186وتار

هەڵسەنگاندنێکی سادە لەیادی دامەزرادنی بزوتنەوەی گۆڕاندا...

7/29/2024 10:17:00 AM
زاگرۆس محمد

کاتێک لە ١٩ی ٥ی ٢٠١٧ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد ٤ میراتی گەورەی بەجێهێشت:

1. گردی زەرگەتە: وەک خۆی ماوە. ئارامگای رەوا نشاد نەوشیروان مستەفا لێیە، بینایەک بۆ (سبەی) تێدا دروست کراوە و سەدان درەختی تازەی تێدا نێژراوە.

2. کۆمپانیای وشە: وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە لەخزمەتی گشتیدایە. 

3.لە سەدا ١٥ ی کۆمپانیای گاسن وەک خۆی ماوە و داهاتەکەی ڕوونەو مەسروفی کۆمپانیای ووشەی پێدەکرێت.

4. بزوتنەوەی گۆڕان کە دووەم هێزی سیاسی کوردستان بوو ، لە پەرلەمانی کوردستان (٢٤) کورسی، لە پەرلەمانی عێراق (٩ کورسی) و لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (١٢) کورسی. نیو ملیۆن دەنگدەری هەبوو.

ئەنجام:

 لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا (٢٤) کورسی بوو بە (١٢) کورسی، (١٢) کورسی بەهۆی کرا بە (٦) کورسی، لە ئەنجومەنی نوێنەران (٩) کورسی بوو بە (٥) کورسی و دواتر بوو بە (سفر کورسی) و نیو ملیۆن دەنگدەر نەما. 

گۆڕان لە هێزی دووەم بوو بە سێیەم. ئێستا وای لێ کراوە دەزگایەکی راگەیاندن ئامادە نیە کەسی یەکەمی بنێرێ بۆ کۆبونەوە و وەفد ئەنێرێ وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بێت.

کوا (٢٤) کورسیەکە؟ کوا (٩) کورسیەکە، کوا (٥) کورسیەکە؟ کوا (١٢) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا؟ کوا نیو ملیۆن دەنگدەر؟ 

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا (٧) ساڵ رێکخەر گشتی بوو بزوتنەوەیەکی سیاسی دامەزراند بومەلەرزەی دروست ئەکرد. لە کوردستان و عێراق و دنیا حسابی تایبەتی بۆ ئەکرا. بەرگری لە خەڵک ئەکرد. بە چاوپێکەوتنێک هەموو حیزبەکانی ئەخستە ئینزارەوە. بە کۆکەیەک ترسی ئەخستە دڵی هەموو گەندەڵکاران. 

لەم ٧ سەڵەی دوای کۆچی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هاوڕێکانی بوون بە میراتگری سیاسی ، کە (٣) ساڵی ماوە بەسەرچوو و دەستلەکارکێشاوەیە، چی کرا؟

بزوتنەوەی گۆڕان:

 دەنگدەری نەما. کورسی نەما. بەرگری لە خەڵک نەما. گەندەڵی کرد بە خووی دەوروبەرەکەی. ئاژاوەی دروست کرد. ئەوانەی بزوتنەوەی گۆڕان-یان گەیاند بەم رۆژە نەگریسە هەرگیز ناتوانن فریادڕەس بن.

کورت و کرمانج: 

 یەک رێگە هەیە بۆ رێگری لە کارەساتی گەورەتر. سەرکردەی نوێ کە رێز لە دەنگدەر، هەڵسوڕاو، جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بگرێ. خەڵکی لا گرنگترین سەرمایە بێ. دادپەروەر بێت. شەفاف بێت. سەرکردە بێت بۆ خەڵک و گۆڕان بەبێ جیاوازی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن