایە لەواقعدا، زیانێكی گەورەی لەپێگەی ئەمریكا دەدا لەجیهاندا. لەو دۆخەدا هەبوونی دووژمنێكی ئەمریكا، كەڕووسیایە، زۆر پێویست بوو. جەنگی رووسیا بەرامبەر بە ئۆكرانیا، بووە هۆكاری ئەوەی یەكێتی ئەوروپا دووبارە هەست بەمەترسی بكەن و بگەنە ئەو باوەڕەی كە بەبێ رابەرایەتی ئەمریكا یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت خۆی بپارێزێت. ئەگەر رووسیا نەبوایە، زۆر ئەستەم بوو ئەمریكا بتوانێت دووبارە ئەو هەژموونە گەورەیەی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوروپا. لێرەدا كاتێك ئەمریكا ئەو دەستكەوتە گەورەیە بەدەستدەهێنیت بەهۆی بڕیارەكەی پوتین، مانای وا نییە پوتین دۆستی ئەمریكایە و ژێربەژێر رێككەوتوون لەسەرئەوەی هەژموونی ئەمریكا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپاو بۆ سەر سنوورەكانی رووسیا. دەیان هەزار سەربازی رووسی و هەزاران تانك و كەرەستەی سەربازیی رووسی بەچەكی ئەمریكا كوژراون و تێكشكێنراون. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لەململانێ و دۆستایەتی نێوان دەوڵەتان، دەكرێت بۆ چەندین نموونەو هاوكێشەی سیاسی تر بەكاربهێنرێت.

لەجیهانی سیاسەتدا، بۆ ئەوەی گەمەی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی هەبێت، پێویستە دووژمن و بەرەی نەیار هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر چین و ئێران و رووسیا ببنە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكا، ئەوا مانای وایە یەكێتی ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە نەیارو دووژمنی ئەمریكا. دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەسیاسەتدا كاتێك مانای هەیە كەدووژمن و بەرەی دژبەیەك هەبن. نموونەیەكی سادە، كاتێك یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بەرامبەر یەكتر یاری دەكەن، ناكرێت بەرشەلۆنە بۆ ئەوە یاری بكات كە ریال مەدرید یارییەكە بباتەوە، سروشت و یاسای گەمەكە وایە كەپێویستە دوو بەرەی نەیار هەبن بۆ ئەوەی یاری تۆپی پێ هەبێت. بەگشتی لەژیاندا ئەو پارادۆكسە ماناو بەردەوامی دەدات بەژیان. چاكە كاتێك هەیە كەخەراپە هەبێت، رۆژ نەدەبوو ئەگەر شەو نەبوایە... ئەگەر هەموو جیهان ببنە دۆستی ئەمریكا، ئەوا مانای فەوزایەو دەكرێت ببێتە مایەی جەنگی هەمووان دژ بەهەمووان. كێبركێ و ململانێ و دووژمنایەتی بەشێكە لەسروشتی سیاسەت و ژیان  بەگشتی، وەك چۆن دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی بەشێكە لەسروشتی ژیان و سیاسەت. بەڵام دووژمن و دۆست فۆڕمەكانیان دەگۆرێت بەپێی بوارە جیاوازەكانی ژیان. نەیارو دۆست لەوەرزشدا جیاوازە لەنەیارو دۆستی جیهانی سیاسەت، ئەمەش جیاوازە لەنەیارو دۆستی ناو ژیانی كۆمەڵایەتی... ئەوەی سیاسەت لەوانەیە ئاڵۆزتر بێت چونكە بەرژەوەندی و سوودو زیانەكان زۆر گەورەن، هەروەها سروشتێكی گۆڕاوی هەیەو لەگەڵ چەندین فاكتەری جۆراوجۆر كارلێك دەكات، بۆیە زۆركات تێگەیشتن لێی و پێشبینیكردن لەسیاسەتدا كارێكی ئاسان نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن