دەرفەتێکی تر بۆ شەرع
3/11/2025 10:18:00 PM
د.فاروق عەبدول
هەرچەندە فۆکەسی زۆبەی شرۆڤەکان بۆ رێککەوتننامەکەی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق لەسەر رۆژئاوای کوردستانە کە لەدوای کەوتنی ئەسەد قسەوباسی زۆر لەسەر ناڕوونی ئایندەی ئەم ناوچەیە دەکرا بەتایبەت کە لەژێر فشارێکی توندی سەربازی و سیاسیدا بوو. بەڵام دەرهاویشتەکانی ئەم رێککەتنامەیە لە داهاتوودا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان هەرچییەک بێت، لە ئیستادا توانیویەتی بەشێک لە فشارەکان سڕ بکات یان بیڕەوێنێتەوە.. بەڵام دەرفەتەکە بۆ ئەحمەد شەرع زێڕینتر بوو.
- تەوقیتی ئەم رێککەوتنە بۆ شەرع وەکو دەرچوونی نەخۆش بوو لە چاودێری چڕ، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی ساحل کە هێندەی نەمابوو بەرگی (شەرع )ی لێ بکرێتەوەو جۆلانیەکەی بۆ بگەڕێنەوە.
- کێشەی گەورەی شەرع شەرعیەتی دەرەکیە بۆ خۆی و حکومەتەکەی، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاو خۆرئاواوە ، بەپێچەوانەی هەسەدەوە کە پشتیوانیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە، ئەم رێککەوتنە دەرفەت بوو بۆ شەرع تاکو جۆرێک لە شەرعیەت بەدەستبهێنێت و لەوڕێگەیەوە بەشێک لە سزاکانی ئەمریکاو خۆرئاوا سوک بکات و ئاهێک بە بەری ئابورییە داتەپیوەکەی سوریا بهێنێتەوە.
- ئەم رێککەتنە بوەهۆی لابردنی فۆکەس لەسەر رووداوەکانی ساحل کە ببوە باسی رۆژی میدیا جیهانی وراپۆرتە رۆژنامەوانیەکان، ئامادەکاریش کرابوو کە دۆسێی ساحل ببرێتە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئیدانەکردنی شەرع و حکومەتەکەی.
-رووداوەکانی ساحل بۆ شەرع شۆکهێنەر بوو، بۆی دەرکەوت کە لەناوخۆشدا گرفتی گەورەی هەیە وتوانای کۆنتڕۆڵکردنی لەودیو کۆشکە بەجێماوەکەی ئەسەدەوە سنوردارو لاوازە، ئەو هێزانەی کە شەرع هیوای لەسەر هەڵچنیبوون دوو بەشن یەکێکیان بە ویستی تورکیا دەجوڵێتەوەو هێزێکی هەڕەمەکی تاڵانکارو تێکدەرن، ئەوی تریشان کە تێکەڵەیەکی ئیسلامی رادیکاڵن ئەو مۆدێلی بۆینباخە سورەی شەرع-یان بە مێشکیاندا ناچێت و هێشتا لەبیری ئەزمونێکی وەکو تاڵیبانن لە سوریا.
- شەرع دەتوانێت لە داهاتوو پشت بە هەسەدە ببەستێت وەکو هێزێکی دسپلین و جێ متمانەی رۆژئاوا بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەت بەتایبەتی پێکهاتەی هەسەدەش جگە لە کورد، عەرەب و کەمایەتیەکانی ترشی تێدایەو بە پێی راگەیاندراوی رێککەوتنەکەش هەسەدە لەگەڵ یەکپارچەیی سوریاییەو ئەمەش دەرفەتە بۆ دیمەشق بۆ جوڵەپێکردنی هێزەکانی هەسەدە لە دەرەوەی چوارچێوەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا ئەوەی بەرۆژئاوای کوردستان ناسراوە.