355وتار

کامیان مەترسییە؟

2/16/2022 6:39:00 PM
بەهمەن تاهیر نەریمان



بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی ئێراق بەقەد بێهوابوونی خەڵک لەم دەسەڵاتەی هەرێم مەترسیدار نییە، مەترسییە قووڵەکە لەناوەوەیە، ناوەوەی مرۆڤی کورد وێرانکراوە. لە ڕاپرسییەکدا، کە پەیجێکی کوردی کردبووی، لە سەت کۆمێنت، نەوەت و پێنجیان دڵیان بە بڕیارەکەی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی ئێراق خۆشە!

بۆ ساڕێژکردنەوەی ئەم ناوە وێرانەیە، دوو ڕێت لەبەرە:
١-عەدەمبوون و وجودپێدانەوە: واتە نەمانی ئەم دەسەڵاتەی خەڵک لێی بێهیوایە، بەدەستی ئەوی تری مەزهەبی، شۆفێنی، نادیموکراتی، گەندەڵ. عەدەمبوونێک ئیتر شتێک نەمێنێت ناوی هەرێم بێت، یان هەرێمێکی مۆمیاکراو، بەفەرمیی، تەهاکان(جەزراوی، محێدین مەعروف)ـت بۆ دادەنێنەوە، کورسییەک، وەک کورسیی دەبینرێت، ئەمما مردویەکی لەسەرە.

لێرەوە، وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردبوون، بە فۆڕمە پوختەکەی چەندین "زارا محەمەد"یت بۆ دەخەنەوە سەر ڕێڕاستەکە، ناوەوەت هیوامەنددەبێتەوە، بەڵام دەرەوەت، داگیرکراوە. هێزە نوێیەکەی کوردبون و کوردستانیبوون، دێت و بەرگریی مانەوەت پێدەبخشێت تا دەرفەتێکی لەبار دێتەپێشەوە، کۆمەڵی مەدەنی، فۆڕمی هەقیقی خۆی، دروستدەکاتەوە.

٢-دەسەڵاتێکی نیشتمانساز و پەروەردەساز کوردستانییان خۆیان بونیادی بنێن. جارێکی تر، بە گێڕانەوەی هیوا بۆ مرۆڤی کوردستانی، کەش سازدەکەن تا مرۆڤ دڵ و پێی بەوڵاتەکەیەوە بەندببێتەوە. دەسەڵاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە، وێرانی کردین، دەتوانێت ئەم بازە بدات؟ خەیاڵپڵاوییە! ئەی گەل دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە ملکەچپێبکات بۆ چاکسازیی ڕیشەیی، ئەمە ڕێڕاستەکەیە.

ئایا ڕێی یەکەم هەڵمان دەبژێرێت، یان ڕێی دووەم هەڵدەبژێرین؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن