838 کوردستان

یەکێتى پۆستى نوێى وەرگرت و پارتیش بایکۆتى کرد

07:49 - 02/07/2024

زەمەن -کوردستانى

 

گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری قەزاو ناحیەكانی پارێزگای نەینەوادا كرا، یەكێتیی سێ پۆستی بەركەوت، پارتی ناڕازیی بوو، بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد.

 

ئەمڕۆسێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبووەوە، بەرپرسی کارگێڕیی قەزاو ناحییەکانی سنوری پارێزگاكەی هەڵبژارد.

 

ئەم هەڵبژاردنە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و (نينوى لأهلها)ى براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پارێزگاكەی نیگەران كرد، بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگایان كرد.

 

ئەوانەی ئەمڕۆ دیاریكران، بریتی بوون لە:

  سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال
خەلیل هابش بە قایمقامی تەلعفەر
رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف
عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر
عەلی محەمەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە
ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
سەردار مەخموری بە قایمقامی مەخمور (لە پشكی یەكێتیی)
داود شێخ جندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ (لە پشكی یەكێتیی)
یاسر شێخ عەساف بە بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ (لە پشكی یەكێتیی)
عوبەید خەلیل ئەحمەد بە بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار

 

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم گۆڕانكارییانە بە نایاسایی ناو دەبات، بەهۆی ئەوەی بەوتەی ئەوان بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووەو پێچەوانەی ناوەڕۆکی نوسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە، کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت، تا دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ گۆڕانکاری لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان یەکلایی دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن