105وتار

ئۆپراسيۆنە سەربازييەکانی تورکيا و بێ هەڵوێستی هەمووان

7/20/2024 4:10:00 PM
رەنج نەوزاد

-بە پێی هەواڵەکان وهەندێک سەرچاوەی ئاگادار، لە ئێستادا تورکيا بە قووڵایی زیاد لە ٤٠کم لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپراسيۆنی سەربازی و هێرشی زەمينی دەکات. دەوترێت بە قووڵایی ٣٥کم خاڵ و بنکەی سەربازی داناوە. ئەگەر هەیە دوای ئەم ئۆپراسيۆنە بنکە سەربازييەکانی تورکيا لە قووڵایی ٤٠کم یان زیاتر دابمەزرێن. لە نێوان هەندێک لە قەزا و ناحيە و گوندەکانی پارێزگای دهۆک خاڵی پشکنينی سوپای تورکيا دانراوە، لێپێچينەوە لەگەڵ دانيشتووانی ئەو ناوچانە دەکەن. دەوترێت چیاکانی مەتين و گارا گەمارۆدراوە، ئەمەش واتە گەمارۆدانی پارێزگای دهۆک. هەنگاوێکی سەرەکيشە بۆ لەیەکدابڕانی باشوو و رۆژئاوای کوردستان لە یەکتر لە ڕێگەی سوپای تورکياوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپراسيۆنەکە ئەمەیە. 

-تورکيا کە خاوەن سوپا و هەواڵگرييەکی بەهێز و پێشکەوتووە و بەشێکە لە ناتۆ، ئەگەر دوای ماوەیەکی کورت لەو ناوچانە بکشێتەوەش و هيچ بنکەیەکی سەربازی دانەنێت، ئەوا هەر گورزێکی بەهێزە لە کوردستان. چونکە ئەو جۆرە سوپانە کە دێنە ناوچەیەک دەبنە خاوەن مەعريفەیەکی سەربازی و هەواڵگری بەهێز و ورد لەسەر ئەو ناوچانە کە هەر کات بيانەوێت بۆی بگەڕێنەوە بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆی دێنەوە. ئەو ناوچە شاخاوييە سەختانە ئاسان نييە تەنيا لە ڕێگەی درۆن و ئامرازی تەکنەلۆژييەوە لە دوورەوە و لە ئاسمانەوە بناسرێن و نهێنييەکانی ئاشکرا بکرێن، بەڵکو هاتنی سوپا (کە چەندين شارەزای بوارەکانی تريان لەگەڵە) بۆ ناو ئەو ناوچە سەختانە زانياری وردتر و زیاتریان دەستدەکەوێت.

-کاتێک باس لەم ئۆپراسيۆنە لەم ناوچەیەدا دەکرێت، ئەوا پێش هەموو شت دەبێت باس لە تورکيا و ئێران بکرێت. عيراق و هەرێمی کوردستان لەم هاوکێشەیەدا بەها و قوورساییەکی وایان نييە کە بکرێنە چەقی باسەکان، هەر چەند خۆیان یاريگای ئەو گەمەیەن. 

داگيرکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن تورکياوە و ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە وەک گروپێکی نزيک لە ئێران، هەڕەشەیەکە لە هەژموون و پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا. لاوازی لە هەڵوێستی لایەنەکان و بێ دەنگی ئێران، ئەوە دەردەخات کە ئێران ڕازی بووە بەو ئۆپراسيۆنە فراوانەی تورکيا. ئایا بەرامبەر بە چی ڕازی بووە؟ ئێران لەبەرامبەردا چی وەرگرتووە یان چ بەڵێنێکی پێدراوە لە لایەن تورکياوە؟ 

-پاڕانەوە و هەوڵە بەردەوامەکانی ئەردۆگان بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، دەکرێت یەکێک بێت لەو بەڵێن و دەستکەوتانەی کە تورکيا پێشکەشی ئێرانی دەکات. ئاسايبوونەوەی پەيوەندييەکانی تورکيا و ئەسەد و کشانەوەی سوپای تورکيا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووريا، زیادکردنی هەژموونی ئێرانە لە سووريا. بە تايبەت ئەو ئاسايبوونەوەی پەيوەندييانە بەندە بە لەناوبردنی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمە ئامانجی تورکيا و ئێران و ڕووسيا و ئەسەدە بە یەکەوە. تورکيا قبوڵيەتی لە بری کورد، ئێران حوکمی ئەو بەشەی سووريا بکات، وەک چۆن ئێران پێی باشە تورکيا حوکمی باشووری کوردستان بکات ئەگەر هەرێمی کوردستان لەناوببرێت.

دەکرێت تورکيا لە دوای دەرکردنی پەکەکە لەو ناوچانە، ڕازی بێت بە کشانەوە بەو مەرجەی سوپای عيراق ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، سوپای عيراق واتە حەشدی شەعبی ئێران. دەکرێت فاکتەری ئابووری و دبلۆماسیش هەبن کە تورکيا پێشکەشی ئێرانی بکات بۆ هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ ئەو ئۆپراسيۆنە و بێ دەنگکردنی عيراق لەبەرامبەری. 

-بێ هەڵوێستی عيراق و هەرێم، پارتی و یەکێتی و ئيسلامييەکان و ميدياکان بە گشتی تا ئێستا، ئەوە دەردەخەن کە تورکيا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر ئەو ئۆپراسيۆنە سەربازييە کە گورزێکی ترسناکە لە کورد و کوردستان. چونکە ئەو لایەنانەی کە ئاماژەی پێکرا، دابەش دەبنە سەر بەرەی ئێران و تورکيا. بۆ نموونە پارتی و بەشێک لە ئيسلامييەکان لە بەرەی تورکيان و ئاساییە کە بێ هەڵوێستن، بەڵام بەرەی حەشد و یەکێتی و بەشێک لە ميدياکانی ئۆپۆزسيۆن کە سەر بە ئێرانن، ئاسایی نييە بێ هەڵوێستن تەنيا لە کاتێکدا نەبێت کە فەرمانيان بۆ هاتبێت لە قەرارگەی ڕەمەزانەوە. 

-سياسەت و ستراتيژی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەگەر نەڵێين گەيشتووەتە ئاستی نا پاکی و خيانەت، ئەوا گەيشتووەتە ئاستی هەڵەی ستراتيژی گەورە و قوورس. پاساوی (پەکەکە هەبێت یان نا تورکيا هەر هێرش دەکات) پاساوێکی لاوازە لە زۆر ڕووەوە. تورکيا هەر هێرش دەکات، بەڵام کە پاساوێکی یاسایی و ڕوونی هەبوو، هێرشەکانی زیاتر و فراوانتر و توندتر دەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيش ئەگەر پشتگيری نەکەن، ئەوا ڕێگری لێ ناکەن. پەکەکە کە ناتوانێت خاک و خەڵک بپارێزێت، دەبێت بە فەرمی و واقعی و ئاشکرا ئەو ناوچانە چۆڵ بکات. ئەو کات لایەنی کەم کە تورکيا ئەو ناوچانە داگيردەکات، گلەیی لە پەکەکە ناکرێت. 

پەکەکە هەمان عەقليەتی حەماس و حيزبوڵا و حووسييەکانە، بۆ نموونە دەيەوێت بە چەند ڤيديۆیەک کە کۆپتەری سوپای تورکيا دەخەنە خوارەوە و سەربازی تورک دەکووژن و تانک و زريپۆش دەتەقێننەوە... ئەوەمان لێ بشارنەوە کە چەند کيلۆمەتر و چەند قەزا و ناحيە و گوندی باشووری کوردستان داگير و کاولکراوە لە لایەن تورکياوە، چەند هەزار کوردی باشوور ئاوارە کراون بە هۆی ئەو ئۆپراسيۆنانەوە؟ دەيان جار وتومە و نووسيوومە، ئازادکردنی یەک گوندی کوردستان، بۆ کورد باشترە و زیانی بۆ تورکيا زیاترە وەک لە کووشتنی دەيان هەزار سەربازی تورک و تێکشکاندنی سەدان تانک و فڕۆکەی تورکيا. مانەوەی سەد هاووڵاتی کورد لە خاک و گوندی خۆیان، بۆ دۆزی کورد سوودی لەوە زیاترە کە دەيان شاری تورکيا وێران بکرێت بێ ئەوەی بستێک خاکی کوردستان ئازاد بکرێت. ئەوەی یەکەم سوودی بۆ کوردە، ئەوەی دووەم کە هەر زیانە لە تورکيا بەڵام سوودەکەی بۆ ئێرانە نەک کورد. دۆزی کورد دەبێت بە فەڵەستينی نەکرێت، شەڕی بێ ئامانج و بێ دەستکەوت نابێت بۆ دەيان ساڵ بەردەوام بێت. ئەمە ئامانجی تورکيایە، وەک چۆن ئامانجی ئيسرائيلە بەرامبەر بە فەڵەستينييەکان. 

-پەکەکە لە یەک کاتدا شەڕەکانی مانادار و بەسوود دەبن، کە ئەو شەڕانە نەبنە مایەیی لە دەستدانی خاکی کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی. ڕوون و ئاشکرایە، تورکيا بەشێکی گەورەی ناوچەی بادينانی کۆنتڕۆڵ کردوە، واتە تورکيا لەسەر ئاستی ستراتيژ براوەیە و کورد دۆڕاو، ئيتر بەرخودان و شەڕی بێ دەستکەوت، خزمەت بەو هاوکێشەیە دەکات کە تورکيا هەميشە براوەیە تيايدا و کورد هەميشە دۆڕاو. 

-شەڕی نێوان سوپای نيزامی و گروپی چەکدار لەسەر پارچە خاکێک، لە کۆتاییەدا هەر سوپای نيزامييەکە خاکەکە کۆنتڕۆڵ دەکات ئەگەر زیانێکی زۆر گەورەشی بەربکەوێت. لە کاتێک ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە، ئەگەر سوپایەکی نيزامی تر (دەوڵەت-لایەنی سێيەم) هاوکاری ئەو گروپە چەکدارە بکات بە شێوەیەکی بەردەوام و گەورە (ئەمە بۆ گروپە چەکدارييەکانی کورد نەبووە و نييە). سوپای نيزامی دەيان ئامرازی هەیە بۆ گرتنی پارچە خاکێک، گروپی چەکداری چەند ئامرازێکی لاواز و کورتخایەنی هەیە بۆ بەرگریکردن لەو خاکە. گريمان سوپا نيزامييەکە نەتوانێت خاکەکە کۆنتڕۆڵ  بکات، ئەوا وێرانی دەکات. ئەمەش بۆ دۆخی ئێستای کوردستان کارەساتە و زیانی زیاترە. سوپای نيزامی واتە کۆمەڵگە و توانا تەکنەلۆژی و ئابووری و کشتوکاڵی و ئەندازياری و دبلۆماسييەکانی... دەوڵەتێک کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی هەر هەمووی تەرخان بکات بۆ ئەو شەڕە. گروپی چەکدار لەبەر لاوازی و کەم توانایی و نا فەرميبوونی، ناچار ژێرخانی شار و هاووڵاتيانی سڤيل دەکاتە ئامراز و قەڵغان، وەک ئەوەی حەماس و حيزبوڵا  لە غەززە و لوبنان دەيکەن. ئەمەش دواجار دەبێتە  هۆی لەدەستدانی بنکە جەماوەری و باوەشە کۆمەڵایەتييەکەی ئەو گروپە، کە بەهێزترين ئامرازی بووە بۆ چالاکی و مانەوە و گەشەکردن. 

-لەبەر ڕێککەوتنی ئێران و تورکيا لەسەر ئەم ئۆپراسيۆنە، پارتی و یەکێتی ئەگەر هاوکاری سەربازی و هەواڵگری تورکياش نەکەن، ئەوا بێ هەڵوێستيان هەر هاوکارييە بە تورکيا و ئێران. لە کاتێکدا ئەگەر مرۆڤی عاقل لەو دوو حيزبە هەبن، دەبێت بزانن قۆناغی دوای پەکەکە بە ئەگەری زۆرەوە قۆناغی خودی هەرێم و حيزبەکانيەتی. ڕاستە پارتی و یەکێتی ناتوانن ڕێگری بکەن لەو ئۆپراسيۆنە، بەڵام سياسەت تەنيا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نييە، بەڵکو گوتار و ميديا و دبلۆماسيەتيش گرنگن. ئەو دوو حيزبە هەر هەموو ئەو ئامرازانەیان کردوەتە جاشایەتی. گريمان پەکەکە و تورکيا بە یەک ئەندازە دووژمنی هەرێم و پارتين، بۆ پارتی وا باشترە دووژمنە لاواز و نا فەرمييەکەی لێوە نزيک بێت، نەک بەهێز و ئەندامەکەی ناتۆ. پارتی نەک هەر ئەمە ناکات، بەڵکو پێی وایە تورکيا دۆستە و پەکەکە دووژمن. یەکێتی بۆ ئێران هەمان تێگەيشتنی هەیە. 

- سەبارەت بە توتکە ئيسلامييەکانی باشوور، ئەوانەی ئەردۆگانيان بە سوڵتانی خۆیان دەزانی و دەزانن، ئایا ئەو ئۆپراسيۆنەی سوڵتانەکەتان لەم کاتەدا ئاڕاستەی غەززە بکرایە باشتر نەبوو؟ ئایا  لە ئێستادا ئوومەت پێويستی بەوەیە کە سوڵتان ڕووبەڕووی ئيسرائيل ببێتەوە یان پەکەکە و دانيشتوانی گوندەکانی بادينان؟ ڕاستە ئيسلامييەکانيش ناتوانن هيچ ڕێگرييەک لەو ئۆپراسيۆنە بکەن، بەڵام لایەنی کەم دەتوانن بە نيوەی ئەندازەی شەڕەکەی غەززە ئەمەشيان بکردایەتە بابەتی سۆشيال ميديا و ميدياکانيان. بە نيوەی ئەندازەی ئەو حەپە حەپ و زەڕە زەڕ و بۆڕە بۆڕەی کە دەيکەن بۆ ڕووداوی سەمای کچێک یان سيمينارێکی جێندەر، بۆ ئەم نا هەقيەش بيانکردایە. ئەم توتکە ئيسلامييانە دەڵێن پەکەکە پاساو دەداتە تورکيا بۆ ئەو هێرشانە، ئەی حەماس پاساوی نەدایە ئيسرائيل؟ پاساوەکانی پەکەکە دەگەنە ئاستی ١٪ی پاساوەکانی حەماس؟ بۆچی بۆ ئەوەی ئيسرائيل  قورگی خۆتان دەدڕن بە زەڕين؟ بۆ ئەوەی سوڵتانەکەی ناو ناتۆ و جاسووسەکەی مۆساد ڵاڵ دەبن؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن