100وتار

ڕوداوەکانی ئێستا و هەڵەکانی ڕابردوو

9/13/2024 11:42:00 AM
سه‌ركه‌وتی جیهاز

 

ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێ ، ئەو ڕوداوانەی ڕودەدەن بێ پێشینە و بێ کاریگەری ڕابردوو وەک مێژو نیە ، دەتوانین بە مانایەکی تر بڵێین ئەگەر شۆڕش لە قۆناغی شاخ دا هەوڵ بوبێت بۆ دامەزراندنی کارگەیەک ئەوا لە قۆناغی شاردا بەرهەمی ئەو کارگەیە دەبینیت.

 لە ئێستادا ئەوەی لە زمانی سەرکردەکانی شاخەوە دەیبستین بەرهەمی خەباتی خۆیانە کە نەیانتوانی سیستمێک و دەستورێک و هەر چوار دەستەڵاتەکە جێگر بکەن و بنەمای مۆدێلی ناوەڕۆکی ئامانج و دروشمەکانی شاخ بچەسپێنن ، ئەوا دەرئەنجام ئەم پشێویە دەبینن کە لە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵاتدا بۆ نەوەی سەرکردەکانی شاخ دەیبینین.

 ئەوەی لە زۆنی سەوزدا دەگوزەرێ هەمان ڕوداو و قۆناغ بۆ زۆنی زەردیش دەگوزەرێ بەڵام بە شێوەی شاراوە ، کە دەکاتە ئەوەی ئەم سەرکردانە خۆیان خولقێنەری ئەمڕۆی ڕوداوەکانن.

 ڕۆژگارێک خۆشیان هەمان کاریان کردوە ، کە دەبو لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا کوردیش بگۆڕایە ، خۆ ئەگەر جاران بە تفەنگ و چەکی کلاسیکیەوە خەبات کرابێ ئەوا ئەمڕۆ لە ڕوی سەربازییەوە گۆڕانی گەورە ڕویداوە بە تایبەت کە جەنگ چوەتە ئاسمان و درۆنی پێشکەوتو بەتایبەت تەکنەلۆژیای سەردەمی سەربازی ، بەڵام کورد هەر بە هەمان کوالێتی کۆنەوە نمایشی خۆی دەکات و ناتوانێ کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکات ، ئەمەش ئاسایشی مانەوەی هێزەکانی تر وەک مافی پەنابەر بەم شێوە لێکردوە کە دەیبینین.

 هەمو ئەمانە ئەو ئاماژانەن کە کورد لە باشوردا کار بۆ ستراتیژێکی نیشتمانی ناکات و ئەجێندایەکی یەکگرتوی نیە. بە پێچەوانەوە تا ئێستا دوو زۆنی دوو ئیدارەیی کوردی تەواو لاواز کردوە. خۆ ئەگەر بەرژەوەندی وڵاتان لەسەر ئەم جوگرافیا بچوکە نەمێنێ و پشتوانی وڵاتان لە هێڵی بەرژەوەندی بچێتە دەرێ ئەوا ئەم هەرێمە لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردایە و بەرهەمەکەی شۆڕشگێڕەکانی قۆناغی شاخ لێی بەرپرسین کە خۆشیان لەبەردەمی هەڕەشی نەوەی دوهەمدان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن