70وتار

ڕێگایەکی تری خەباتکردن ، دیوی شاراوەی هاتنی پزیشکیان

9/17/2024 4:15:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

بە گشتی ئەو نەتەوە و گەلانەی لە قۆناغەکانی مێژوو دواکەوتون و نەیانتوانیوە جوگرافیا و دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت ، یان بە هۆی بەرکەوتنیان بە دەوڵەتە داگیرکارە بەهێزەکانەوە دووبارە نەیانتوانیوە ببنە دەوڵەت ، ئەوا دوای هەمو قۆناغ و جەنگەکان لە ئێستادا هەر جۆرێک لەو خەباتانەی پێشتر پشتی پێ بەستراوە بە تایبەت خەباتی چەکداری سەرکەوتو نابێت ، ئەگەر چی هەندێ دەستکەوتی بچوکی هەبێت ، چونکە وڵاتە داگیرکارەکان خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هێزێکی سەربازی گەورەن کە نابەرابەری دروست دەکات ، زۆرن ئەو نەتەوانەی لەناو نەتەوە باڵادەستەکان و دەوڵەتەکاندا تواونەتەوە یان بە گوشار ناچار کراون لەسەر خاکی خۆیان سەر بە دەوڵەتی نەتەوەیەکی تر بن ، ئەوەی دەتوانێ کار بۆ مافەکانی نەتەوەکانی تر بکات لەناو دەوڵەتی نەتەوەیەکی تردا خەباتی چەکداری نیە ، بەڵکو دوو ڕێگا هەیە دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت ( پێگەی ناو دەستەڵات لە دەوڵەتدا + فەرهەنگی و کەلتووری ) لە ئێستادا بۆ کورد لەهەر چوار پارچەکەدا باشترین ڕێگەی خەبات چونە ناو کایەکانی دەستەڵاتی ناوەندە و داگیرکردنی پێگە سەرەکییەکان و جومگەکانی دەستەڵاتە لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەکان و پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت ، لێرەوە دەتوانرێ کار لەسەر کاڵبونەوەی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست بکرێ و بەهێزبونی دەوڵەتی نەتەوەکان و مافی گشتی کەمینەکان و نەتەوەکان و فەرهەنگەکان ، لەم ڕێگەیەوە کورد دەتوانێ لە ناوەندی هەر یەکێ لەو چوار دەوڵەتە وەک خەباتێکی سەردەمیانە و نوێ کار بکات بە تایبەت دوای عێراق لە ئێستای سوریادا زەمینە لەبارە ، بۆ تورکیا و ئێرانیش کاربکرێت کورد بچێتە پێگە بەهێزەکانی سوپا و هەر چوار دەستەڵاتەکەوە.

لە عێراقدا کورد دوای سەدام و لە دەستوری عێراقی نوێدا زۆر مافی دابینکراوە ، بەڵام بە هۆی باڵادەستی وڵاتانی زلهێزی ناوچەییەوە وەک پێویستی خۆی نیە و کوردستان لەسەر نەخشەی بەرژەوەندی وڵاتاندا دابەش بوەتە سەر دوو نەخشەی بەرژەوەندی دوو وڵاتی زلهێزی تورکیا و ئێران ، خۆ ئەگەر لە ئێستادا کورد لە هەرێمەکەی خۆیدا درێژکراوەی دوو ئەجێندا بێت و بە مێژویەکی پڕ خوێنی براکوژی تێپەڕی بێت و دوو ئیدارەی و دوو زۆنی هەبێت نەتوانێ ببێت بە یەک پاکجێت ئەوا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پەرتەوازەییە پێویستی بە ڕێگای سەردەمیانە و خەباتی تر و ڕێگای تر هەیە ئەویش پێگەی دەستەڵاتە لە ناوەنددا ، ئەمەش نەک بۆ باشور بەڵکو بۆ ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتیش زۆر گرنگە.

ئەوەی دەتوانرێ زیاتر کاری لەسەر بکرێت ئێرانە پێش تورکیا و سوریاش بەرەو ئاستێکی باش دەڕوا دوای زیندوبونەوەی بەشار و لێدوانەکەی لاڤرۆڤ ، تورک خەباتی مەدەنی تر و شۆڕشی درێژخایەن تر و نەفەسی درێژتری پێویستە چونکە تورک لە قۆناغی نەژاد پەرستی و فاشستیدایە ، ئێران دوای شۆڕشی سپی ( ژن ، ژیان ، ئازادی) بۆ کورد زۆر لەبارە کە بە پلان وەک ئازەرییەکان لە وڵاتێکی فرە نەتەوەیدا هەردوو ڕێگەکە (فەرهەنگی و کەلتوری + چونە جومگەکانی دەستەڵات ) بەکار بهێنێ کار بۆ چونە ناو پێگەی گرنگی سوپا و دەستەڵاتەکان بکات.

هاتنی پزیشکیان ڕاستە درێژکراوەی پلان و ستراتیژی ئێرانی دەبێت بەڵام بە هەمان ئاراستە بۆ کورد وەرچەرخانێکی پلەبەندی باشە ، ئەگەر چی پزیشکان لەبەر نەبونی یەک گوتاری و یەک ئیدارەیی و یەک ماڵی دەبو کۆمەڵێک سەردان وەک دوو میرنشین بکات ، کە ئەمەش دیسانەوە نەخشەی دابەشکاری ئێران و تورکیایە و کوردیش خۆی ناتوانی ئەم بازنەیە تێپەڕێنێ ، بەڵام لە پەنایدا پێگەکەی پزیشکیان بۆ کورد گرنگە وەک ڕێگایەکی تری خەبات ، دەکرێ وەک هەنگاوی یەکەم و پلەبەندی سەرەتایەکی باش بێت بۆ بۆنی کورد لە پێگەی وڵاتانی ناوچەدا کە کوردی تێدایە و خاک و مێژوو زمانی خۆیەتی ، ئەم سەرەتایە و ئاخاوتن بە زمانی کوردی ئەگەرچی سۆزداریش بێت و سەرتایترین مافیش بێت سەرەتای ڕێگایەکی باشە بۆ گەورەتر و مافە دەستورییەکان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن