21وتار

هاوکێشە سياسييەکانی ناوچەکە و جيهان: ئامادەکاری و سيناريۆکان، تورکيا و کورد

10/23/2024 10:57:00 AM
رەنج نەوزاد

لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە گۆڕانکاری گەورە ڕوويداوە لە ناوچەکە. پێش ئەوەش لەسەر ئاستی جيهان هاوکێشەی ڕووسيا و ئۆکڕانيا گۆڕانکارييەکی گرنگ بوو کە تا ئەمرۆ بەردەوامە. ئەم گۆڕانکارييانە دەرگای کردوەتەوە بۆ سەر چەندين ئەگەر و سيناريۆی نوێ و گرنگ. سەبارەت بە ناوچەکەی خۆمان، بە تايبەت دوای ئەوەی کە دەرکەوت ئيسرائيل ئامادە نييە جەنگ بوەستێنێت و هيچ لایەنێکی تريش نەيتوانيووە ناچاری بکات بە کۆتایی هاتنی شەڕەکە، بەڵکو هەوڵيدا فراوانی بکات تا ئەوەی خەريکە دەبێتە شەڕی ڕاستەوخۆی ئيسرائيل و ئێران. لە چەند مانگ و چەند هەفتەی ڕابوردوو چەندين گۆڕانکاری و ئەگەری نوێ ڕوويداوە:

 

١. کووشتنی نەسروڵا وەک سەرکردەی هيلالی شيعی، لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانی تری حيزبوڵا، پاشان کووشتنی یەحيا سنوار وەک ئەندازياری ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، بەهێزترين گورز بوو لە ميحوەری ئێران کە تا ئێستا لێی درابێت. ئەمە وای کرد ئێران بباتە دۆخی بەرگری، کە لە ٢٠٠٣ەوە لە دۆخی هێرشبردن و کشان بوو بەرەو دەرەوە. 

 

٢. داگيرکردنی غەززە و هێرشە بەردەوامەکانی ئيسرائيل بۆ سەر لوبنان و داگيرکردنی چەند ناوچەیەک لە باشووری وڵاتەکە، چوونە ژوورەوەی سوپای ئيسرائيل بۆ چەند ناوچەیەکی سووريا بە شێوەیەکی نهێنی و سنووردار... هاوکاتە لەگەڵ درووستبوونی گومانێکی زۆر سەبارەت بە پەيوەندی بەشار ئەسەد و بەرەی ئێران. بە پێی سەرچاوەکانی ناو سووريا، سوپای ئەسەد دەستی کردووە بە دانانی سانسۆر لەسەر جوڵەکانی حيزبوڵا و ميليشياکانی ئێران لە سووريا. ئێران غەززەی لەدەستدا، لە لوبنان لاوازکراوە، لە سووريا لەبەردەم مەترسی و گومانە. 

٣. جموجۆڵێکی ديبلۆماسی زۆر هەیە لە کەنداو و ئەمريکا و ئێران سەبارەت بە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئيسرائيل بۆ سەر ئێران. چەند بەڵگەنامەیەک لەبارەی ئەو هیرشە لە ئەمريکاوە دزەی پێکراوە. ئەمە گومانی زۆری لەسەرە، ئایا بەڵگەنامەکان ڕاستن؟ بۆ هاوکاری ئێرانە؟ یارييەکی هەواڵگری ئەمريکا و ئيسرائيلە بەرامبەر بە ئێران؟ ڕوون نييە. کەنداو لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشن بە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئيسرائيل بۆ سەر ئێران، بەڵام هاوکات ترس و دوو دڵييەکی زۆریان هەیە لەوەی ئێران لە ڕێگەی ميليشياکانييەوە سەرئێشەیان بۆ درووست بکات. 

 

٤. هەفتەی ڕابوردوو سيسی سەرۆکی هەواڵگری ميسری گۆڕی لە عەباس کاميلەوە، کە هاوڕێيەکی نزيک و کۆن و متمانەپێکراوی سيسييە  بۆ حەسەن ڕەشاد. ئەمە بووە مایەیی پرسيار. دەوترێت حەسەن ڕەشاد شارەزاییەکی باشی هەیە لەسەر ئێران. دەنگۆ هەیە کە ئەم گۆڕانکارييە بە هۆی دۆخی ناوچەکە و ئەگەرەکانی ئايندەی ململانێی ئيسرائيل و بەرەی ئێرانە. تەنانەت دەوترێت لەوانەیە لەسەر ڕاسپاردەی محمد سەلمانی شازادەی سعوودييە حەسەن ڕەشاد کرابێت بە سەرۆکی هەواڵگری ميسر. بە تايبەت لەو ماوەیەدا شازادەکەی سعوودييە سەردانی سيسی کردووە. 

٥. کۆی ئەم هاوکێشانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەيوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمريکاوە هەیە، لە ئەگەری هاتنەوەی ترەمپ، فشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکەن. بۆیە تا یەکلابوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمريکا ئەگەری دانوستان و ئاشتی یان گۆڕانکاری گەورە کەمە. لە دوای ئەنجامی دەنگدانەکانی ئەمريکا دۆخەکە ڕوونتر دەبێتەوە. 

 

٦. لەگەڵ جوڵەکانی سوپای ئيسرائيل لە سووريا، ئەردۆگان کەوتە باسکردنی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی کە لە سوورياوە بە هۆی جوڵەکانی ئيسرائيلەوە ئاڕاستەی تورکيا دەکرێت. ئەمەش واتە تورکيا بە نيازی جوڵەیەکی نوێيە سەبارەت بە سووريا، کە لای ئەوان پرسی ڕۆژئاوای کوردستان گرنگترينە لەو هاوکێشەیەدا. ئەو جوڵەیەیی تورکيا دەکرێت سەربازی بێت و دەکرێت دبلۆماسی بێت. هاکان فيدان، کە سەرۆکی ميت بووە و زانياری و قسەکانی دەبێت بەهەند وەربگيرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە بە پێی زانيارييەکانيان ئەگەری شەڕێکی فراوان لە نێوان ئيسرائيل و ئێران زۆرە. 

٧. هەر لەم کاتەدا دەنگۆ و باسکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکيا لەگەڵ کورد زۆرە. ئەوەی مایەیی سەرنجە تەنانەت پارتەکەی دەوڵەت باخچەلی باس لەو پڕۆسەیە دەکات. بە پێی یەکێک لە هەواڵەکان گوایە تورکيا ئامادەیە ئۆجەلان ئازاد بکات، یان شوێنی زيندانەکەی بگوازێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد. تەنانەت دەوترێت باس لەوەش کراوە کە تورکيا ئامادەیە ئەو  پڕۆسەی ئاشتييە فراوان بکات و  قەوارەکەی ڕۆژئاوای کوردستانيش قبوڵبکات. لەبەرامبەردا پەکەکە چەک دانێت و کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت. 

 

بۆچوونی زۆر هەیە لەبارەی ئەو ويست و پلانەی تورکيا: ١. دەکرێت بۆ ڕازيکردنی کوردەکانی باکوور بێت کە پشتگيری ئەردۆگان بکەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات تا مردن. (پشتگيری هەموارکردنەوەی ماددەکانی دەستوور لەوبارەیەوە). ٢. تورکيا گەيشتووەتە ئەو باوەڕەی کە لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا ناکرێت. بە تايبەت جارێ ڕوون نييە ئەمريکا تا کەی لەوێ دەمێنیتەوە، هاوکات هاتنی ئيسرائيل بۆ سووريا، بەرەی ئێران لاواز دەکات و بەرەی ئەمريکا و ڕۆژئاڤا بەهێزتر دەکات. کەواتە لە دۆخێکی وادا تورکيا هەوڵدەدات پڕۆسەیەکی ئاشتی لەگەڵ ڕۆژئاڤا درووست بکات و بە ئامرازی دبلۆماسی لاوازيان بکات، یان پەرتەوازە یان کۆنتڕۆڵيان بکات. لایەنی کەم لە هەڕەشەوە بيانگۆریت بۆ دۆخێکی ئاسایی بێ ململانێ. ٣. حەماس و جيهادی فەڵەستين شکێنران و غەززە لە ئێران سەندرایەوە، حيزبوڵا گورزی بەهێزی بەرکەتووە و بە ئەگەری زۆرەوە هەژموونی ئێران لە باشووری لوبنان ئەگەر لەناونەبرێت، ئەوا زۆر لاواز دەکرێت. لە سووريا بەرەی ئێران لەبەردەم هەڕەشە و قەيراندان. پەکەکەش کە سەر بە ميحوەری ئێرانە، لەم کاتەدا ئەگەری سازشی زياترە، بە تايبەت ئەگەر چەند دەستکەوتێکی سياسی پێ بدرێت. ئەمەش گورزێکی ترە لە ئێران، بەوەی لە دوای لاوازکردنی هێزە سەرەکييەکانی ئێران لە ناوچەکە، هێزە لاوەکييەکانيشی لێ دەسەندرێتەوە. لاوازکردنی ئێران لە زۆر ڕووەوە لە بەرژەوەندی تورکيایە. 

 

پێموایە ئەگەر دەستپێشخەرييەکی فەرمی لە لایەن تورکياوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی بکرێت، ئەوا لە بەرژەوەندی کوردە پەکەکە ڕازی بێت بە دانوستان. ئەگەر تورکيا ئامادە بێت دان بە ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت و دۆخی شەڕ بوەستێنێت، هەندێک مافی سياسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری بە باکووری کوردستان بدات، ئەوا دانانی چەک لە لایەن پەکەکەوە کارێکی درووست و بەسوودە. پەکەکە دەکرێت چەندين مەرجی تر بخاتەڕوو، وەک کشانەوەی تورکيا لە تەواوی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. 

 

پێويستە پەکەکە لایەنی چەکداری خۆی تەنيا لە چوارچێوەی هەسەدە بهێڵێتەوە. بە هۆی ئەمريکاوە زەمينە ڕەخساوە بۆ درووستکردنی سوپایەکی نيشتيمانی لە ڕۆژئاڤا، هەنگاو نراوە لەو بارەیەوە. هەبوونی یەک سوپای نيشتيمانی نيزامی، ئەگەر لاوازيش بێت، لە ڕووی سياسی و نيشتيمانی و نێودەوڵەتييەوە زۆر بەسوودتر و گرنگترە لە هەبوونی دەيان ميليشيای زۆر بەهێز و تۆقێنەر. ميليشيا تەنيا ماڵوێرانييە، حەماس لە غەززە و حيزبوڵا لە لوبنان دوو نموونەی ڕوونن لەوبارەیەوە. حيزبوڵا دەيان جار لە سوپای لوبنان بەهێزترە، بەڵام ئێستا زۆربەی لوبنانييەکان داوا دەکەن کە حيزبوڵا چەک دانێت و سوپای لوبنان شوێنی بگرێتەوە. چونکە ئەگەر سوپا لە باشووری لوبنان بێت، ئيسرائيل شەرعيەتی ئەوەی نابێت بەو شێوەیە گوند و ناوچەکان بسڕێتەوە. بە هەمان شێوە لە غەززە.

 

 ميليشيا لە باشترين دۆخکدا، ئەگەر بە تيرۆريست هەژمار نەکرێت، ئەوا هەر گروپێکی نا یاسایی و ئاڕاستەکراون، هەر دەبێت بەکرێگيراوی دەوڵەتێکی تر بن، هەموو دەوڵەتێک دەتوانێت خۆیان و شار و خەڵکيان وێران بکات بێ ئەوەی جيهان ڕێی لێ بگرێت. ئيسرائيل زۆر هەوڵيدا هەمان سيناريۆی غەززە لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستين دووبارە بکاتەوە، بەڵام نەيتوانی، چونکە لەوێ بە فەرمی نيمچە حکومەت و نيمچە دەوڵەتێک هەیە، بە پێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 

 

کاتی ئەوە هاتووە کورد دەستبەرداری ميليشيا بێت و سوپایەکی نيزامی و نيشتيمانی، ئەگەر زۆر بچوک و لاوازيش بێت، درووستبکات. پەکەکە دەبێت بزانێت، چەکێک بۆ ماوەی زیاد لە ٤٠ ساڵ تورکيا ناچار نەکات ڕێگە بە زیاد لە ٢٠ مليۆن کورد بدات بە زمانی خۆيان بخوێنن، یان بستێک خاکی کوردستان ئازاد نەکات، کەواتە ئەو چەکە شکستی هێناوە و پێويستە شێوازێکی تر تاقی بکرێتەوە. بە تايبەت کە پەکەکە دەرەفەتی هەیە ببێتە بەشێک لە سوپا لە رۆژئاڤا، هەر وەها دەرەفەتی ئەوەی هەیە دوای چەند ساڵێک لە هەوڵی دبلۆماسی ئەگەر هيج ئەنجامێکی نەبوو، دووبارە چەک هەڵبگرێتەوە. 

 

سوپای تورکيا بە هۆی ناتۆ و پەيوەندييەکانی لەگەڵ جيهانی ڕۆژئاوا، بووەتە بەشێک لەو پيشەسازييە تازەیەیی بواری سەربازیی، ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و گەشە دەکات، زيرەکی دەستکرد خەريکە دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە پيشەسازیيە سەربازييەکەی. ئيتر کارێکی بێ هودەیە بە چەمکی بەرخودان و ئازایەتی و قارەمانێتی شەڕی لەگەڵدا بکرێت. بە تايبەت ئەو سەر بە ناتۆیە، کورد دەولەتێکيشی نييە تا دەوڵەتانی تر پشتگيری بکەن. ئەوەی لە غەززە و لوبنان ڕوويدا، زۆر بەڕوونی ئەوەی سەلماند، چەمکەکانی ئازایەتی و بەرخودان و جيهاد و خۆفيداکردن... لەبەرامبەر تەکنەلۆژیادا زیانەکانی زياتر دەبێت بۆ نيشتيمان نەک سوود. ئێستا لوبنانييەکان دەڵێن "ئايدۆلۆژیا ناتوانێت لە تەکنەلۆژيا بباتەوە". 

 

چەکدارانی حەماس و حيزبوڵا بەوپەڕی ئازایەتی و چاونەترسييەوە شەڕی ئيسرائيل دەکەن، سەربازی ئيسرائيلی دەکووژن و تانک و زريپۆش دەکەنە ئامانج... بەڵام ئەنجامەکەی چييە؟ بستێک خاک ئازاد ناکرێت و خاکيش لەدەست دەدرێت. دوو مليۆن ئاوارەی برسی لە غەززە هەن، مليۆن و نيوێک ئاوارە لە لوبنان لە شەقام و قوتابخانەکانن. جگە لە کاولکردنی ژێرخانی وڵات بە شێوەیەک کە ئيتر شياوی ژیان نييە تا ١٠ ساڵ و زیاتريش. هاوکات کووشتنی تەواوی سەرکردە و زۆربەی چەکدارانی حەماس و حيزبوڵا. لە کۆتاييشدا دەبێت گەورەترين خەونيان ببێتە ئەوەی ئيسرائيل لە خاکی غەززە و لوبنان بکشێتەوە. ئەگەر سەرکەوتنێکيش هەبێت، ئەوا تەنيا دەچێتە گيرفانی ئێران نەک فەڵەستينی و لوبنانييەکان، چونکە هەردوو ميليشیاکە بەکرێگيراوی ئێرانن. 

 

پەکەکە  پێويستە بزانێت، کووشتنی هەزاران سەربازی تورکيا، شکاندنی سەدان تانک و فڕۆکەی تورکيا، ئەگەر نەبێتە مایەیی ئازادکردنی خاک، یان چەند دەستکەوتێکی سياسی و نەتەوەیی، ئەوا نەک سوودی نييە، بەڵکو زیانی زیاترە. چونکە هەميشە کاردانەوەی سوپای تورکيا کووشندەتر و وێرانکەرترە. تورکيا دەوڵەتێکی بەهێزە و دەتوانێت زوو قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە، کورد ناتوانێت. سەقامگيری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە تيایدا بتوانێت ئابوورييەکی باش و سوپایەکی نيشتيمانی و ژێرخانێکی باش درووستبکات، سەدان جار بۆ کورد و پەکەکە باشترە و گورزیکی بەهێزترە لە تورکيا وەک لە شەڕ و کووشتنی سەدان سەربازی تورک کە نابێتە مایەیی دەستکەوتێکی نەتەوەیی واقعی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن