121وتار

چەند سەرنجێکی پێويست لەبارەی ڕێککەوتنەکەی هەرێمی کوردستان و بەغدا

4/4/2023 9:20:00 AM
رەنج نەوزاد



ئەوەی تا ئێستا باس دەکرێت کە هەرێم و بەغدا بە نيازن ڕێککەوتنی لەسەر بکەن بە هيچ شێوەیەک ڕێ ناگرێت لە پارتی و یەکێتی داهاتی نەوت تاڵان بکەن. داهاتی نەوت زیاد دەکات، بەوەی کە نرخی نەوتی هەرێم ئيتر بە ١٠ دۆلار زیاتر دەفڕۆشرێت بۆ هەر بەرميلێک، ئەگەريش هەیە بڕی هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات بەوەی ئيتر کۆمپانياکان بێ سەرئێشە دەتوانن گرێبەست بکەن لەسەر نەوتی هەرێم. داهاتەکە دەچێتە سەر حيسابێک کە عيراق و حکومەتی هەرێم سەرپەرشتياری دەکەن. داهاتەکەی هەرێم هەر دەدرێت بە حکومەتی هەرێم واتە پارتی و یەکێتی، ئەمجارە داهاتەکە زیاتريشە. نە حکومەتی عيراق بە تەنيا، نە هەرێم بە تەنيا، ناتوانن مامەڵە بە پشکی داهاتی هەرێمەوە بکەن، بەڵکو هەردووکيان پێويستيان بە ڕەزامەندی یەکترە. ئەم ڕەزامەندييە هاوبەشە، لە دۆخی عيراقدا، واتە داهێنان لە گەندەڵی و تاڵانی و تاوان.

 ئایا کێ ڕێ لە پارتی و یەکێتی دەگرێت بۆ تاڵانکردنی ئەو داهاتە؟ عيراق ڕێگری دەکات؟ کە خۆی لەوان زیاتر پارەی نەوت تاڵان دەکات؟! کێ ڕێ لە بە قاچاخ فڕۆشتنی نەوت دەگرێت؟ بۆ نموونە پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی ئێران و تورکياوە نەوت بە قاچاخ بفڕۆشن، ئایا عيراق چۆن ڕێگری لێدەکات کە سياسيەکانی عيراق لەوانەی هەرێم زیاتر بە قاچاخ و نایاسایی نەوت دەفڕۆشن. پاشان ئەگەر هەرێم بە ئێران بيفڕۆشێت، یانی عيراق ڕێ لە هەردووکيان دەگرێت؟! لە کاتێکدا خودی ڕێککەوتنەکە پاسداران کردویانە و هەر نوێنەرەکانی پاسدارانيشن لە بەغدا، بەڕێککەوتن لەگەڵ هەواڵگری ئەمريکا، دەزگایەکيان درووست کردوە بە ناوی حکومەتی عيراق.

لە ئايندەدا گەورەترين ئەگەر ئەمەیە: پارتی و یەکێتی چاوپۆشی لە تاڵانيەکانی حيزبەکانی عيراق دەکەن و ئەوانەی عيراقيش چاوپۆشی لەوانەی پارتی و یەکێتی دەکەن. بە تايبەت ئەوانەی بەغدا، لە دوای دابەشبوونی ماڵی شيعە، پێويستيان بە پشتگيری پارتی و یەکێتيە بۆ پێکهێنانی حکومەت. بە کورتی بە ئەگەری زۆرەوە پارتی و یەکێتی پارەی زیاتريان دەست دەکەوێت لە داهاتی نەوت. تاکە دۆڕاو لەم هاوکێشەیەدا کوردستانە کە هاوبەشێکی بۆ درووست بوو لە نەوتەکەی خۆی کە مافياکانی سۆمۆن. بە ئەگەری زۆرەوە تاڵانکردن و بەفيرۆدانی نەوتی هەرێم زیاد دەکات، بە قاچاخ فڕۆشتن زیاد دەکات، بە تايبەت ئەگەر عيراق بچوکترين سنوور دانێت بۆ تاڵانييەکانی پارتی و یەکێتی. لەبەرامبەردا، لە باشترين ئەگەردا، تەنيا مووچە دابيندەکرێت، ئەويش هەميشە وەک کارتێکی فشار دەبێت بە دەست عيراقەوە.

ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک و ميدياکان دڵيان پێ خۆشە، بريتييە لەوەی ئەم کارەساتە ڕووبدات کە لەسەرەوە باسم کرد. گوایە پارتی و یەکێتی ئيتر هەژار دەبن و ناتوانن داهاتی نەوت تاڵان بکەن. لە عيراق و هەرێمی کوردستان سياسەت و هێز لە چوارچێوەی مليشيا چەکدارەکانە، هێز نييە نەوتی هەرێم بفڕۆشێت ئەگەر بە مليۆنان دۆلار نەداتە پارتی و یەکێتی، کێلگە نەوتييەکان و بۆڕييەکان لە ژێر دەستی چەکدارانی پارتی و یەکێتين، ئایا ئەوانە ڕێدەدەن کە نەوت بفڕۆشرێت بە بێ ئەوەی پشکی گەورەیان هەبێت! ئەمجارە ئەگەر زۆرە نەوتی هەرێم نەک تەنيا لە لایەن پارتی و یەکێتيەوە تاڵان بکرێت، بەڵکو لە لایەن هێزە عيراقيەکانيشەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، جگە لەوەی دەبێتە کارتێک بە دەست پاسداران و حەشد دژ بە مووچەخۆرانی هەرێم. هێزە سياسيەکانی عيراق کە ئەم ڕێککەوتنەیان کردوە لەگەڵ هەرێم، باشترين پەيوەنديان بە پارتی و یەکێتيەوە هەیە، مانگانە دەيان جار کۆبوونەوە و سەردان کردنی یەکتر و مامەڵەیان هەیە، خودی سوودانی و ئيتارييەکان لە پارتی و یەکێتی دەپاڕێنەوە کە پشتگيريان بکەن دژ بە سەدر... ئایا ئەمانە دەيانەوێت سنوور بۆ تاڵانی پارتی و یەکێتی دانێن و توڕەیان بکەن و سزایان بدەن!!

پيشەسازی نەوت لە ناوچەیەکدا کە حەشد لە عيراق و پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەی ببەن، دراوسێکانی ئەم ناوچەیەش ئێران و تورکيا بن، ئایا جگە لەو سيناريۆیەیی لە سەرەوە باسم کرد، سيناريۆی تر دەبێت؟! ئەوەی باس لەوە دەکات گوایە ئيتر داهاتەکە شەفاف دەبێت و پارتی ویەکێتی ناتوانن بەو شێوەیە گەندەڵی بکەن، مووچە و داهاتی کوردستان بێ کێشە دابين دەکرێت... ئەم تێڕوانينە بۆ نەوتەکەی نەرويج ڕاستە، نەک بۆ ئەم گەندەڵستانەی عيراق و هەرێمی کوردستان. دوای ئەم ڕێککەوتنە، دۆخەکە تەنيا لە چەند خاڵێکدا جياواز دەبێت لە پێش ڕێککەوتنەکە؛ ئەويش ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی زیاتر پارەیان دەستدەکەوێت، نەوتی هەرێم زیاتر بەفيرۆ دەفڕۆشرێت و بە تاڵان و بەقاچاخ دەبرێت، هاوبەشێک، کە داگيرکەر و دووژمنی کوردە، بۆ نەوتی کوردستان درووست بوو، ئەوپەڕی مووچەکە دابين دەکرێت، ئەويش بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی درێژ نا، بەڵکو هەميشە وەک کارتێکی فشار بە دەست حەشدەوە، هەر کێشەیەکی پارتی و یەکێتی لەگەڵ عيراق، ئەو کارتە بەکاردێت. هەر کێشەیەکی ئێران و تورکيا لەگەڵ کوردستان، ئەو کارتە بەکاردێت.

بە کورتی ئەگەر ڕێککەوتنەکە ئيمزا بکرێت و جێبەجێ بکرێت، ئەوا نەوت لە پارتی و یەکێتی ناسەندرێتەوە، بەڵکو هەر بەدەستی پارتی ویەکێتی دەبێت، چونکە بە پێی ڕێککەوتنەکە، مامەڵەکردن بە نەوتی هەرێم دوو لایەنە، بێ هەرێم بەڕێوە ناچێت، بێ عيراقيش. تەنيا نەوتەکە لە هەرێمی کوردسان دەسەندرێتەوە کە سەربەخۆ مامەڵەی پێوە بکات. بە مانایەکی تر، پارتی و یەکێتی و عيراق و ئێران بە یەکەوە نەوتی هەرێمی کوردستانيان لە کورد سەندەوە و خۆیان کۆنتڕۆڵيان کرد. لە ئايندەیەکی نزيک ئەم ڕاستانە ڕوون دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن