میدیا و کۆمەڵگە: رێکخستنەوەی پەیوەندییە ئۆرگانییەکان
1/16/2025 12:10:00 PM
لاوک سەلاح
قسەیەکی
پەرش و بڵاو لەسەر رۆڵی میدیا وەک تیۆر و پرۆژە دەکرێت، بەڵام توانایەکی کەم بۆ
دارشتنی دیدێکی خۆماڵی تۆکمە بۆ میدیا تەرخان دەکرێت. لە راستیدا، خستنە رووی زانیاری
و کۆکردنەوەیان مانای شارەزابوون لە بوارێکی تایبەتدا ناگەیەنێت، ئەوەی گرنگە بەرهەمهێنانی
دیدێکی ناواخنە کە هەمیشە من جەخت لە بوونی دەکەمەوە، بەمانایەکی دیکە زانیاری دەبێت
هەڵگری خەسڵەت و رەهەندە نیشتمانییەکان بێت، زانیاری بە شێویەکی گشتی، خۆی لە خۆیدا
یەکەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو چر و پڕە لە بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری، بۆ
نموونە، بەهای دکتۆرێک کاتێک زیاتر دەبێت کە کارەکەی دەکاتە پرۆژەیەکی نیشتمانی، نەوەک
بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگە بێت.
بە هیوام، ئەم هەوڵە بچووکانەی بەندە،
ببنە بناغەیەک بۆ کارکردن لەسەر هێنانەکایەی چەمکێکی فراوان بۆ میدیا کە کردە بێت
و لە تەمتومانی کێشە و ململانێ و پێشبرکێ ناڕەواکاندا هەنگاوێک بچێتە پێش.
ساڵی
پار، پرۆژەیەکمان سەبارەت بە دارشتنی میدیای نیشتمانی وەک پرۆژە و میکانیزمی کار بڵاو
کردەوە، خۆشحاڵ بووم لە لایەن وەزیری رۆشنبیری، پەیوەندیم پێوەکرا و ئاگاداری کردم
کە پرۆژەکە خراوەتە کۆبوونەوەی هەفتانەی وەزارەتەوە. هیوادارم وەزارەت بتوانن ئەم
ساڵ یان لە ئاییندەیەکی نزیکدا کاری زیاتری لەسەر بکەن و فراوانی بکەن.
ئەم
ساڵ، بەردەوام دەبم لە تەواوکردنی تەوەرە پەیوەندیدارەکانی کتێبی "دامەزراوە
و میدیا"، هیوادارم، پێکەوە، لەگەڵ کتێبەکانی دیکەی چاپکراودا: "دامەزراوە
و ریفۆرم" و "دامەزراوە و گەندەڵی" یارمەتی دارشتنی دیدێکی سیاسی عەمەلی
بۆ میدیای نیشتمانی بێنێتە کایەوە، دیدێکی کەلتووری و سیاسی گشتگیر بۆ میدیا کە کۆڵەکەیەکە
لە کۆڵەکە ستراتیژییەکانی دەوڵەتداری و حکومڕانی و تەرجەمەکردنی بنەماکانی دیموکراسی.
شارەزابوون
لە یەک دونیا، ناوەوە یاخود دەرەوە، هەریەکەیان بە جیا و بەتەنها، یارمەتی دامەزراندنی
پرۆژەی لەو جۆرە نادات. پێویستمان بە دیدێکی سیاسی و پیشەیی هاوسەنگ هەیە لە نێوان
هەردوو دونیاکەدا. لە لایەک، توانایەک هەبێت دونیا فراوانەکەی دەرەوە برژێنێتە دونیای
ناوەوە و تەوەرەکانی وردە وردە فراوان بکات، و لەلایەکی دیکەوە دونیای ناوەوە بە
زانیاری چەوت و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ مەبەستی تایبەت نەشوێنرێت.
دامەزراندنی
پرۆژەی لەو جۆرە، بەو قورساییە، هەم کات و سەردەم و هەم توانایەک لە ئاستێکی باڵا
و هەم بودجەی فراوان دەخوازێت کە بە باشی بەکار بێت، لە نموونە جوانەکان بوونی ئەو
دیدە، ئەو "ئەدەب"ەیە کە نوسەری بەرەچەڵەك فەڵەستینی، "جبرا ئیبراهیم
جەبرا"، نوێنەرایەتی دەکات، جەبرا لە کەسایەتییە دەگمەنەکانە کە توانایەکی گەورەی
لە کارکردن لە نێوان شارستانیەتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا هەبوو، لە هەمان کاتدا، شارەزای
موتەنەبی و شکسبیر بوو. ئەم نموونەیە، لە دونیایەکی گەمارۆدار و ستەمکاردا کاری دەکرد،
لە سەردەمی ئەودا، ئەو تەکنەلۆجیایەی ئەمرۆ لە ئارادایە، بوونی نەبوو. ئێستا لە دۆخی
کرانەوەی کەلتوورەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای میدیا و نوسین و پەیوەندیکردن، تا
دێت بوونی ئەو جۆرە لە فیکر و لە ئەدەب و رۆشنبیری کاڵ دەبێتەوە.
هەموو
لەسەر ئەو راستییە کۆکیین کە میدیا یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دامەزراندنی
"حکومرانی باش". ئەم راستییەمان لە چەندان بۆنەدا دووپاتکردۆتەوە، بەڵام
قسە نوێکە ئەوەیە؛ کاری نەکردەیە، ئێمە لەو قۆناغەوە دەستپێبکەین کە رۆژئاوا لە ئێستادا
تێیدا دەژێت، رۆژئاوا ئەو کاتەی دەستییان کرد بە پەیرەوکردنی بنەماکانی ئازادی کاری
میدیایی هێشتا تەکنەلۆجیای پەرەسەندوو لە ئارادا نەبوو، کۆمەڵگە ئەو پێشکەوتنە پیشەسازی
و بازرگانییەی بە خۆیەوە نەدیبوو، پەرەسەندنی بنەماکانی دیموکراسی کە میدیا بەشێکی
ستراتیژی گرنگە، لەسەرەتادا بەهۆی تەکنەلۆجیاوە پەرەیان نەسەندووە، بەڵکو ئەوە پەرەسەندنی
هەموو بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگە بوو هەر لە سیاسەتەوە تا سەوداکردنەکانی نێو بازاڕ کە پێویستی بە بوونی میدیا هەبووە، هەر بۆیە،
گرنگە ئێمە تێگەیشتنمان لەسەر فراوانکردنی تەوەرەکانی ژیانمان هەبێت تاوەکو باشتر
میدیا و تەکنەلۆجیا بەکاربهێنین و لاسای ئەزموونی رۆژئاوا نەکەینەوە.
لە
ئێستادا، میدیای کوردی، بەداخی زۆرەوە، بەتەنیا ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە
تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی بەدەستەوەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێشتا پرۆسەی دەوڵەمەندکردن
و فراوانکردنی تێگەیشتنە سەرەکییەکانی دیکەی کۆمەڵگە کە یارمەتی کاری میدیا وەک
بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دارایی و کەلتوور هاوشان بەو تەکنەلۆجیایە
پەرەی نەسەندووە.
لە
دۆخی ئێمەدا هێشتا تەکنەلۆجیا یارمەتی پەرەسەندنی کرۆکی ئەو بوارانەی نەداوە، بەڵکو
ئەو بوارانە، خۆرسکانە، وەک خۆیان بەرجەستەن، رەنگە ئەک کارە ئەرکی تەکنەلۆجیاش نەبێت.
ئەم راستییە، کاریگەری لەسەر شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای میدیا هەیە، بۆ نموونە،
لە بری ئەوەی تەکنەلۆجیای میدیا یارمەتی فراوانکردنی سیاسەت بدا، لای ئێمە تەکنەلۆجیا
کەلتووری سیاسەت وەک خۆی دەردەخات. کاری کۆڵەکەکانی دیکەی کۆمەڵگەیە بە بەکارهێنانی
تەکنەلۆجیا، بەشێوازی جیاواز و پێشکەوتووتر بەرهەم بهێنێتەوە، بۆ نموونە. بیست ساڵ
بەر لە ئێستا وا رێکەوت لە وڵاتی سوریاوە سەردانی کوردستان بکەم و یەکەم جار بوو
شاری دیمەشق ببینم، ئەو کات بە بەرهەمی زۆر لە ئەدیبانی سوریا ئاشنا بووم، کە یەکەم
جار لە ناوەراستی شەقامەکان وێنەی سەرۆکی وڵاتم لە شوێنە بازرگانییەکان و ریکلامەکان
بینی، ئەو سەرنجەم لا دروست بوو کە سێکتەری بازرگانی کراوەتە قوربانی سێکتەری سیاسەت،
وێنەکانی سەرۆک هەموو شوێنە بازرگانەکان و ریکلامەکانی تەنیووە، تەکنەلۆجیای میدیا
لەو جۆرە دۆخەدا، یارمەتی رێکخستنەوەی هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە هاوشان بەیەکتر نەدا،
بەمانایەکی قووڵتر ئەو تێگەشتنە باوەی کە بۆ باڵادەستی بواری سیاسەت هەیە تۆتالیتاریەتی
سیاسی بەرهەم دەهێنێتەوە و تەکنەلۆجیای میدیا بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنێت و بە رەوای
خۆی دەزانێت لەو پێناوەدا هەموو کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە بکاتە قوربانی و دواتر کۆمەڵکەش
خۆی وەک یەک یەکە.
پوختەی
قسە:
ئێستا، کاتی تەواوی
خۆیەتی وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ئەرکی میدیا لە نێو کۆمەڵگەدا بدەینەوە، میکانزمێک بۆ ئەو مەبەستە
کاری لەسەر بکرێت. پرسیارەکانی وەک پێناسەکردنی دەستەڵات و ئەرکی میدیا لە کۆمەڵگە
چییە؟ ئەو پەیوەندییە رێکخستنەوە دەخوازێت، لە هەڵچنینی دیوارەکانی ماڵێک دەچێت.
پرسیارگەلی سەرچاوەکانی میدیا چۆن دابین دەکرێت؟ میدیای سەربەخۆ مانای چییە؟ کاریگەرییەکانی
میدیای ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستان تا کوێ گەیشتوون و بەرەو کوێمان دەبات؟ رۆڵی میدیا
لە کایەی سیاسی و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا چۆنە و چۆن بووە؟ لەگەڵ باسکردنی تەلەفزیون
و سۆشیال میدیا و میکانیزمەکانی دیکەی میدیا، گرنگە کار لەسەر ناوەرۆک و بابەتەکانی
نێو میدیا بکەین، کاری لەم جۆرە رەوایەتی میدیا بەرجەستە دەکات لە هەر سەنگەرێکدا
بێت، ئەگەر دەستەلات یاخود ئۆپۆسیزیۆن بێت.