27وتار

ڕێککەوتنی مەزڵوم و شەرع: سەرنجی سەرەتایی

3/11/2025 1:26:00 PM
سەردار عەزیز

ڕێککەوتنە لەپڕەکەی دوێنێ مایەی سەرسوڕمان بوو. لێرەدا هەوڵدەدەم سەرنجی خۆم لە ڕوی دەق، کات، دۆخەوە بنوسم.

هاڕۆڵد ماکمیلان سەرۆک وەزیرانی بەریتانی بوو لە نێوان ١٩٥٧ بۆ ١٩٦٣. یەکێک لەو قسە بەناوبانگانەی کە چوەتە یادەوەرییەوە ئەوەیە کە جارێک لێی دەپرسن، چی گەورەترین بەربەستە بۆ پیاوی-دەوڵەت: ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ ڕوداو، ئازیزم، ڕوداو.

 

ئەم قسەیە بە سەر کاتی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەدا دەسەپێت. ئەوەی لە کەنارەکانی ناوچە عەلەوییەکان ڕویدا، ئەو ڕوداوە بوو کە پەلەی بەم ڕێککەوتنامەیە کرد. لە ڕوداوەکانی ناوچە عەلەوییەکان هەردوو ئەمریکا و تورکیا گەشتنە ئەو باوەڕەی کە دەکرێت ڕیسەکە بکرێت بە خوریی. بە تایبەتی کاتێک کە سەرتاپا کۆمەڵگای سوریی پەشۆکان و مزگەوتەکان دەستیان کرد بە بانگدان بۆ جیهاد. 

 

ڕوداوەکانی ناوچە عەلەوییەکان چەند شتێکی دەرخست، یەکەم، کۆمەڵگای سونیی تۆقیوە و هێشتا بڕوای بە خۆی نیە کە دەتوانێت ببێت بە خاوەن دەسەڵات، کوتومت وەک شیعەکانی عێراق، بۆیە لە بەردەم هەموو کارێکدا هەوڵدەدات کاردانەوەی توندی هەبێت. 

 

دووەم، پاشماوەکانی ئەسەد زۆر بە زۆڵانە کارەکەیان کرد، کاتێک لە جەبلەوە دەستیان پێکرد و نزیکەی سی سەربازی ئاسایشی گشتییان کوشت. ئەمە بوە مایەی پەشۆکانی کۆمەڵگای سونیی.

 

سییەم، دەرکەوت کە ئەحمەد شەرع دەکرێت بە ئاسانی دۆخەکەی لە دەست دەرچێت بە تایبەتی میلیشیاکانی وەک عەمشەکان و حەمزەکان کە زۆبەیان تورکمانن و سەربە تورکیان، دەستیان لە تاوان نەپاراست. 

 

چوارهەم، تورکیا و ئەمریکا ترسان لە هەماهەنگی ڕوسی ئێران، لە سوریا و شکستهێنانی دۆخەکە. 

 

بۆیە ئامانجی هەنوکەیی ڕێککەوتنەکە لە بیربردنەوەی ڕوداوەکانی ساحلە. 

 

با بێینە ناو دەقی ڕێککەوتنەکە. سەرەتا ڕێککەوتنەکە بە زمانی عەرەبی نوسراوە و منیش خوێندنی سیاسیم هەمووی بە زمانی ئینگلیزییە، بۆیە ڕەنگە مانای پەنهانی پشت چەمکەکان بە تەواوی ڕوون نەبێت بۆم. 

 

یەکەم چەمک بۆ من جێگای سەرنجە، بونی چەمکی مجتمع-ە لە بڕی چەمکی شعب. ڕێککەوتنەکە ناڵێت شعب الکردی، بەڵکو دەڵێت مجتمع. ئەم چەمکە وەک کۆمینیتی کراوە بە ئینگلیزی، کە هەست دەکەم، هەڵەبێت، چونکە، سۆسایەتی ڕەنگە گونجاو تر بێت، چونکە کۆمیونیتی زۆر بچوکە، سۆسایەتی چەندین کۆمیونیتی لە خۆی دەگرێت. بینیم وەک گەل کراوە بە کوردی کە زۆر هەڵەیە.

 

ئەوەی جێگای سەرنجە لا بەندی حەوتدا چەمکی مکونات هاتوە، کە چەمکێکی بێڕەگە لە زانستی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیدا، زیاتر پاش کەوتنی سەدام داڕێژراوە، بۆ خۆ پاراستن لە چەمکی کەمینە کە نەخوازراوە لە هەناو سایکۆ-سۆسیولۆژی ئەم کۆمەڵگایانەدا. لە بەر زاڵبونی دونیابینی هێز لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەس ناوێرێت خۆی وەک کەمینە لە قەڵەم بدات، چونکە ڕاستەوخۆ وەک کەم دەبینرێت. بەڵام دیارە کەمینە ڕەهەندێکی قوڵی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە، کە چەمکەکانی تر نیانە.

 

دیارە بەندەکانی یەکەم و دووەم هەرە گرنگترینن، ئەوانیتر هەموو کاتین. ئەوەی بۆ من جێگای سەرنجە خاڵی دووەمە، کە پەیوەندی کۆمەڵگای کوردی لە گەڵ دەوڵەتی سوریدا دادەڕێژێت، نەک کۆمەڵگای سوریدا. ئەمە دەکرێت وەڵام بێت بۆ نەبونی مافی هاوڵاتیبون لە ڕابوردودا هەروەها بۆ ڕێگریی لە توانەوە. چونکە ئەگەر ئاماژەی بە گەلی سوریا یان کۆمەڵگای سوری بدایە، پەیوەندییەکە دەبوو بە پەیوەندییەکی نادەزگایی و نایاسایی. بەلام پەیوەندی کۆمەڵگا  و دەوڵەت، پەیوەندییەکی دەزگایی و مافیانە و هاوڵاتییانەیە. بۆ نمونە دەکرێت بەشێک نەبیت لە گەلی سوری بەڵام بەشێک بیت لە دەوڵەتی سوری، کە زەمینەی مافی خۆبەڕێوەبردن و پاراستنی تایبەتمەندی دەدات.

 

ئەوەی بەدڵم نیە واژۆکەی ئەحمەد شەرعە کە جەخت لە سەر عەرەبی بونی سوریا دەکاتەوە. ئەم دیدە لە راستیدا شەرع خۆی لە گەڵیدا نیە چونکە پاشخانێکی ئیسلامی هەیە و تورکەکانیش هێندە مکوڕنین لە سەری چونکە دەخوازن پانتایی نیوعوسمانیەت دروست بکەن. وەک دەزانین ئینگلیز لە ڕێگای باوەشێنکردنی سۆزی نەتەوەیی عەرەبیەوە کۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێنا لە ڕۆژهەڵات، دیارە پێشتریش لە بەلقان و یونانیش. بۆیە هەموو عوسمانی مەشرەبەکان دژ بە نەتەوەیی بونن.

 

بەڵام شەرع دەبێت سۆزی ناوەوە و هەروەها کەنداو ڕازی بکات، بە تایبەتی قەتەر کە عروبە یەکێکە لە ئامرازەکانی. 

 

ئەوەی ئەمەی بۆ کورد بە دەستهێناوە هێزی شەرڤانە، تەنها ئەوەش گەرەنتیەتی لە گەڵ پشتیوانی مام سام.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن