88وتار

منداڵ تا تەمەنی دە ساڵی نابێ بێ چاودێری بێت!

9/14/2024 5:04:00 PM
رەهێڵ دزەیى

مرۆڤ جیاواز لە زیندەوەراکانی تر کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی ژیانی تێپەڕێنیت.

هەر لە دایک بوونی منداڵ چەندین مانگ و ساڵی پێویستە تا بتوانێت دانیشێت و بڕوات و قسەبکات، گەشەکردنی مێشکی مرۆڤ چەندین ساڵی پێویستە تا بتوانێت بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵگرێت و ڕوبەڕووی ئاستەنگەکانی ژیان ببێتەوە و بڕیاری دروست بدات. 

منداڵ لە ژێر تەمەنی دە ساڵی زهن و ئیدراکی بۆ شتەکان بە تەواوی گەشەی نەکردوە، بۆیە بڕیارەکانی ناتەواون و درک بە مەترسیەکان وەک پێویست ناکات. لەم تەمەنەدا منداڵ ناتوانێت بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵگرێت و لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی هەر کێشەیەک توانای چارەسەرکردنی نییە، بۆ نمونە ئەگەر مندڵێکی دە ساڵی بە تەنها لە ماڵەوە بێت و ئاگرێک لە شوێنەک لە ماڵەکە دروست بێ، توانای ئەوەی نییە بڕیار بدات لەم کاتەیە چی بکات، هەروەها ئەگەر بەتەنیا لە دەرەوە بێت و بۆ شوێنەک بچێت و توشی هەر کردەوەیەکی نەخوازراو بێت، نازانێت بڕیاری دروست بدات تا خۆی ببپارێزیت. 

لەم وڵاتانەی مافی منداڵ پارێزراوە، بە یاسا ڕێگری کراوە لەوەی منداڵی خوار تەمەنی دە ساڵی بەتەنها لە ماڵەوە بێت، یان بەتەنها بچێت بۆ خوێندنگا، یان هەر کارێکی تر بکات بێ ئەوەی کەسێکی گەورە چاودێری نەکات، لە کاتی سەرپێچی کردنی ئەم یاسایە لەلایەن دایک و باوکان، ئەوە منداڵەکە لەم خێزانە وەردەگرنەوە، منداڵەکە لە شوێنکی تر دەبێت کە هەست بە دڵنیای بکات و کەسانێک بەبەردەوامی ئاگایان لێبێت. منداڵەکان موڵکی داک و باوکی نییە، بەڵکو تاکێکن لەدواڕۆژ دەبنە کەسێکی چالاکی ناو کۆمەڵگا وکاریگەریان دەبێت لە گەشەکردنی کۆمەڵگا یان پێچەوانەکەی، بۆیە حکومەت بەرپرسیارە لە چاودێری کردنیان، بۆیە دەبێ بەشێوازێک پەروەردە بکردێن و مافەکانیان پارێزراوبێت تا ببن بە کەسێکی سوودبەخش بۆ کۆمەڵگاکەیان و ڕۆڵی ئەرێنیان هەبێ لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان.

ئەرکی حکومەتە هاوکاری ئەو خێزانانە بێت کە منداڵی خوار دە ساڵیان هەیە، بە دابین کردنی باخچەی ساوایان منداڵ لە یەک ساڵی وەبگرێت. لە کاتی چوونی منداڵەکان بۆ خوێندنگا، حکومەت ئامرازەکانی هاتووچۆیان بۆ دابین بکات بە بێ بەرامبە. شوێنک لە ناو خوێندنگاکان دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە لەوێ بمێنەوە پاش تەواوبوونی کاتی خوێندن تا دایک باوکان لە کارەکانیان تەواو دەبن.

وڵاتی نەرویج بە نمونە دەینمەوە و ئەو هاوکاری و کارئاسانیانەی دابین کراوە بۆ خێزان دەخەمە ڕوو.

 حکومەتی نەرویج هانی دایکان دەدات کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵە ساواکانیان بن، لە ڕێگای پێدانی بڕە پارەک وەک هاوکاری بۆ ئەوەی دایک مۆڵەت لە کارەکەی وەربگرێت و تا تەمەنی منداڵەکەی دەگاتە چوار ساڵی لەگەڵی بمێنیتەوە.

خوێندنگا ئامرازی گواستنەوە بۆ خوێنگارانی پۆلی یەک تا پۆلی چوار دابین دەکات بەخۆڕایی، لە دوای کۆتایی هاتنی کاتی خوێندن، شوێنەک دابین کراوە بۆ ئەو خوێندکارانەی تەمەنیان لە خوار دە ساڵیەوەیە و دایک و باوکیان کاردەکەن و تا کاتژمێر چوار ناگەڕێنەوە ماڵەوە، لەوێ مامۆستا و یاردەدەری مامۆستا کاردەکەن و چاودێری منداڵەکان دەکەن و چالاکی جۆراوجۆریان پێدەکەن و هەروەها یارمەتیان دەدەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی خوێندنگا، ئەم شوێنە بە خۆڕایی نییە دایک و باوک پارەدەدەن تا منداڵەکانیان بەتەنها نەبن لە ماڵەوە. 

ئەم وڵاتانەی دڵسۆزی خاک و نەتەوەکەیانن، لە ڕێگا داڕێشتنی یاسای باش و گونجاو بۆ پاراستنی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، بەتایبەتر منداڵ و دابین کردنی ژیانێکی ئاسودە و هیمن بۆیان وە لە ڕێگای داڕێشتنی سستمێکی پەوەردە و فێرکردنی سەردەمیانە بۆ ئەوەی نەوەیەکی خاوەن کەسایەتیەکی باوەڕ بەخۆ وبە معرفەت پێشکەش بەکۆمەڵگا بکەن و بتوانن داهێنان بکەن و نەتەوە و وڵاتەکەیان بەرەوپێش ببەن ولە هەموو ڕووێکەوە گەشەبکات. 

ئەوەی مایەی وەستان و تێڕامانە، لە سەردەمێک کە هەموو وڵاتان خەریکی ئەوەن باشترین یاسا داڕیژن بۆ ئەوەی مافی تاک لە کۆمەڵگا پارێزراوبێت وباشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیانیان بکەن، لە پەرلەمانی عیراق خەریکن یاسایەک دەردەکەن، منداڵ لە خوار دەساڵی کە ناتوانی بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵگری، بەرپرسیاری خێزانێکی پێدەسپێرن و منداڵی لێ زەوت دەکەن و ڕێگا دەدەن بەبێ ڕەزامەندی خۆی بە شووبدرێت. ئەوەی مایەی داخە حکومەتی هەریمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردوە بەرامبەر بەم یاسایە و هیچ هەڵوێستیکی ڕوون و ڕاشکاومان نەبینی ناڕەزایی دەربڕیت دژ بەم نادادیەی بەرامبەر بە ژن و منداڵ و نەوەی داهاتوومان دەکرێت. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن