61وتار

بەکورتی؛ جارێ دەستپێکی یارییەکەیە

2/28/2025 4:13:00 PM
گەیلان عەباس

بەکورتی؛ جارێ دەستپێکی یارییەکەیە

مانۆڕی پڕۆسەی ئاشتی زۆر دەخایەنێت، دورنییە لەداهاتوشدا بێ ئەنجام کۆتایی پێبێت، هاوشێوەی مانۆڕەکانی ساڵانی 1991 و 2012 بۆ 2015 ....

بۆیە ئەوەی پێی وابێ بەتەنها پەیامێک، یاریەکە کۆتایی پێدێت و پەکەکە چەک دادەنێت!!!، ئەوە بێشک ئاگاداری مێژوی خەبات و مانیفێستی پەکەکەو دیدو ڕوئیاو بیرو باوەڕو نوسین و تێکۆشانی نزیکەی 50 ساڵەی عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی نییە، بەرامبەر بە سیاسەتی پڕ لەجەورو ستەمی 25 ئیدارەی یەک لەدوای یەکی حکومەتەکانی تورکیا، هەر لە بوڵەند ئەجەویدو سلێمان دەمیڕڵەوە تا دەگات بەعەبدوڵا گویل و ئەردۆغان و داود ئۆغڵۆ و بن عەلی یەڵدرم ....

ڕابردو پێی وتین دەشێت بێ ئۆجالان شەڕو خەباتی چەکداری بەردەوام بێت، بەڵام هیچ کات ناکرێت بەبێ ئۆجالان باس لەهێنانەدی پڕۆسەی ئاشتی بکرێت، ئەوەی ئێستاش ڕودەدات، دەستپێکی پێویستی ئەو قۆناغەیە کەهاتوەتە ئاراوە.

پەیامەکەی ئۆجالان شایەنی شیکردنەوەو لەسەر وەستان وخوێندنەوەی زیاتر هەیە، ناکرێت تەنها بڕگەیەکی ببیندرێت و دیو لایەنەکانی دیکەی پەیامەکەی فەرامۆش بکرێت، لەکاتێکدا کەجێبەجێکردنی پەیامەکەش دراوەتە دەست پەکەکەو تورکیا، هیچ خاڵێکیشی بەبێ زەمانەتی  خاڵێکی دیکە نایەتەدی و وەک سڕی سورەیا ئۆندەر گوتی: ڕێبەر ئاپۆ پێی وتین بێگومان بۆپراکتیکی چەک دانان، سەرەتا پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت. لەداهاتوشدا وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە دەخرێتە ڕوو...

دواجار ئەوەی لەسەر ئۆجالان بو کردی، ئۆجالان وەڵامی باخچەلی و ئەردۆغانی دایەوە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوانە بزانین، هەڵوێستی ئەوان لەبارەی مافی هیوا بۆ ئۆجالان و دەستەبەری مافە یاسایی و سیاسی و دیموکراسیی و دەستورییەکان بۆ کورد لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا چی دەبێت ...؟؟

هاوکات، لەپشت ئەم پڕۆسەیەوە جگە لەتورک و کورد، لێکەوتەی گۆڕانکاری ناوچەیی و خواستێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بونی هەیە، ئەگەر هەندێک پێیان وابێ ئەوەی ئەمڕۆ، بڕیاری تاکلایەنەیەو واتای تەسلیمبون و ئاشبەتاڵە (وەک دەیڵێن و دەینوسن) ئەوە بێشک کەوتونەتە هەڵەوە، ڕۆژانی داهاتوش ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە ئەمە تەنها پاسی دەستپێکی یاریەکە بوە ...

دواجار کەس هێندەی ئۆجالان لەڕەگ و ڕیشەی عەقڵیەتی تورک تێنەگەیشتوە. بۆیە دڵنیابن هیچکات ئۆجالان بەو ساناییە ئامادە نابێت قوربانی بدات بە بەجوڵانەوەکەی، ئەگەر زەمانەت یاخود ڕێگە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی لەوڕێگەیەوە بەدەست نەخات، ئەمە لەلایەک.

 لەلایەکی دیکەشەوە کەس هێندەی پەکەکەو سیاسەتمەدارانی باکور، لەخوێندنەوەی کۆدی نهێنی و فێڵ و یارییە سیاسیەکانی سەرکردەکانی تورکیادا شارەزاو بەئەزمون نین، بۆیە لەئێستادا خودی ئۆجالان و سەرکردەکانی دەمپارتی و ڕابەرانی قەندیل و ڕۆژئاوا، کەبۆ خۆیان لەنێو جەرگەی پێشهات و ڕوداوەکاندان، باشتر وێنەکەو دیمەنەکانی پشتەوەشی دەبینن، بۆیە زۆر باشیش دەزانن چی دەکەن و دەبێت چی تریش بکەن لەداهاتودا ....

بۆیە با ئێمەش چاوەڕێ بین و بەئومێدەوە لەدۆخەکەو پێشهاتەکانی داهاتو بڕوانین ...


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن