رۆژئاوا رێگە راستەکەی هەڵبژارد
3/11/2025 1:31:00 PM
گەیلان عەباس
لەیەکەم رۆژی دەستپێکی شۆڕشی رۆژئاواوە ڕێبەرانی خۆسەری ڕۆژئاوا رایانگەیاند: "بەجەنگ بێت یاخود بەئاشتی، دەبێت لە داهاتودا کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی سوریا دانی پێدا بنرێت و تەواوی مافە زەوتکراوەکانیشی وەربگرێتەوە، هاوکات لەداڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و ئیداری سوریای نوێشدا رۆڵی سەرەکیان پێ بدرێت".
ئەمە خاڵی دەستپێک و پێشمەرجی، شۆڕشگێڕانی رۆژئاوای کوردستان بو، بۆ گفتوگۆکردن و دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق، لە ئەسەدەوە تا جۆلانی .
ئێستاش لەناو جەنگ و ململانێ و گێژاوە سیاسی و ئەمنییەکانی سوریاو ناوچەکەدا، مەزڵوم عەبدی و گەلی رۆژئاوا، بژاردەی ئاشتییان هەڵبژارد و رێگە پێویست و راستەکەیان لەم قۆناغەدا گرتەبەر.
بەڵێ ئەوەی لەیەکەم رۆژەوە بانگەوازیان بۆ کرد وردە وردە کار بۆ بەدەستهێنان و بەدیهێنانی دەکەن... بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە چاوەڕوانییە بۆ سەرکەوتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکە؟!.
هەر لە بەدەستهێنانەوەی مافەکانی کورد بون لەسوریا، تا بگات بە بەهێزبونی پێگە و بەشداری سیاسی و ئیداری و سەربازی کورد لە سوریای داهاتودا، هەر لەدێرک و رمێڵان و قامیشلۆوە تا بگاتەوە بە عەفرین، لەوێشەوە بۆ دیمەشق و سوەیدا و درعا.
بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش هەریەکە لە (ئەمەریکا و تورکیا و روسیا) لەسەرهێڵ دەبن، ماوەی ساڵێکیش بۆ جێبەجێکردنەکەی دانراوە، رۆژئاواش پێش هەر بەخشینێک بەدیمەشق دەسکەوتێکی گەورەی بۆ کورد بەگەرەنتی دەوێت. بۆیە پرسی تێکەڵکردنی داهاتی نەوت و غازی حەسەکە و دێرەزور و رەقە، لەگەڵ داهاتی دەروازە سنورییەکانی سمێلکا و یەعروبیە و نسێبین بە خەزێنەی گشتی سوریا، تا بگات بە پرسی بەڕێوەبردنی یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی رۆژئاوا، بەتایبەت بەڕێوەبردنی زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە لە داهاتودا (بەدیاریکراویش زیندانەکانی داعش)، کارێکی هێندە سانا و ئاسان نییه، وەک لێرەو لەوێ هەندێک باسی دەکەن.
چونکە هەسەدە زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەکات و زۆر ئەستەمیشە وا بەئاسانی ئەو مەلەفانە رادەستی دیمەشق بکات، بەڵکو هەسەدە پێی وایە ئەو ناوەندانە وەک هەمیشه دەبێت لەژێر سەرپەرشتی خۆیاندا بمێننەوە و ئیدارە بدرێن، لە خراپترین دۆخدا ئەگەر هەیە رازیببن لینکێک-یان لەگەڵ دیمەشق بۆ دروست بکرێت (بێگومان لەو نێوانەشدا ئەمەریکا رۆڵی سەرەکی دەبینێت) رونکردنەوە و قسەکانی فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە رایگەیاند:"رێککەوتنەکە بەنێوەندگیریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە و لەبابەتى داعشیشدا هیچ گۆڕانکارییەک دروست نابێت و هەر هەسەدە بەرپرسیاری دۆسیەی داعش دەبێت"
چونکە دواجار پرسی نەوت و غاز و خاڵە سنورییەکان و زیندانەکان، مەلەف و بابەتی چارەنوسساز و هەستیارن بۆ کورد و هەسەدە، بەواتایەکی دیکە بابەتی مەرگ و ژیانن بۆ مانەوەی کورد بە بەهێزی لە سوریادا، بۆیە ئەگەر دیمەشق سور بێت لەسەر وەرگرتنەوەی بێ چەند و چونیان، ئەوا بێشک ئەم بابەتانە دەبنە خاڵی ناکۆکی نێوان هەردولا لە داهاتودا.
لە کۆتایشدا تەواوی ئەو ئیلتیزاماتانەش کە بەپێی رێککەوتنەکە دەخرێتەسەر شانی هەسەدە بۆ جێبەجێکردن، بێگومان لەبەرامبەردا بەشێکی زۆریشی دەوەستێتەوە لەسەر ئاستی راستگۆیی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی خاڵە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی نێو رێککەوتنامەکە.