دەستەى گشتیى ناوچە کوردستانییەکا: دواى نیو سەدە زەویوزارى داگیرکراوى ناوچەکە بۆ کورد گەڕایەوە
07:57 - 21/01/2025
زەمەن - کوردستانى
دەستەى گشتیى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم راگەیەندراوێکى لەبارەى پەسەندکردنى یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى هاووڵاتیان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە.
لە راگەیەندراوەکەى دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمدا هاتووە، ئەمڕۆ سێ شەمە ٢١-١-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق، دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغداد. ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەم هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قوڵتر و ڕووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات.
راشیگەیاندووە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا و لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەی عێراق.
هەروەها دەڵێت، ئەوەش بە بیری هەموو لایەک دەهێنینەوە هەوڵی پێکەوەیی و خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی کوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەکانمانە، ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات.