88وتار

دوو تێبينی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

9/20/2023 9:59:00 AM
رەنج نەوزاد


یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تورکيا و ئێران شارەزای زۆربەی شوێن و بارەگا و فڕۆکەخانەکانی... هەولێر و سلێمانين ئەوەیە کە کۆمپانياکانی ئەوان زۆربەی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەولێر درووست دەکەن و کاری تيادەکەن. ئەو کۆمپانيانەش زۆربەیان سەر بە هەواڵگری ئەو دوو دەوڵەتەن یان کارمەندی دەزگاکانی هەواڵگری لەگەڵياندا کار دەکات. بۆ نموونە، دەوترێت بينای ئاسايشی گشتی هەولێر، کۆمپانيایەکی تورکی کە زاواکەی ئەردۆگان خاوەندارێتی دەکات، درووستی کردوە. واتە ميتی تورکيا نەخشەی بيناکەی لایە.

خاڵێکی تر کە گرنگە، زۆربەی کات کە مووشەک و دڕۆنی تورکی و ئێرانی لە هەولێر و سلێمانی دەدەن، پارتی و یەکێتی داوا لە عيراق دەکەن ليژنە بنێرێت بۆ لێکۆلينەوە. لە کاتێکدا عيراقيش، هاوشێوەی تورکيا و ئێران داگيرکەری کوردستانە و دووژمنی کوردە. بە ئەگەری زۆرەوە ئەو زانياری و وردەکارييانەی لە لێکوڵينەوەکانی عيراقدا هەیە، بە پارتی و یەکێتی ناوترێت، بەڵکو بە تورکيا و ئێران دەوترێت. کاتێک پارتی و یەکێتی داوا دەکەن عيراق دەست بە لێکۆڵينەوە بکات لەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەولێر و سلێمانی، ڕێک وەک ئەوەیە داوا لە تورکيا و ئێران بکرێت بێن خۆیان لێکوڵينەوە بکەن لەو هێرشانە.

ئەمە لە کاتێکدایە نزيکەی نيو مليۆن چەکدار هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەیان دەزگا هەیە بە ناوەکانی پاراستن و زانياری و دژە تيرۆری زەرد و دژە تيرۆری سەوز و کۆماندۆ و زيرەڤانی... جگە لە دەيان زانکۆ و پەيمانگا... یانی چی نەتوانرێت لێکوڵينەوەیەک بکرێت لەسەر ئەو هێرشانە لە کاتێکدا زۆر ڕوون ديارە کە ئێران و تورکيان و خۆشيان نايشارنەوە. چ پێويست دەکات حەشدی شەعبی بێت لێکۆڵينەوە بکات لەو ڕووداوانە؟

 ئەو هەموو چەکدارەی هەرێم، جگە لەوەی ناتوانن ڕێ لە هێرشەکانی تورکيا و ئێران بگرن، ناتوانن هەر سەيری کەرکوک بکەن، بەرامبەر بە حەشد ڕادەکەن، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاسداران چەک دەکەن، لەبەر ميت دژایەتی پەکەکە دەکەن... بەرگری لە یەک بستی کوردستان ناکەن، ناتوانن یەک مناڵی کورد بپارێزن بەرامبەر بە فارس و تورک و عەرەب، کەچی ملياران دۆلاری کوردستان بە فيرۆ دەڕوات بۆ موچەی ئەوانە، لەگەڵ ئەوەشدا یانی ناتوانن لێکولينەوەیەکش بکەن لەسەر ئەو كارەساتانەی بەرامبەریان دەكرێت؟ بەڵکو داوا لە حەشد دەکەن بێت لێکۆڵينەوە بکات بۆ ئەوەی زانياری نوێ پێشکەش بە تورکيا و ئیران بکرێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن