108وتار

پرسی موچە

7/29/2023 5:00:00 PM
رەنج نەوزاد

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بۆ پرسی دواکەوتن و نەدانی موچە، بە گشتی، دوو بۆچوون و پاساو و چارەسەر هەیە. دانەیەکی بۆچوونی دەسەڵاتە، زیاتر پارتی، کە پێی وایە خەتاکە لە عيراقە موچە نانێرێت و ئێمە هەموو شتێکی خۆمان؛ نەوت و خاک و دەسەڵات و کەرامەت و شەرەفی خۆمان ڕادەستی عيراق کردوە لە پێناو ئەوەی چەند هەزار دينارێکی موچە بنێرن، بەڵام ئەوان هەر موچەکە نانێرن. بۆچوونی دووەم هی ئۆپۆزسيۆن و نەيارەکانی دەسەڵاتە، بە گشتی نەيارەکانی پارتی. ئەوانەی پێيانوایە عيراق باوک و خاوەنمانە، ئەوەی کە لای کورد ماوەتەوە، دەبێت ئەوەش ڕادەستی عيراق بکرێتەوە لە پێناو ئەوەی موچە بنێرێت.

هەردوو بەرەکە، وەک پيشەی هەميشەیی کورد، دوو بەرەی هەڵە، لاواز و بچووک، بێ پلان و ئێرادە و بێ کەرامەت و شکۆ، عەقل کۆڵەوار، جگە لە تەسليم بوون و جاشایەتی، هيچ چارەسەرێکی تر نابينن. بنەمای تێگەيشتن لەم جۆرە بابەتانە دەبێت لەوەوە دەست پێبکات، کە عيراق داگيرکەر و دووژمنە، بێ گومان یا موچە نانێرێت، یا ئەگەر موچە بنێرێت بەرامبەر بە تەسليمبوون و کڕينی شەرەف و ئيرادەی کوردە. هەردوو بەرەکە عيراق بە داگيرکەر و دووژمن نازانن، بەڵکو بە باوک و گەورەی دەزانن. ئەگەر نا چ مانایەکی تێدایە لەم کاتەی کە عيراق ڕێ نادات کوردستان نەوت بفڕۆشێت و موچەکەشی بەو شێوەیە دوا دەخات و هەر داوای زیاتر ڕادەستکردنی کوردستان دەکات، لەم کاتەدا سەرۆکی پارتی لە هەولێر لەگەڵ سوودانی دەچێت بۆ سەيران و سەرۆکی یەکێتی دەچێت بۆ بەغدا و لەگەڵ حەشد دانيشتووە شيوەن دەکات بۆ حەسەن و حسێن! کە دەبوو هەردوولا هەڕەشەی کشانەوە لە بەغدا و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی هەولێر وبەغدا بکەن.

بە کورتی عيراق موچە بنێرێت و نەينێرێت، هەردووکی کارێکی خەراپە، ئەگەر لەسەر ئاستی نيشتيمانی، دوورمەودا و ستراتيژی بڕوانين. بەرپرسی یەکەم و کۆتای لە پرسی مووچە حکومەتی هەرێمە، بە تايبەت هەردوو مافیا سەرەکيەکەی باشوور. عيراق داگيرکەرە و خەريکی سياسەتی داگيرکاريانەی خۆیەتی دژ بە کورد وەک کاری هەميشەیی خۆی لە ماوەی زیاد لە سەد ساڵ تەمەنی عيراق. ئەوەی کە دەبێت کوردستان بپارێزێت لەو داگيرکەرە، حکومەتی کوردستانە. گلەییەکان نابێت لە داگيرکەر بکرێت، داگيرکەر هەر دەبێت ئەو کارانە بکات و هەر چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت. گلەییەکان هەر هەمووی دەبێت ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم و بە تايبەتی هەردوو گرێ شێرپەنجەييەکەی باشوور بکرێت کە هەميشە زەمينە دەرەخسێنن بۆ عيراق زیاتر کوردستان داگير بکات و سزای بدات. حکومەتێک (هەردوو مافياکە) نە بتوانێت موچە دابين بکات و پەنا بباتە بەر داگيرکەر بۆ پێدانی موچەی هاووڵاتيانی خۆی، نە بتوانێت خاک و نيشتيمان وسامانی نەتەوەکەی بپارێزێت لە داگيرکەران... ئيتر هيچ بەها و ڕێز و شەرعيەتێکی نييە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە پلانی دووژمن.

لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە، ئۆپۆزسۆنێک هەیە کە بە هەمان ئاستی دەسەڵات جاش و دووژمنی نيشتيمانە، لە دەسەڵات زیاتر هەوڵدەدات و خەون دەبينێت دەسەڵاتی داگيرکەر زیاتر بکات لە کوردستان و هەرچی سامان و دەسەڵات و سەربەخۆييەکی کوردستان هەیە بيداتە دەست خەزعەلی و مالکی و سەدر. هەردوو بەرە بە یەکەوە، بە مەبەست و پلان بێت یا نا، شان بەشانی داگيرکەران کوردستان لاوازتر دەکەن و تاکی کورد دادەماڵن لە شکۆ و ئەخلاق و بەها نيشتيمانی و مرۆییەکان.

زۆر پێويستە بەرەیەکی سێهەم لە کوردستان دەنگی بەرز بکات و کاريگەری دانێت، کە ئاشکرا حکومەتی هەرێم (بە تايبەت هەردوو مافياکە) بە بەرپرسی سەرەکی و یەکەم بزانێت لە پرسی موچە و پرسەکانی تر، هاوکات بەديلێکی کوردستانی و واقعی هەبێت بۆ ئەو دوو مافیایەیی باشوور، نەک بەديلەکە ئەوە بێت کە کورستان بخەنە ژێر خەزعەلی و ڕەیان کلدانی، گوایە ئەمە دژایەتی دوو مافياکەی باشوورە و لە خزمەتی هاووڵاتيانە. پێويستە هەموو جۆرە فشارێک لە هەردوو مافيا سەرەکيەکەی باشوور بکرێت، کە موچە دابين بکەن بە بێ ئەوەی کورد بفڕۆشن بە بەغدا بەرامبەر بە موچە.
مرۆڤی کورد دەبێت تێبگات، پارە و خۆشگوزەرانی زۆر گرنگە، بەڵام نابێت هەموو بەهاکانی تر بخرێنە قوربانی پارە، ئاشکرایە کاری گەوادی و لەشفڕۆشيش پارەی چاکی تيایە، بەڵام زۆرينەی مرۆڤ دەبنە کرێکار و کاری قوورس دەکەن بە پارەیەکی کەمتر، نەک ئەو جۆرە کارانە. لە کاتێکدا گەوادی و لەشفڕۆشی پرسی یەک تاکە مرۆڤە، بەڵام خۆ تەسليم کردن بە بەغدا لە پێناو موچە، ئەوەی کە هەردوو مافياکە و زۆرينەی خەڵکی هەرێم و ئۆپۆزسيۆن خەريکين، زۆر ناشرينتر و نزمترە لە کاری لەشفرۆشی و گەوادی. فرۆشتنی نيشتيمان و شکۆی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نەوەکانی ئايندە... جگە لەوەی خيانەت و تاوانە، لەشفرۆشی و گەوادييەکی دەستەجەمعييە. فڕۆشتنی نيشتيمان کە دايکە، لە پێناو موچە و بژێوی ژیان، واتە گەوادی کردن بە دايکەوە لە پێناو بەدەست هێنانی پارەیەک. هەژاری و مردن لە برسا، پاساو نييە بۆ ئەم تاوانە. ئەم کارە، هەردوو مافيا سەرەکييەکەی کوردستان و ئۆپۆزسيۆن و خەڵکێکی زۆر بە باشترين شێوە جێبەجێی دەکەن. لەبری ئەم گەوادييە دەستەجەمعييە ئایا ناکرێت ناڕەزایەتييەکی دەستەجەمعی درووست بکرێت دژ بە هەردوو مافيا سەرەکييەکەی باشوور لەناوببرێن یا فشارێکی قوورس بکرێتە سەريان ناچاری هەندێک گۆڕانکاريان بکات؟ لە کاتێکدا دابينکردنی موچە لە لایەن هەردوو مافياکەی باشوور، کارێکی ئاسان و واقعييە، ئەگەر شتێک لە دزييەکانی خۆیان کەم بکەنەوە. مایەیی پرسيارە ئایا گەوادیی دەستەجەمعی کۆمەڵگا و دەسەڵاتێک ئاسانە؟ یا درووستکردنی ناڕەزایەتييەکی دەستەجەمعی کە بۆ ماوەیەک ژیانی کوردستان ڕابگرێت و حکومەت ناچاری بکات بێ ئەوەی کوردستان بفڕۆشێت بە بەغدا، خۆی موچە دابين بکات؟

عيراق داگيرکەرێکی کوردستانە، پارتی و یەکێتی دوو ئامرازی مانەوەی ئەو داگيرکارييەن. بۆیە دژایەتی کردنی هەرسێکيان دەبێت بکرێتە بەرنامە و پلان، نەک دژایەتی کردنی دوو ئامرازەکە و پەنابردن و حەنين وتەسليم بوون بە داگيرکەرەکە. ئەگەر کورد هۆشيارييەکەی لە ئاستی مرۆڤێکی ئاسایی بووایە، دەبوو ئەگەر یەک جار فشار بکات لە دوو مافياکەی کوردستان بۆ دابينکردنی مووچە، سەد جار فشار بکات و ڕێگری بکات لە ڕادەستکردنی کوردستان و سامانەکەی بە عيراق لە لایەن ئەو دوو نەخۆشييەوە لە پێناو موچە. چونکە دەرکەوت، هەموو کات عيراق دەتوانێت موچەکە نەنێرێت و کەسيش ناتوانێت فشار بکات. واتە نە موچەکە دێت، نە نەوت و سامانەکەی کوردستانيش لە ژێر دەستی کورد مایەوە. پاساوێکش درا بە دوو مافياکەی باشوور کە ئاشکرا دەڵێن ئيتر ئێمە بەرپرس نين و هەموو شت لای بەغدایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن